
لە کاتێکدا سنووری نێوان مرۆڤ و ئامێر وردە وردە دەسڕێتەوە، چین بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەرەوە پێشەنگایەتیی شۆڕشێکی نوێی تەکنەلۆژی دەکات و داهاتووی مرۆڤایەتی لەگەڵ رۆبۆتە هاوشێوەکانیدا لەسەر شەقام و کارگە و ماڵەکانیدا لە نوێوە دادەڕێژێتەوە.
لە دڵی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی جیهاندا، چین لە هاوردەکارێکی سادەی رۆبۆتی پیشەسازییەوە بووەتە داهێنەرێکی پێشەنگی جیهانی لە بواری رۆبۆتی هاوشێوەی مرۆڤدا. ئەم بەڵگەفیلمە گەشتێکی قووڵە بەنێو ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژییەدا کە چین لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە و، ئێستا بووەتە گەورەترین بازاڕ و بەرهەمهێنەری رۆبۆت لە جیهاندا.
بەڵگەفیلمەکە لە کارگەکانی کۆمپانیای پێشەنگی وەک "ئێکس رۆبۆت" لە شاری دالیان، وردەکاریی پرۆسەی دروستکردنی ئەو رۆبۆتانە دەخاتەڕوو کە بەهۆی وردیی جووڵە و دەربڕینی دەموچاویانەوە، بە ئەستەم لە مرۆڤ جیادەکرێنەوە. ئەم ئامێرە زیرەکانە کە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، 5G و مۆدێلە زمانییە گەورەکانەوە بەهێزکراون، چیتر تەنیا بۆ کاری پیشەسازی بەکارناهێنرێن، بەڵکو رۆڵێکی بەرچاو لە کەرتی پزیشکی، خزمەتگوزاری، یارمەتیدانی بەساڵاچووان و تەنانەت وەک هاوەڵی رۆژانەشدا دەگێڕن.
لەکاتێکدا حکومەتی چین بە وەبەرهێنانی دەیان ملیار دۆلار پاڵپشتیی ئەم کەرتە دەکات، پرسیار و نیگەرانییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان دێنە ئاراوە. ئایا زیادبوونی رۆبۆتەکان پەیوەندییە مرۆییەکان کەمدەکەنەوە؟ ئایا دروستکردنی رۆبۆتێک کە بتوانێت منداڵی ببێت، پێگەی پیرۆزی دایکایەتی ناخاتە مەترسییەوە؟
بەڵگەفیلمەکە بەدواداچوون بۆ ئەم کێشە سەرەکییانە دەکات و دیدگەی شارەزایان و داهێنەران لەخۆدەگرێت، کە پێیانوایە رۆبۆتەکان وەک مۆبایلە زیرەکەکان دەبنە بەشێکی دانەبڕاوی ژیانمان. لە رۆبۆتی نەشتەرگەرییەوە کە بە وردییەکی سەرسوڕهێنەرەوە کاردەکات، تاوەکو سەگی رۆبۆتی لە شەقامەکاندا و پاڵەوانیەتیی تۆپی پێی رۆبۆتەکان، "رۆبۆتەکانی چین" تیشک دەخاتە سەر ئەو راستییەی کە شۆڕشی رۆبۆتەکان چیتر خەیاڵ نییە، بەڵکو راستییەکە کە دڵەکەی لە چین لێدەدات و پرسیارە گەورەکەش ئەوەیە: ئایا مرۆڤایەتی ئامادەیە بۆ ئەو جیهانە نوێیەی کە تێیدا لەوانەیە جیاکردنەوەی مرۆڤ لە ئامێر کارێکی ئاسان نەبێت؟
پرۆدیوسەر و پێشکێشکار
مەهدی فەرەج
وێنەگرتن
خێ شوان
بەرهەمی ساڵی 2026