
لەو خاکەی کە هەزاران ساڵە وەکو لانکەی شارستانییەت و وڵاتی نێوان دوو رووبار دەناسرێت، ئێستا دەنگی شەپۆلەکانی دیجلە و فورات کز بووە و شوێنەواری وشکەساڵی وەکو برینێکی قووڵ بە جەستەی عێراقەوە دیارە. بەڵگەفیلمی "تینوێتی لە نێوان دوو رووباردا"، کە تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمی هێناوە، گەشتێکی خەمناکە بەنێو دۆخی تاڵی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق. چیرۆکی زۆنگاوەکان (ئەهوار)، کە رۆژگارێک بە جوانترین تابڵۆی سرووشتیی باشووری عێراق دادەنران، ئێستا بووەتە چیرۆکی وشکبوون و کۆچ. رووقیە محەممەد، خانمە ئەندازیارێکی خەڵکی میسانە و بە دڵێکی پڕەوە دەڵێت، "کاتێک بینیم زۆنگاوەکان بە تەواوی وشک بوون، نەمتوانی خۆم بگرم و گریام".
زۆنگاوەکانی وەکو ئوم ناعج و بەنی هاشم، کە سەرچاوەی ژیانی هەزاران خێزان بوون، ئێستا بوونەتە بیابانێکی وشک. ئەم دۆخە بووەتە هۆی لەنێوچوونی گامێشەکان؛ ئاژەڵێک کە بێ ئاو ژیانی مەحاڵە. حەیدەر سۆمەری، لە زیقارەوە باسی تراژیدیای خێزانێک دەکات کە خاوەنی 40 سەر ئاژەڵ بوون، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچار بوون گوندەکەیان جێبهێڵن و روو لە شار بکەن. عێراق، کە جاران بە دارخورما و برنجی عەنبەر دەناسرا، ئێستا خەریکە ئەو نازناوە لەدەستدەدات. لە ساڵانی 1980ـەکاندا، عێراق خاوەنی 32 ملیۆن دارخورما بوو، بەڵام بەپێی ئاماری 2023ـی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەم ژمارەیە بۆ کەمتر لە 20 ملیۆن دابەزیوە.
ساڵانە 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە بەپیتەکانی عێراق بەهۆی بەبیابانبوونەوە لەنێو دەچن. هۆشداری دەدرێت کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، عێراق لە داهاتوودا 52%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەستدەدات. لە نەجەف و مەشخابیش، کە بە برنجی عەنبەر بەناوبانگ بوون، بەرهەمەکەیان بە رێژەی 80% کەمیکردووە. رووباری دیجلە و فورات، کە شادەماری ژیانی عێراقن، چیدیکە توانای تێرکردنی خاکی وڵاتەکەیان نەماوە. عێراق ساڵانە پێویستی بە 70 ملیار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام ئێستا نیوەی ئەو بڕەشی پێناگات. ئەم کەمئاوییە گورزێکی کوشندەی لە سامانی ماسی داوە و بەرهەمی ساڵانە لە نزیکەی یەک ملیۆن تۆنەوە بۆ تەنیا 190 هەزار تۆن دابەزیوە.
کێشەکە تەنیا کەمئاوی نییە، بەڵکو پیسبوونی ژینگەشە. لە نەجەف و شارەکانی دیکە، ئاوەڕۆ و پاشماوەی دیکە راستەوخۆ دەکرێنە نێو رووبارەکانەوە. ناهید زەیدی، چالاکڤانی ژینگە، دەڵێت، "بەهۆی سوێری و پیسی ئاوەوە، نەخۆشییەکانی پەککەوتنی گورچیلە، بەردی زراو و شێرپەنجە تەنانەت لەنێو گەنجان و منداڵانیشدا بڵاوبوونەتەوە“. بەپێی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان، تەنیا لە چوار ساڵی رابردوودا 21 هەزار خێزان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە کۆچیان کردووە. بەشێکیان روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
لە نێو ئەم دۆخەدا، زانکۆی کوردستان - هەولێر (UKH) بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستیان بە پڕۆژەیەک کردووە بۆ راهێنانی هەزار گەنجی عێراقی، تاوەکو فێری چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی ببنەوە. عێراق، لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتی جیهاندایە کە زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەرکەوتووە و لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە.
بەڵگەفیلمی "تینوێتی لەنێوان دوو رووباردا"، بەرهەمی ساڵی 2025ـی تۆڕی میدیایی رووداوە. نەوزاد مەحموود کاری پرۆدیوسەری و ئامادەکردنی بۆ کردووە و ئاری ئەمین کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. رۆژی سێشەممە، 25-11-2025، بڵاوکرایەوە.