رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ لە راگرتنی کارەکانی مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەرۆکێک بۆ یەکێتییەکە دەستنیشانکرا و بڕیارە کۆنگرەی گشتیی ببەستن.
دوای ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر کاکەمەم بۆتانی، سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە کۆچی دواییکرد، دوێنێ (دووشەممە، 21-1-2025) پ. هیمداد حوسێن، بە سەرۆکی نوێی یەکێتییەکە دیاریکرا.
هیمداد حوسێن، سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد ئەمڕۆ (سێشەممە، 21-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە چوار ساڵی رابردوودا دەرگەی مەڵبەندی گشتیمان داخرابوو، ئەوە بوو بڕیارماندا بۆ هەستانەوەی کاربکەین و لەو چوارچێوەیەدا من وەکو سەرۆکی یەکێتییەکە دەستنیشانکرام تاوەکو کۆنگرە دەکرێت."
سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان دەست بە کارکردن دەکەن بۆ بەستنی کۆنگرە و ئەگەر دۆخێکی لەناکاو نەیەتە پێشەوە، دەیانەوێت تاوەکو نیوەی ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن.
لە ساڵی 2010ـەوە یەکێتی نووسەرانی کورد کۆنگرەیان نەکردووە. سەرۆکە نوێیەکەیان کە پێشتریش ئەندامی مەڵبەندی گشتیی بووە دەڵێت، پاساوی دواخستنی کۆنگرە ماوەیەک شەڕ دژی داعش و ماوەیەکیش ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.
یەکێتیی نووسەرانی کورد جگە لە مەڵبەندی گشتی، چوار لقی سەرەکیی لە باشووری کوردستان دا هەیە، ئەوانیش لقەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووکن.
پرۆفیسۆر هیمداد حوسێن، جیا لەوەی ئەندامی مەڵبەندی گشتیی یەکێتی نووسەران بووە و ئێستا سەرۆکی یەکێتییەکەیە، هاوکات مامۆستای کۆلێژی پەروەردەیە لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر.
رێکخراوی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە 10-02-1970 لەسەر دەستی دەستەی دامەزرێنەرانی مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەرگرتووە.
دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتییەکە ئەمانە بوون: د. عیزەدین مستەفا رەسوڵ، د. نەسرین فەخری، د. کاوس قەفتان، د. ئیحسان فوئاد، د. مارف خەزنەدار، جەمال بابان، خالید دلێر، محەممەدی مەلا کەریم، حوسێن عارف، کاکەمەم بۆتانی و نووری عەلی ئەمین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ