دەربارە
دوای چەندین ساڵ لە وشکەساڵی و کەمبارانی کە بووە هۆی چۆڵبوونی
گوندەکان و وشکبوونی باخەکان، ساڵی 2026 وەک ساڵی ژیانەوە لە مێژووی هەرێمی
کوردستاندا تۆمار دەکرێت. ئەو بارانە زۆرەی لەم ساڵەدا باری، نەک تەنیا ڕیکۆردی 100
ساڵەی شکاند، بەڵکو زەوییە تینووەکانی کوردستانی تێر ئاو کرد و ژیانی بۆ کەرتی
کشتوکاڵ و سروشت گەڕاندەوە.
لە بێئاوید بۆ بووژانەوە
جووتیارانی
ناوچە جیاوازەکانی کوردستان باس لە رۆژانی سەختی وشکەساڵی دەکەن. باخەوانێکی
ناوچەی هەورامان دەڵێت:"پێشتر هەنار و گوێزی باخەکەم وشکبوون، بە ناچاری ئاوی
خواردنمان لە هەڵەبجەوە دەهێنا و گوێزمان لە بازاڕ دەکڕی، بەڵام ئێستا هەموو شتێک
گۆڕاوە. دەڵێت" ئەو گۆڕانکارییەی لە ساڵی 2026دا روویدا، تەنیا باران نەبوو،
بەڵکو موژدەی گەڕانەوەی جووتیار بوو بۆ سەر زەوییەکانیان.
بەنداوی دهۆک، سەرڕێژبوونی ئاو و گەشتیاری
لە
دهۆک، دیمەنەکە تەواو جیاوازە. بەنداوی دهۆک کە لە ساڵانی 2021 بۆ 2025 بەهۆی
کەمیی بارانەوە ئاستی ئاوەکەی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیبوو، لە ساڵی 2026دا
نەک تەنیا پڕبووەوە، بەڵکو سەرڕێژی کرد.
بەرپرسانی
بەنداوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پتر لە 700 ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش بووەتە
هۆی کۆبوونەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو. ئەم زۆرییەی ئاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر
ئاوی ژێر زەوی و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکەش دروست کردووە.
قەرەداخ و دەربەندیخان، تەقینی کانیاوەکان
ناوچەی
قەرەداخ کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەدەست وشکەساڵییەوە دەیناڵاند، ئێستا کانی و
سەرچاوە ئاوییەکانی تەقیونەتەوە. جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن چەندین ساڵ بوو
نەماندەتوانی کشتوکاڵی تەڕە وەک تووتن و مەرەزە بکەین، بەڵام ئەمساڵ گەشەی دار و
درەختەکان بێوێنەیە. لە بەنداوی دەربەندیخانیش، ئاستی ئاو گەیشتووەتە قۆناخێکی
دڵخۆشکەر کە هەم بۆ خواردن و هەم بۆ سامانی ماسی و کشتوکاڵ سوودی لێ دەبینرێت.
دەریاچەی دووکان، پاراستنی زێڕی شین
دەریاچەی
دووکان کە گەورەترین کۆگەی ئاوی هەرێمی کوردستانە، چیرۆکێکی تایبەتی هەیە. دوای
ئەوەی لە ساڵی 2025دا نزمترین ئاستی داهاتی ئاوی تۆمارکرد (کەمتر لە یەک ملیار
مەتر سێجا)، لە ساڵی 2026دا جارێکی دیکە بووژایەوە.
بەڕێوەبەری
بەنداوەکە دەڵێت:"ئێمە پێی دەڵێین زێڕی شین. ئەم ئاوەی ئەمساڵ کۆمان
کردووەتەوە دەبێت زۆر بە وریایی ئیدارەی بدەین، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا بەردەوامە و
رەنگە ساڵانی داهاتوو دیسانەوە وشکەساڵی بێتەوە."
سروشت و باڵندە کۆچەرییەکان
ژیانەوەی
2026 تەنیا مرۆڤی دڵخۆش نەکرد، بەڵکو ژینگەی کوردستانیشی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ
باڵندە کۆچەرییەکان. ئەمساڵ لەسەر رووباری زێی بچووک، ژمارەیەکی بێشومار لە
باڵندەی فلامینگۆ دەبینرێن، کە دیمەنێکی ناوازەیان بە سروشتی ناوچەکە بەخشیوە.
گۆڕینی فەلسەفەی بەکارهێنانی ئاو
شارەزایان
و لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرچەندە ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ
بەرەکەت بوو، بەڵام نابێت دەست بە خەسارکردنی ئاوەوە بکرێت. داوا لە هاونیشتمانیان
دەکرێت لە کاتی گەشت و سەیرانەکاندا ژینگە بپارێزن و حکومەتیش ستراتیژێکی نوێ بۆ
بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان دابڕێژێت، تاوەکو زێڕی شین و سەرجەم بەندا و ناوچە
گەشتیارییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو وەک گرەنتیی ژیان بمێننەوە.
دەرهێنەر و وێنەگر: حەیدەر عومەر
مۆنتاژ و دەنگ: سارۆیان ئیسماعیل
بەرهەمی ساڵی 2026