
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، لە کاتێکدا نائومێدی باڵی بەسەر باشووری کوردستاندا کێشابوو، کوردانی باکووری کوردستان دەرگای ماڵەکانیان بۆ پێشمەرگە و خێزانە ئاوارەکان کردەوە. ئەمە تەنیا چیرۆکی میوانداری نەبوو، بەڵکو بووە سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشێکی نوێ بە ناوی "شۆڕشی گوڵان".
بەڵگەفیلمی "باکوور لە گوڵان دا"، کە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە، لەڕێگەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانەوە، ئەو رۆڵە مێژووییەی کوردانی باکوور لەو قۆناخە چارەنووسسازەدا نیشان دەدات. ساڵی 1975، ساڵێکی سەخت بوو. یەکێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێت: "گوتیان شۆڕش تەواو بوو، شۆڕش نەما". ئەم هەستە گشتی بوو و هەزاران پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناچار کرد روو لە سنوورەکان بکەن. لە کاتێکدا رێگەی ئێران بەڕووی بەشێکی زۆریاندا داخرا، باکووری کوردستان بووە تاکە پەناگە.
پێشمەرگەکان بە دڵێکی پڕ لە گومانەوە سنووریان دەبڕی، بەڵام پێشوازیی گوندنشینانی کورد لە شرنەخ، جۆلەمێرگ و ناوچە سنوورییەکان لە پێشبینییەکانیان گەورەتر بوو. یەکێک لە بەشداربووانی شۆڕش دەڵێت: "خەڵکی باکوور لەبەر کوردایەتی و رێبازی بارزانی، هەرچییان لە توانادا بوو بۆیان دەکردین". هاوکارییەکان تەنیا خواردن و شوێنی حەوانەوە نەبوون، بەڵکو جلوبەرگ، پێداویستی و چەکیشیان بۆ پێشمەرگەکان دابین دەکرد. ئەمە بووە بنچینەیەک بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری.
سەرکردایەتیی کاتی (قیادە موەقەت)، بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی و بە سەرپەرشتیی ئیدریس بارزانی و سەرۆک مەسعود بارزانی دامەزرا. کەسایەتییە دیارەکانی وەک جەوهەر نامیق و کەریم شنگالی گەیشتنە ناوچەکە و ماڵە کوردەکانی باکوور بوونە بارەگای نهێنییان. پێشمەرگەیەکی دێرین دەڵێت: "کاتێک کاک جەوهەر و کاک کەریم هاتن، هەموو شتێک ئامادە بوو". کاریگەریی ئەم هەستە نەتەوەییە هێندە بەهێز بوو کە زۆرێک لە گەنجانی باکووری کوردستانیشی هاندا چەک هەڵگرن و ببنە بەشێک لە شۆڕشی گوڵان. شایەتحاڵێک دەڵێت: "لە مەفرەزەیەکی 18 کەسیدا، تەنیا من خەڵکی باشوور بووم، ئەوانی دیکە هەموویان خەڵکی باکوور بوون".
یەکێک لە ساتە مێژووییەکان، چاپکردنی یەکەم بەیاننامەی دەستپێکردنی شۆڕش بوو لە 26ی گوڵان. شایەتحاڵێک دەڵێت: "بە ئامێری نووسینی دەستی بەیاننامەکەمان چاپ و بڵاوکردەوە". ئەو بەیاننامەیە کە لە ماڵێکی کوردی باکوور چاپکرا، بووە جاڕدانی قۆناخێکی نوێی خەبات. مەفرەزەکان یەک لە دوای یەک پێکدەهێنران و بە یارمەتیی رێپیشاندەرانی باکوور، بۆ ئەنجامدانی چالاکی دەپەڕینەوە. لە زۆربەی داستانەکاندا، وەک شەڕی گۆڤکێ و بڵێ، پێشمەرگەی باکوور و باشوور شانبەشانی یەکتر دەجەنگان و شەهید دەبوون.
چیرۆکی "باکوور لە گوڵان دا" بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر یەکێتیی چارەنووسی گەلی کورد و نیشانیدا کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن هەستی نەتەوەیی لەناوبەرن.
بەرهەمی ساڵی 2025
مۆنتاژ: هەردی قادر