
خێڵی کۆرۆوای، لە قووڵاییەکانی سێیەم گەورەترین دارستانی باراناویی جیهان لە هەرێمی دوورەدەستی پاپوای ئیندۆنیزیا دەژین، کە ناوچەیەکە بە زۆنگاو و رووباری خێرا داپۆشراوە. ئەم خێڵە بەهۆی شێوازی ژیانی جیاواز، نەریتە کۆمەڵایەتییە تایبەتەکانیان، بەتایبەتیش ئەو دەنگۆیانەی باس لە خواردنی گۆشتی مرۆڤ دەکەن، بۆ ماوەی دەیان ساڵە بوونەتە جێگەی سەرنجی مرۆڤناس، گەشتیار و توێژەران لە سەرانسەری جیهاندا. شێوازی ژیانیان لەنێو خانووەکانیان لەسەر دارە بەرزەکان، کە بۆ پاراستنیانە لە رۆحی خراپ و مەترسییەکانی دارستان، یەکێکە لە دیارترین تایبەتمەندییەکانیان.
بەهۆی سەختیی گەیشتن بە شوێنی ژیانی کۆرۆواییەکان، توێژینەوەی ئەکادیمی و ورد لەبارەی داب و نەریت و تێڕوانینیان بۆ جیهانی دەرەوە وەکو پێویست نەکراوە. ئەم دابڕانە جوگرافییە بووەتە هۆی ئەوەی زانیارییەکان لەبارەیانەوە سنووردار بن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کەمە توێژینەوە و راپۆرتە میدیاییانەی لەبارەیانەوە بڵاوکراونەتەوە، زۆرجار وێنەیەکی ورووژێنەریان کێشاوە و وەک "دوایین خێڵی مرۆڤخۆری جیهان" ناویان دەهێنن، هەرچەندە مرۆڤناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم خووە رەنگە رێوڕەسمێکی ئاڵۆز بووبێت بۆ سزادانی ئەوانەی بە "جادووگەر" دانراون نەک بۆ بەدەستهێنانی خۆراک.
تۆڕی میدیایی رووداو، وەک تاکە دەزگای میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و یەکێک لە دەزگا میدیاییە کەمەکانی جیهان، توانیویەتی سەردانی ئەو ناوچە دوورەدەستە بکات. لە ئەنجامی ئەو گەشتەدا، بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ژیان و کلتووری خێڵەکە بەرهەمهێناوە، کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر راستییەکانی ژیانی رۆژانەیان. ئەم بەرهەمە ناوازەیە بەهۆی گرنگیی بابەتەکەی و کوالێتیی بەرهەمهێنانییەوە، بووە براوەی خەڵاتی بەنێوبانگی وێبی (Webby Award) بۆ ساڵی 2024، کە بە "ئۆسکاری ئینتەرنێت" ناسراوە.
پێشکێشکار: رۆژ عەلی زاڵە
وێنەگرتن و دەرهێنان: بەیار حەکیم
مۆنتاژ و رەنگ: بڕوا عومەر
بەرهەمی ساڵی 2023