
بەڵگەفیلمەکە لە وێستگە سەرەتاییەکانی ژیانی هەڵکەوتەوە دەست پێدەکات؛ لەدایکبوونی لە ساڵی 1989 لە هەولێر، منداڵییەکی پڕ لە زیرەکی و حەزێکی زوو بۆ کاری میدیایی، کە تەنانەت لە یەکەم رۆڵی شانۆیی خۆیدا وەک پەیامنێر دەرکەوت. پاشان پەیوەندیکردنی هەڵکەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوەوە. ئەم رووداوە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی پیشەیی هەڵکەوتدا و دەرگایەکی نوێی بەڕوودا دەکاتەوە. لە کەرکووک، بە خێرایی و بوێری لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا ناسرا، بەتایبەت لە کاتی گرژییەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا کە بەهۆیەوە ناچار بوو شارەکەی بەجێبهێڵێت.
دواتر بەڵگەفیلمەکە تیشک دەخاتە سەر قۆناخی کارکردنی لە بەغدا. لەوێ، هەڵکەوت ستایلێکی نوێی لە کاری رۆژنامەوانیی کوردیدا داهێنا. ئەو تەنیا پەیامنێری نێو پەرلەمان و کۆبوونەوە سیاسییەکان نەبوو، بەڵکو چووە نێو کۆڵانەکانی بەغدا و چیرۆکی خەڵکی ئاسایی دەگواستەوە. بایەخی سەرەکیی ئەو، پرسی بژێوی و مووچەی خەڵکی کوردستان بوو و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ بینەرانی بهێنێت. لە هەمان کاتدا، وەک چەترێک بۆ رۆژنامەنووسانی کورد و عەرەب لە بەغدا، نووسینگەی رووداوی کردبووە ماڵی هەمووان و بە بەخشندەیی زانیارییەکانی لەگەڵ هاوپیشەکانیدا هاوبەش دەکرد. بوێرییەکەی گەیشتە ئەو رادەیەی کە لە کاتێکدا هەمووان لە رۆژئاوای کوردستان هەڵدەهاتن، ئەو بۆ رووماڵکردنی شەڕ رووی تێکرد.
بەشی کۆتایی بەڵگەفیلمەکە، بە گێڕانەوەی ساتە دڵتەزێنەکانی رووداوی هاتووچۆکە دەگاتە لووتکە، کە تێیدا هەڵکەوت لە رێگەی بەسرە گیانی لەدەست دا. ئەم رووداوە، هەمووانی تووشی شۆک کرد و پرسە خۆڕسک و بەرفراوانەکەی خەڵک، سەلماندی کە هەڵکەوت تەنیا رۆژنامەنووسێک نەبوو، بەڵکو بووبووە کوڕی هەموو ماڵێک. بەڵگەفیلمەکە بە پەیامێکی روون کۆتایی دێت: هەڵکەوت عەزیز ژیان و مردنیشی بووە عیبرەت؛ ئەو سەلماندی کە راستگۆیی لەگەڵ خەڵک و دڵسۆزی بۆ پیشەکەت، دەتوانێت ناوت لە مێژوودا بە زیندوویی بهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر گەشتەکە کورت و پڕ لە مەترسیش بێت.
پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود
دەرهێنەر: ئاری ئەمین
مۆنتاژ و رەنگ: بڕوا عومەر
ئەم بەڵگەفیلمە لە رۆژی 18ی تەممووزی 2026، لە مەراسیمی چلەی هەڵکەوت عەزیز لە کەرکووک، نمایشکرا.