بەڵگەفیلمێک جوانییەکانی هەورامان لە ئاسمانەوە پێشان دەدات.
هەورامان، ناوچەیەکی شاخاوییە بە رووبەری 7 هەزار هێکتار کە لە رۆژئاوای ئێرانەوە تاوەکو رۆژهەڵاتی عێراق درێژدەبێتەوە. بەشی سەرەکیی ناوچەکە دەکەوێتە پارێزگاکانی سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی بچووکتریشی دەکەوێتە پارێزگای هەڵەبجە لە باشووری کوردستان.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، هەورامییەکان زیاتر لە 3 هەزار ساڵ پێش زایین لەم ناوچە شاخاوییەدا نیشتەجێ بوون. ئەوان بە زمانی هەورامی قسە دەکەن کە لقێکە لە شێوەزاری گۆرانی و خاوەنی کولتوور و شارستانیەتێکی تایبەت بە خۆیانن. دانیشتووانی کۆنی هەورامان پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی بوون. لێکدانەوەی ناوی "هەورامان"یش بە "ماڵی ئاهورامەزدا" دەکرێت، کە ئاماژەیە بۆ پەیوەندیی قووڵی ناوچەکە بەو ئایینە کۆنەوە.
بەڵگەفیلمی "هەورامان، لە ئاسمانەوە" بینەران دەباتە گەشتێک بەنێو جوانیی سرووشت و شوێنەوارە دێرینەکانی ناوچەکەدا. ئامانج لەم بەرهەمە، پاراستنی میراتی کولتووری و سرووشتیی هەورامان و ناساندنی بە نەوەکانی داهاتووە.
دەرهێنان و مۆنتاژ: مەهدی تاڵەبانی
بەرهەمی ساڵی: 2025