
لە هەرێمی کوردستان، بەخشینی ئەندامەکانی جەستە بووەتە دوا هیوای هەزاران نەخۆش کە چاوەڕێی دەستێکی میهرەبانن بۆ ئەوەی لە ئامێرە پزیشکییەکان رزگاریان بێت. بەڵگەفیلمی "ژیان بەخشین" تیشک دەخاتە سەر چیرۆکە پڕ لە ئازار و ئومێدەکانی ئەو بوارە و گرنگیی یاسایی، ئایینی و مرۆیی ئەم هەنگاوە رووندەکاتەوە.
چیرۆکی رێکخراوی جەستەبەخشان لە کوردستان، بە فەرمی لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد، بەڵام سەرەتاکەی بۆ ئازارێکی کۆنی فەرهاد قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە.
فەرهاد قادر، کە تەمەنێکی لەگەڵ نەخۆشانی تالاسیمیا بەڕێکردووە، خوشکێکی لە تەمەنی 10 ساڵیدا تەنیا بەهۆی دەستنەکەوتنی خوێن لەدەستداوە. ئەم رووداوە تراژیدییە وای لێدەکات، بڕیار بدات نەک تەنیا خۆی ببێتە بەخشەر، بەڵکو رێکخراوێک دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی چیتر مرۆڤەکان بەهۆی نەبوونی ئەندامی جەستە و خوێنەوە گیان لەدەست نەدەن.
مامۆستا عەتا محەممەد، زانای ئایینی، ئاماژە بەوە دەکات ئایینی ئیسلام رێگە بە بەخشینی ئەندامی جەستە دەدات و دەڵێت، "هەرکەسێک ببێتە هۆی ژیانەوەی کەسێک، وەک ئەوە وایە ژیانی بە هەموو مرۆڤایەتی بەخشیبێت،" بەو مەرجەی بێڕێزی بە جەستەی مردووەکە نەکرێت و ژیانی بەخشەرەکەش نەخرێتە مەترسییەوە.
لەڕووی یاساییشەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018ـدا یاسای ژمارە 6ـی پەسەند کردووە. ئاریان رەشید، بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان روونیدەکاتەوە، سزا بۆ بازرگانانی ئەندامی جەستە زۆر تووندە و دەگاتە زیندانیی هەتاهەتایی.
پەیام حەسەن، کچێکی تەمەن 27 ساڵانی خەڵکی کەلار بوو، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشیی زگماکیی دڵ و سییەکانەوە، 10 ساڵی تەمەنی بە ئامێری ئۆکسجینەوە بەسەر برد.
باوکی پەیام بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت، "باوکانی دیکە تەلەفۆن بۆ کچەکانیان دەکڕن، بەڵام من دەمویست دڵ و سییەک بۆ کچەکەم پەیدا بکەم."
پەیام، لە وڵاتی هیندستان، کاتێک چاوەڕێی چاندنی ئەندامی جەستە بوو، 75 تابلۆی کێشا. هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو ببێتە پزیشک و خەڵک رزگار بکات، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە خەونەکەی، کۆچی دواییکرد.
دکتۆر بنار سەردار و دکتۆر شاخەوان محەممەد، پزیشکی پسپۆڕ، جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاندنی گورچیلە ژیانێکی نوێ بە نەخۆش دەبەخشێت و زۆر باشترە لە شۆردنەوەی گورچیلە.
بە گوتەی فەرهاد قادر، تەنیا لە سلێمانی مانگانە نزیکەی هەزار جار گورچیلە دەشۆردرێت کە تێچووی زۆری بۆ حکوومەت هەیە و مانگانە نزیکەی 300 هەزار دۆلارە. دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چاندنی ئەندامەکان، نەک تەنیا بارگرانیی دارایی لەسەر حکومەت و خەڵک کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەتوانێت مانگانە دەیان کەس لە مردن رزگار بکات.
بەرهەم محەممەد، یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت، براکەی دێتە پێشەوە و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا دەژیم، قەرزاری ئازایەتیی براکەمم."
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان فۆرمی جەستەبەخشینیان وەرگرتووە و 1230 کەس بە فەرمی بوونەتە ئەندام. فەرهاد قادر، داوا لە خەڵک دەکات دوودڵ نەبن لە بەخشینی ئەندامەکانیان و دەڵێت، "پێت خۆش بێت کە ترپەی دڵی ئازیزێکت لە دڵی کەسێکی دیکەدا ببینییەوە، ئەو کات هەست دەکەیت هێشتا لە ژیاندا ماوە."
وێنەگرتن و دەرهێنان: حەیدەر عومەر
مۆنتاژ و دەنگ: سارۆیان بەیان
بەرهەمی ساڵی 2025