
لەنێو لاپەڕە خوێناوییەکانی تاوانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفالکردنی کریستیانەکانی دەڤەری بادینان یەکێکە لەو بەسەرهاتە تراژیدیانەی کەمتر باس کراوە. بەڵگەفیلمی 'خاچی نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان'، گێڕانەوەی ئەو کارەساتەیە لە زاری کەسوکاری قوربانییەکانەوە، کە تێیدا باوەڕ و ناسنامەیان بووە هۆی ئەوەی هاوشانی برا کوردە موسڵمان و ئێزدییەکانیان، رووبەڕووی هەمان چارەنووسی رەشی ئەنفال ببنەوە.
چیرۆکەکە، پێش دەستپێکردنی شاڵاوە گەورەکەی ئەنفالی بادینان، لە بەیانیی رۆژی 31ی تەممووزی 1983 دەست پێدەکات. سەبری عەودیشۆ، رزگاربووی ئەنفال و خەڵکی گوندی بێدیالی ئاشوورینشین، ئەو رۆژە وەبیر دێنێتەوە کە هێزەکانی رژێمی بەعس گەمارۆی کۆمەڵگەکەیان داوە و دەڵێت، "بەیانییەکی زوو بوو، کە باوکم دەرگای کردەوە، بینی هەموو کۆڵانەکان بە تانک و سەرباز گیرابوو."
باوکی سەبری، وەک پیاوانی دیکەی بارزانی، جامانەی سووری لەسەر بووە. کاتێک سەربازەکان لێی دەپرسن، "تۆ مەسیحیت، بۆچی ئەو جامانەت لەسەرە؟" ئەو بە ئازایەتییەوە وەڵامی داوەتەوە، "تاوەکو لە ژیاندا بین، ئێمە لەگەڵ بارزانین." ئەوە دواین وێنەی باوکی بووە کە لە بیری سەبریدا ماوەتەوە. ئەو جامانە سوورە، کە هێمای شۆڕشی بارزانییەکان بوو، بۆ کریستیانەکانیش ببووە ناسنامەیەک کە رژێمی بەعس هەموو ئەوانەی پێوەی دەبینی، بەبێ جیاوازیی ئایین، وەک دوژمن سەیری دەکردن.
پێنج ساڵ دوای بێسەروشوێنکردنی هەشت هەزار بارزانی، کە دەیان کریستیانیشیان تێدابوو، قۆناخی کۆتایی ئەنفال لە 25ی ئابی 1988 لە بادینان دەستی پێکرد. ئەم قۆناخە جیاواز بوو، چونکە قوربانییەکانی لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە بوون: کوردی موسڵمان، ئێزدی، ئاشووری، کلدان و سریانی.
گوندی داوودیەی کریستیاننشین، یەکێک بوو لەو گوندانەی بەر شاڵاوەکە کەوت و هەشت کەسی بەساڵاچووی لێ ئەنفال کرا. قریاقۆس، کە لەو شاڵاوەدا دایک و باوکی لەدەستداوە، دەڵێت، "گوندەکەمان بچووک بوو، بەڵام هەموومان پشتگیریی پێشمەرگەمان دەکرد. کاتێک گەمارۆ دراین، پیرەکانمانیان جیاکردەوە و بردیانن بۆ قەڵای نزارکێ."
بەپێی ئامارەکان، ئەنفالی بادینان زیاتر لە 360 گوندی گرتەوە، کە 40 گوندیان بە تەواوی کریستیاننشین بوون و نزیکەی 15 گوندی دیکە تێکەڵ بوون. لەم شاڵاوەدا 151 هاونیشتمانیی کریستیان بێسەروشوێن کراون. گوندی کوسێ بە 33 قوربانی و گوندی باش بە 17 قوربانی، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
یوخەننا، پیاوێکی رزگاربووی گوندی باشەیە کە بە تەنیا 14 ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە. ئەو بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت، "ئەنفال کارەساتێکی زۆر گەورە بوو. لە گوندی ئێمە 17 کەس بران، 14ـیان لە خێزانی من بوون. گوندەکەمان تاوەکو ئێستاش چۆڵە."
رۆژی 6ی ئەیلوولی 1988، رژێمی بەعس لێبوردنێکی ساختەی راگەیاند بۆ فریودانی ئەو خەڵکەی بەرەو سنوورەکانی تورکیا و ئێران هەڵاتبوون. زۆرێک لە کریستیانەکان بەهۆی خۆشباوەڕییەوە گەڕانەوە و دەستگیرکران.
جگە لە مرۆڤەکان، تاوانەکە رەهەندێکی دیکەشی هەبوو کە سڕینەوەی شوێنەوار و مێژوو بوو. لە گوندی بیبۆزی، رژێمی بەعس کۆنترین دێری ناوچەکەی کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 1400 ساڵ دەگەڕایەوە، تەخت کرد.
دوای زیاتر لە سێ دەیە، هێشتا برینی ئەنفال بۆ کەسوکاری قوربانییە کریستیانەکان کراوەیە. یەکێک لەوان دەڵێت، "ئێمە نازانین گۆڕی باوک و براکانمان لە کوێیە، بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەم گۆڕەبەکۆمەڵانە، هەموویان بە کەسوکاری خۆمان دەزانین. هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێمە و برا بارزانییەکانماندا نییە، چونکە خوێنمان تێکەڵ بووە و چارەنووسمان یەکە."
پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود
وێنەگر و مۆنتاژ و دەرهێنان: ئاری ئەمین
بەرهەمی ساڵی 2025