
مەسقەت، پایتەختی عومان، بەهۆی رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە و رۆژئاوا، وەک پایتەختی ئاشتەوایی کەنداو ناسراوە. تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو زیاتر لە 2000 کیلۆمەتریان لە هەولێرەوە بۆ مەسقەت بڕیوە، تاوەکو بەدواداچوون بۆ بنچینەی زمانێکی ونبوو بکەن و بزانن ئاخۆ کۆمزارییەکان کوردن و زمانەکەیان سەربەخۆیە یان شێوەزارێکی کوردییە.
کۆمزارییەکان هۆزێکن لە پارێزگای موسەندەمی عومان دەژین و گوندێکیان بەناوی کۆمزار هەیە. بۆ گەیشتن بەوێ، سەرەتا لە مەسقەتەوە بە فڕۆکە گەشتەکە بۆ پارێزگای موسەندەم لە باکووری عومان دەستپێدەکات و دوای کاژێرێک دەگەینە خەسەب کە ناوەندی پارێزگاکەیە. لەوێوە، لە کەناری دەریای عومان، تاکە رێگە بۆ گەیشتن بە کۆمزار، رێگەی دەریایە. گەشتەکە بە بەلەم 40 کیلۆمەتر دەخایەنێت. عەبدوڵڵا کۆمزاری، کاپتنی بەلەمەکە کە 35 ساڵە لەنێوان کۆمزار و خەسەب هاتووچۆ دەکات، دەڵێت، "پشتیوان بە خودا بە 40 خولەک دەگەین." عەبدوڵڵا باس لە مەترسییەکانی دەریا دەکات و دەڵێت، "دەریا زۆرجار مەترسیدارە و شەپۆلەکانی بەرزن. ئەگەر کەشوهەوا باش نەبێت نایەینە دەریا." بەدرێژایی رێگەکە، دیمەنی شاخ و گەرووی هورمز لەگەڵ باڵندە و دۆلفینەکان، سەرنجڕاکێشە. دوای زیاتر لە کاژێرێک، گوندی کۆمزار دەردەکەوێت.
کۆمزار گوندێکی دوورەدەستە و زیاتر لە 4000 کەس لە 270 ماڵدا دەژین. جگە لە فەرمانبەریی حکومی، زۆربەی دانیشتووانەکەی بژێوییان لەسەر راوەماسییە. بەدر کۆمزاری، کە ماسیگرە، دەڵێت، "باشترین کات بۆ راوەماسی هاوینە. لە نوێژی بەیانییەوە دەچینە دەریا و هەندێکجار 1000 کیلۆ ماسی راودەکەین." سەرەڕای ئەوەی خوێندن بە زمانی عەرەبییە، کۆمزارییەکان بەهۆی پاراستنی کولتووریان، زمانەکەیان نەوە دوای نەوە پاراستووە. محەممەد حەسەن، خانەنشینێکی گوندەکەیە و دەڵێت، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و کۆمزارییەکان نابینم. کاتێک ئێوەم بینی، هەستم کرد لە کولتوور، خواردن و زماندا وەک یەکین." ناوبراو ئاماژە بە چەندین وشەی هاوبەش دەکات وەک: دەست، لنگ، ریش، روو، گۆش، مۆخ، پا و ورگ.
هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو باسی مێژووی کۆنی کۆمزار ناکات، بەڵام لە سەدەی 16 و 17 لەژێر دەسەڵاتی پۆرتوگالییەکاندا بووە. دانیشتووانەکەی دەڵێن، مێژووی گوندەکە بۆ زیاتر لە 3000 ساڵ دەگەڕێتەوە و هەندێک لێکۆڵینەوەی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی ساسانییەکاندا بووە. مەکسیم تابت، زمانناسی فەرەنسی دەڵێت، کۆمزارییەکان پیتەکانی (ێ، ۆ، چ، پ، ڵ) بەکاردەهێنن کە تەنیا لە زمانی کوردی و فارسیدا هەن. عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە، دەڵێت، "زمانی کوردی نزیکترین زمانە لە کۆمزاری."
جێناوەکان:
کۆمزاری: مێ هامتم، تو هامتی، یێ هامت
کوردی: من هاتم، تۆ هاتی، ئەو هات
رەنگەکان:
کۆمزاری: سپیر، سیا، سەوز، سورخ، زەرد
کوردی: سپی، رەش، سەوز، سوور، زەرد
دوورەدەستیی گوندەکە و نەبوونی رێگەی وشکانی، وایکردووە بەشێک لە کچان دوای تەواوکردنی قۆناخی ئامادەیی، لە خوێندنی زانکۆ بێبەش بن. خەدیجە محەممەد، یەکێک لە کچانی گوندەکە، دەڵێت، "ناوم لە زانکۆی نزوی دەرچوو، بەڵام نەچووم، چونکە زۆر دوورە و دەبێت بە بەلەم، فڕۆکە و پاس گەشت بکەم." مەکییە حەسەن کۆمزاری، لێکۆڵەر و نووسەری فەرهەنگی کۆمزاری، باس لەو گریمانەیە دەکات کە رەنگە کورد لە دێرزەمانەوە کۆچیان کردبێت بۆ ناوچەکە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "پێویستمان بە بەڵگەی زانستییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە."
رێکخراوی یونسکۆ زمانی کۆمزاری خستووەتە لیستی ئەو زمانانەی کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. کەمیی ژمارەی قسەکەر و نەبوونی پەیوەندیی جوگرافی لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکان، ئەو مەترسییەی زیاتر کردووە.