رووداو دیجیتاڵ
"ئولیس و راڤەکانی" یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی جەیمز جۆیس، رۆماننووسی ئێرلەندییە و بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە و نەوا موکرجی بۆ زمانی کوردیی وەرگێڕاوە.
موکرجی، پێشتر بەرگی یەکەمی رۆمانەکەی وەرگێڕاوە و ئەمجارەش بەرگی دووەمی، جگە لە رۆمانەکە، راڤەی دان گیفرد، رۆبێرت سایدمان، ڤیڤیەن ئیگۆ و وەرگێڕ خۆی لەخۆدەگرێت. لەمبارەیەوە رووداو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ وەرگێڕی رۆمانەکە کردووە.
رووداو: بۆچی لە نێو رۆمانە گەورەکانی جیهاندا، بڕیارت دا بە دیاریکراوی رۆمانی "ئولیس"ـی جەیمز جۆیس وەربگێڕیتە سەر زمانی کوردی؟
نەوا موکرجی: نە بڕیارەکە لە رۆژێکدا بوو، نە یەک پاڵنەریشم هەبوو. بەڵکو بڕیارەکە بە چەند ساڵێک خۆی گرت، تا دەهاتیش پاڵنەرەکانم لە دەڵەمەییەوە دەمەیین و پتەوتر دەبوون.
ئەو کاتەی دەستم کرد بە وەرگێڕانی ئولیس نە وەرگێڕ بووم و نە حەزیشم لە وەرگێڕان بوو. تەنانەت رقم لە وەرگێڕان بوو. کاتێک داوای وەرگێڕانی رستەیەکم لێ کرابا مێشکم دەوەستا. بەڵام ئامانجێکی مەزنم هەبوو، ئامانجەکە وای کرد رقەکەم ببەزێنم.
ئەو کاتە هێشتا وەرگێڕی گووگڵ کوردیی تێدا نەبوو. سەرقاڵی دانانی کۆنەخشەیەک بووم بۆ دامەزراندنی دەزگای فەرهەنگی نیشتمانیی کوردستان. یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم دەزگایە ئەوەیە بە شێوەیەکی چەسپاو تەواوی داتای دنیا وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی.
بۆیە یەکێک لە پاڵنەرەکانم ئەوە بوو بۆ ئەوەی بۆ خۆمی تاقی بکەمەوە بزانم ئایا کۆسووڕەکە (سیستم) کار دەکات یان نا، بە دوای ئاڵۆزترین دەقی وێژەیی جیهاندا گەڕام. چون پێم وا بوو لە دەقی وێژەیی ئاڵۆز باشتر نییە توانای وەرگێڕی پێ تاقی بکەیتەوە.
سەرەتا نیازم نەبوو هەموو رۆمانەکە وەربگێڕم، دەمەویست تەنها بیست بۆ پەنجا لاپەڕەیەکی لێ وەربگێڕم. تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە کە کۆسووڕی دەزگای فەرهەنگی نیشتمانی کار دەکات. چون نابێت مرۆڤی نیشتمانپەروەر سامانی وڵاتی خۆی بە فیڕۆ بدات. نابێت وزە و کات و پارەی زۆر لە شتێکدا خەرج بکەیت، دواتر بۆت دەربکەوێت کە کار ناکات.
بەرەبەرە خولیام بۆ دەقەکە زیاتر و زیاتر دەبوو. بیست لاپەڕەم وەرگێڕا، وتم با بیکەم بە پەنجا، دواتر حەفتا، دواتر سەت... ئاوها گەیشتمە ئەوەی بڵێم با هەموو پەڕتووکەکە وەربگێڕم. ئینجا با هەموو ئەو شتانە وەربگێڕم کە لەسەر ئەم پەڕتووکە نووسراوە. ئیتر کاتێک دەزانم حەوت ساڵ تێپەڕیوە و من هێشتا هەر خەریکم و رەنگە پێنج شەش ساڵی دیکەشم مابێت.
چەند پاڵنەرێکی دیکەش ویستی درێژەدانیان بۆم نۆژەن دەکردەوە. یەکێک لەوانە هونەرمەندێتیی پشت دەقەکەیە.
من خۆم بە هونەرمەند دەزانم و رێزێکی زۆر لە هونەرمەندێتی دەگرم. هونەرمەندێتی لای هونەرمەند ئێجگار بەچێژ و بەڕێزە. جا ئولیس شاشارێکی پڕ لە وەستایی و هونەرمەندێتیی وردە.
پاڵنەرێکی دیکە بۆ رەخسان بوو. رەنگە زۆر وەرگێڕی لە من باشتر هەبن، بەڵام بۆیان ناڕەخسێت ئەوەندەی تەمەنیان بۆ کارێکی وا تەرخان بکەن. رەنگە کاتیان نەبێت، گوزەرانیان لە هی من خراپتر بێت و بەرپرسیارێتیی ماڵ و منداڵیان لەسەر قورستر بێت. من تا ئێستا هەر چۆنێک بێت توانیومە درێژە بەم کارە خۆبەخشییە بدەم.
پاڵنەرێکی دیکە بۆ نەمریی زمانە. ئولیس تاقیکردنەوەیەکی مەزنی زمانە. لە لیستی داگیرکەرەکانی مێژووی مرۆڤدا، دەتوانم بڵێم: بە پێچەوانەی زۆربەی داگیرکەرە دڕندە و چاندسڕەوەکانی مێژووی نا-مرۆڤایەتی، ئولیس ھەرە باشترین و میھرەبانترین داگیرکەرە کە ھەر زمانێک داگیر بکات، دەشیپارێزێت.
پاڵنەرێکی دیکە بۆ سوودەکەیەتی. ئولیس لە رووی هونەری نووسینەوە یەکێکە لە باشترین و نایابترین بەرهەمەکان. دەبێت هەر نووسەرێک بۆ باشکردنی نووسینی خۆی ئولیس بخوێنێتەوە و ئەگەر کرا لێشی بکۆڵێتەوە. من دەمەوێت ئاستی نووسینی هاونەتەوەکانم بەرزتر ببێتەوە. نامەوێت رووگەکانیان هەمیشە هەر عەرەب و فارس و تورک بن. دەبێت ئێمەی کورد لە زەلکاوی داگیرکراوێتی خۆمان رزگار بکەین، دەبێت بە چاوی خۆمان دونیا ببینین، نەک لە چاوی لێڵبینی داگیرکەرانمانەوە.
پاڵنەرێکی دیکە بۆ بەشکردنی چێژە لەگەڵ نەتەوەکەمدا. ئەو چێژە بەچێژە کە لەگەڵ ئازیزاندا بەش بکرێت. سەدان جار شوێنی جیاجیای ئولیس دونیایەک چێژیان پێ بەخشیوم. گوتوومە بۆچی نەتەوەکەم لەم چێژە بێبەری بن؟ بۆچی بە تەنیا ئەم چێژە ببینم؟ من کێم بێ نەتەوەکەم؟ با رێ بۆ ئەوانیش خۆش و ئاسان بکەم، با ئەم چێژە بۆ کوردستان داگیر بکەم.
رووداو: ئەم رۆمانە بۆچی بۆ کتێبخانەی کوردی گرنگە؟
نەوا موکرجی: بە بڕوای کۆنکرێتیی من: پێشکەوتن لە وشەوە دەست پێ دەکات. پێشکەوتن بەسەر بەردەبازی وشەدا دەڕوات. پێشکەوتن بێ وشە لاڵە. وشەش بە تەنیا بەهای زۆری نییە، بەڵکو لە رستە و بەکاربردندا بەهێز و بەهادار و بەهرەبەخشە. بۆ چیت چاکە فەرهەنگی زمانت ملیۆنێک وشەی تێدا بێت و تۆ هیچیان بە کار نەبەیت؟
ئولیس زیاتر لە 33 هەزار وشەی نادووبارەی تێدایە. واتە سی و سێ هەزار وشەی زمانێک کارا دەکات و دەیانخاتە رستەوە و دەیانبزوێنێت. ئەم وشە چالاکانە دەچنە پەڕتووکانی دیکەوە. ئاوها هەم زمانێکی کارات دەبێت، هەم پەڕتووکخانەیەکی کاراترت دەبێت.
پاشان ئولیس بە راڤەکانییەوە وەک کۆزانگەیەکی (ئینسایکلۆپیدیا) گەورە وایە. زانیاریت لەسەر هەزاران رووداو و کەسێتی و وشە و بابەت دەداتێ.
جا ناتوانم شتێک بڵێم بێ ئەوەی لەرەلەری پۆزلێدانێکی تێ نەکەوێت، بەڵام تازە پرسیارەکەت کردووە و وەڵامی دەدەمەوە. پێم وایە ئولیس و راڤەکانی ئاستی پەرتووک لە کوردستاندا بەرزتر دەکاتەوە. کە نەتەوەکەم پەرتووکی باشی بینی، چیتر پەرتووکی خراپ و نووسەر و وەرگێڕی لامسەرلا پەسەند ناکات.
لە راڤەکانی ئولیسەوە و لە بەراوردی وەرگێڕانی ئولیس بە هی زمانەکانی دیکەشەوە بۆت دەردەکەوێت کە عەرەب و فارس و تورک بە گشتی چەند لامسەرلایانە کار دەکەن. کەچی ئێمەی کورد دەچین لەو هەڵەخانانەی ئەوانەوە وەردەگێڕین و دەرخواردی کوردیان دەدەین. ئولیس هیچ سوودێکی بۆ پەرتووکخانەی کوردی نەبێت، ئەو سوودەی دەبێت کە وا بکات چیتر ئاسان نەبێت نووسراوی جیهان لە رێی زمانە داگیرکەرەکانی داگیرکەرەکانمانەوە بخرێتە بەردەم چاوی کورد. ئاوهاش پەرتووکخانەی کوردی لە هەڵە و پەڵەکانی عەرەب و فارس و تورک رزگاری دەبێت.
رووداو: رۆمانەکە چ پەیام و وانەیەکی تێدایە؟
نەوا موکرجی: دەشێت سەدان پەیام و وانەی لێ بدڵۆپێنرێت، هەر یەکەی بە ویستی خۆی دەتوانێت لە رەهەندێکەوە وانەیەکی لێ دەربگووشێت، بەڵام دڵنیا نیم ئایا جۆیس مەبەستی بووە ئەو وانەیە بدات، یان نا؟
بەڵام بێگومان بەوەی کە وێژەی بەراوردە و لەسەر ئۆدیسەی هۆمیرۆس بونیاد نراوە، دەتوانین بڵێین جۆیس پێمان دەڵێت کە پاڵەوانی دنیای نوێ کەسێکی ئاساییە. ئەم کەسە ئاساییە لە رۆمانەکەدا لیۆپۆڵد بلوومە، کە لە بەرانبەر پاڵەوانێکی ئوستوورەیی وەک ئۆدیسێفس (ئۆدیسیۆس)ـدا دانراوە.
بلووم لە زۆرینەی هەرە زۆرمان دەچێت: لەگەڵ هاوسەرەکەیدا نان دەخوات، کێشەی کەڵەکەبووی بێدەنگکراویان هەیە، دەچێت بۆ سەرئاو، دەچێت بۆ گەرماو، شتان بە هەڵە لێک دەداتەوە، لە هەندێک کەس قەڵسە، تامەزرۆی هەندێک کەسی دیکە، دەچێت بۆ پرسە، رۆژانە دەچێتە سەر کار، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیدا تووشی مشتومڕ دەبێت، بە هانای لێقەوماوانەوە دەچێت، لە ماڵەوە کێشەی هەیە، خەڵک گاڵتەی پێ دەکەن، ئەم گاڵتە بە خەڵک دەکات، خەیاڵی لای منداڵەکانیەتی، کاری ناپەسەند دەکات، کاری زۆر جوان دەکات، وتەی جوان دەڵێت، وتەی نەشیاو دەڵێت، ئاگای لە گیرفانیەتی، کەموزۆر شتان بە ویستی ئەو ناڕۆن بە رێوە و ئەویش لەگەڵیاندا هەڵدەکات. کێ لە ئێمە بەم شتانە نامۆیە؟
یەکێکی دیکە لەو وانە شاراوانەی تێیدایە، لە پەیوەندیی نێوان ئایین و نەتەوەدایە. کە ئەمە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە. وشەی ئایین لە لاتینیدا ریلیگیۆنـە. وشەیەکی داڕێژراوە، ری واتە دووبارە، لیگیۆن هەر لکانی کوردییە، کەواتە ریلیگیۆن واتە لکانەوە. واتە ئایین ئامرازی لکانەوەی خەڵکانە بە یەکەوە، بەڵام دوژمنان هەمیشە دەتوانن ئایین بکەن بە ئامرازی لێکترازان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگای داگیرکراوەکانیان.
ئولیس ئەمەت لە کەتواردا پێشان دەدات. ئایین بۆ دۆزی نەتەوەیی ئایرلاند بووە بە بەڵا و برا و برای لە یەک ترازاندووە و ئاسایشی کۆمەڵایەتییی تەواو تێکداوە. ئەگەر ئێمەی کوردیش ئاگادار نەبین، دوژمنانمان بەم رۆژگارە ئایینی خۆمان بۆ لەناوبردنی خۆمان بە کار دەهێنێت و لە یەکدیمان دەترازێنێت.
رووداو: بۆچی جگە لە وەرگێڕان، ئەم رۆمانە راڤەش کراوە؟
نەوا موکرجی: خوێنەری ئولیس هەر کەسێک بێت، چەندێک زۆریشی خوێندبێتەوە، ئەستەمە بێ راڤە لە هیچی وای رۆمانەکە تێبگات. دان گیفرد، کە راڤەکارێکی مەزنی ئولیسە و من راڤەکانی ئەو وەردەگێڕم، لە من جوانتر وەڵامت دەداتەوە، دەڵێت: ئولیس خۆی وەک رۆمانێک دەناسێنێت کە ھەموو ئەوانە لە خۆی دەگرێت و دەڵێت کە دەیەوێت بیانڵێت. کەچی ئەزموونی راڤەکردنی و فێرکردنی خەڵکان بە یاوەریی راڤە ئەوەمان بۆ پێشنیار دەکات کە زۆر جار ئەوەی ناوترێت چەقی ئەزموونی خوێندنەوەکەمانە بۆ رۆمانەکە.
واتە دەوری رۆمانەکە بابەتە سەرەکییەکەیە، نەک خودی رۆمانەکە. رۆمانەکە لێوانلێوە لە ئاماژە و درکە و تیلنیشان بۆ هەزاران بابەتی دەرەوەی خۆی. چەندین پەرلەشی (کۆد) تێدایە.
هەروەها وێژەی بەراوردە و بە تەکنیکی شەپۆلی هۆش نووسراوە. وێژەی بەراورد واتە لەسەر دەقێكی دیکە داڕێژراوە، کە ئۆدیسەی هۆمیرۆسە. شەپۆلی هۆشیش واتە چوونە نێو هۆشی کەسێتییەکانەوە. هۆشیش پڕیەتی لە رستە و وێنە و دەنگی ناتەواو. بۆیە لە ئولیسدا هەزاران رستەی تەواونەکراوی تێدایە، کە من ناوم ناون ناڕستە. ئەگەر راڤە نەبێت بە نزیکی هیچ روون نییە. نووسەرەکە خۆیشی ددانی بەمەدا ناوە، گوتوویە: ئەوەندە گرێکوێرە و مەتەڵم خستووەتە ناویەوە کە بۆ سەدان ساڵ پڕۆفیسۆرەکان سەرقاڵ بکات بەوەی مشتومڕ بکەن لەسەر ئەوەی بزانن من مەبەستم چی بووە. ئەوەش تاکە رێیە مرۆڤ نەمرێتیی خۆی پێ مسۆگەر بکات.
هاوڕێیەکم ساڵانێک لەمەوپێش بە عەرەبی خوێندبوویەوە. کە ئەوەی منی بە راڤەکانەوە دیبوو پێمی گوت: "کە ئەوەی تۆم خوێندەوە بە خۆمم دەگوت: باشە ئەو هەموو شتەم بە سەردا تێپەڕیوە؟ ئەو هەموو شتە لە پشت و ژێری ئەم دەقەوە هەبوون و من نەمزانیبوو؟ ئێستا دەزانم من ئەوپەڕی دە لە سەدی دەقەکە تێگەیشتبووم و وام دەزانی زۆر باش لێی تێگەیشتووم". من بڕوای پێ دەکەم.
بۆ نموونە: لە ئەڵقەی حەوتەمدا دەڵێت: "وس، گوێم لە پەنگی دێیە". ئەگەر راڤەکارێک پێت نەڵێت ئەمە پێکارێکی رەوانبێژیی لەسەر تاقی کراوەتەوە کە پێی دەوترێت پیتگۆڕکێ تۆ لە کوێ و چۆن بتوانیت لەو رستەیە تێبگەیت؟ لێرەدا سەرەپیتی دوو وشەکە ئاڵوگۆڕ کراون و راستەکە "دەنگی پێ"یە، بەڵام بووە بە "پەنگی دێ". بۆیە گەر راڤە نەبێت، یان واز لە خوێندنەوە دەهێنیت، یان بە دوای واتای وشەی "پەنگ"ـدا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی بزانیت پەنگی دێ چییە، یان کێیە، یان کوێیە.
نموونەیەکی دیکە: لە ئەڵقەی پێنجەمدا دوو ناڕستەی تێدایە، لە دەقە ماکەکەدا دەڵێت: "Half a mo. Maximum the second."، دوو ناڕستەی زۆر ناڕوونن، دەقەکە هیچی وات پێ ناڵێت جگە لەوەی کەسێتییەک رۆژنامە دەخوێنێتەوە. دەشێت ناڕستەکەی یەکەم بکرێت بە " half a moment"، واتە نیو چرکە. لە ژێر رۆشنایی ئەم نیو چرکەیەدا دەشێت ناڕستەکەی دوای خۆی بکەین بە ئەوپەڕی چرکەیەک.
بەڵام راڤەکارێک ئەو رۆژنامە راستییەی پەیدا کردووە کە کەسێتییە خەیاڵکردەکەی نێو رۆمانەکە دەیخوێنێتەوە، هەواڵەکەی وەک خۆی هێناوەتەوە. هەواڵەکە باس لە پێشبڕکێیەکی ئەسپسواری دەکات و ناوی ئەسپەکانی هێناوە. یەکێک لە ئەسپەکان ناوی ماکسیمەم "زە سەکند" (ماکسیمەمی دووەم)ـە. من وەها وەرمگێڕاوە: "نیو چر. ماکسیمەمی دووەم". راڤەکە یارمەتییت دەدات بزانیت کەسێتییەکە سەرپێیی رۆژنامەکە دەخوێنێتەوە و ئەو تۆزەی بە دەنگی بەرز خوێندەوە، دوای ئەوە بێدەنگ بوو.
رۆمانەکە سەدان جێی وای تێدایە کە راڤەکە بۆت روون دەکاتەوە هەم تێیبگەیت، هەم وا دەکات بزانیت چۆن وەریبگێڕیت.
وەرگێڕانە عەرەبییە زێدەپێداهەڵگوتراوەکەی دکتۆر تەها مەحموود تەها وەها وەریگێڕاوە: «نیو خولەک زیاتر لە چرکەیەک». بەڵام کە راڤەکە دەبینیت، دەزانیت ئەوەی ئەو هەڵەیە. وەرگێڕە فارسییەکە راڤەیشی کردووە بەخێرێ، کەچی هەمان هەڵەی عەرەبییەکەی دووبارە کردووەتەوە! واتە وەرگێڕە فارسەکە نە لە دەقەکە تێگەیشتووە، نە لە راڤەکەی، نە لە وەرگێرانەکەی خۆیشی! ئینجا ئەم تێنەگەیشتنانە دەرخواردی کوردی داماو دەدرێن.
بۆیە دەڵێم: دەبێت کورد لە زەلکاوی داگیرکەرەکانی دەربچێت. چیتر نابێت لە دیدی فارس و عەرەب و تورکەوە دنیا ببینین. کاتی ئەوە هاتووە خۆمان بە دیدی خۆمان دنیا ببینین و بخوێنینەوە. کاتیەتی ئێمە بە خەڵکی جیهان بڵێین دنیا چۆنە و چۆن نییە و کێ لە کوێدا راستە و کێ لە کوێدا هەڵەیە.
رووداو: ئەمە دووەم بەرگە بڵاوت کردووەتەوە، بەرگەکانی دیکەش وەردەگێڕێت؟
نەوا موکرجی: بەڵێ، بێگومان وەریان دەگێڕم. بەڵێنم بە خۆم داوە هەمووی تەواو بکەم. بەشێکی باشم لە بەرگی سێیەم و چوارەمیش تەواو کردووە. رۆمانەکە هەژدە ئەڵقەیە، من چواردەیانم وەرگێڕاوە و نۆیانم بڵاوکردووەتەوە. بەشە هەرە قورسەکەی بەرگی سێیەم و چوارەمم تەواو کردووە.
بەشی قورسی بەرگی سێیەم دەقی ئەڵقەی دوازدەیەم بوو. بەشی قورسی بەرگی چوارەمیش دەقی ئەڵقەی چواردەیەم بوو. بە رای خۆم ئەڵقەی چواردەیەم لە هەموویان قورستر بوو. ژانی کرد بە دڵمدا تا تەواوم کرد. لە هەمووشیان کاتی زیاترم پێ چوو. رۆژی وا هەبوو بە یازدە کاژێر تەنها دوو سێ رستەم وەرگێڕاوە.
وێنەیەکم هەیە لەسەر مێزێک دانیشتووم و برینپێچێک بە دەستمەوەیە، ئەوە ئەو کاتە بوو کە خەریکی وەرگێڕانی ئەڵقەی چواردەیەمی ئولیس بووم.
ئێستا سەرقاڵی تەواوکردنی بەرگی سێیەمم. واتە راڤەی ئەڵقەکانی دەیەم و یازدەیەم و دوازدەیەم وەردەگێڕم و چەند جارێک پیایاندا دەچمەوە. هیوادارم تەندروستی و گوزەران بهێڵن بۆ ساڵی داهاتوو تەواوی بکەم.
رووداو: بۆچی بە خۆڕایی وەرگێڕانەکەت دەیخەیتە بەردەستی خوێنەران؟
نەوا موکرجی: چەند هۆیەکم هەیە. یەکێک لەوانە کێشەی بڵاوکردنەوەیە لە کوردستان. یەکێکی دیکە گرێدانەوەی تاراوەکانە بە کوردستانەوە. تاراو واتە ئەو کەسانەی لە تاراوگە و هەندەرانن. یەکێکی دیکە رێزگرتنە لە ماندووبوونی خۆم.
زۆر بە راشکاوی دەڵێم: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەکانمان ئەوەندەی دەزگای قەتیسکردنن، ئەوەندە دەزگای بڵاوکردنەوە نین. خۆم عەوداڵی دەیان پەرتووکی چاپکراو بووم و دەستم نەکەوتوون. بۆ؟ چونکە دەزگای بڵاوکردنەوەکە، کە کەس نازانێت کێیە و لە کوێیە، دەستی بەسەر ئەو پەرتووکەدا گرتووە و تەنیا لە چەند رەفەیەکی دڵخوازی خۆیدا دایناوە. ئەگەر رێت نەکەوێتە ئەو رەفانە، هەرگیز ئەو پەرتووکەش نادۆزیتەوە.
من تەمەنی خۆمم بۆ ئەوە تەرخان نەکردووە خاوەن قەتیسخانەیەک بەرهەمەکەم لە نەتەوەکەم قەتیس بکات. مننەتیشم بەو چوار فلسە نییە کە بە هەزار دەردیسەری دەیدەن بە مرۆڤی بەرهەمدار.
دەمەوێت هەموو کوردێک لە جیهاندا دەستی بە بەرهەمەکەم رابگات. ئێمە بە ملیۆن کوردمان هەیە لە دەرەوەی کوردستان و نابێت لە بیریان بکەین، نابێت دایانببڕێنین. ئەگەر سەکۆ لەگەڵ کوردانی هەندەران بەش نەکەین، ئەوا دەبێت بێنەوە بۆ کوردستان، بچنە شوێنە راستەکەوە، ئینجا دەستیان بە پەرتووک، یان هەر شتێکی دیکە بگات. پێم وایە ئەو سەردەمە بە سەر چووە و نەماوە، دەبێت سوود لە وزەی تاراوەکانمان ببینین و بیانهێنینەوە مەیدانی خزمەتی کوردستان. ئەوەش بەوە دەبێت کە سەکۆی خۆمانیان لەگەڵ بەش بکەین. دنیای سەرهێڵ ئەو سەکۆ هاوبەشە دەڕەخسێنێت، ئیتر بۆچی سوودی لێ نەبینین؟
پێم وایە هەندێک شت ئەگەر بە خۆڕایی بێت بێبەها دەبێت؛ هەندێک شت ئەگەر بە پارە بێت بێبەها دەبێت. پێم وایە کاری من بۆ ئولیس ئەگەر بە پارە بێت بێبەها دەبێت. پێم وا نییە هیچ بڕە پارەیەک قەرەبووی خواربوونی بڕبڕەی پشتم، قەرەبووی هەڕەتی لاوێتییم لەگەڵ ئەم دەقەدا، قەرەبووی ئەو هەموو هەلەی بۆم دەڕەخسان (ئەگەر ئەمەم نەکردایە) بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی هێشتا ماویشمە. بۆیە رێزێک بۆ خۆم و تەندروستی و تەمەنم دادەنێم و بە پارە نایقەبڵێنم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ