رووداو دیجیتاڵ
کتێبی "شیعر و سوبێکت و شیعر و دازاین"ـی هاشم سەراج چاپ و بڵاو دەکرێتەوە و نووسەرەکەی دەڵێت "ئەم بەرهەمەم لە چاپخانەی چوارچرای شاری سلێمانی چاپ کردووە و ژمارەی لاپەڕەکانی 550 لاپەڕەیە."
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2024، هاشم سەراج، شاعیر و نووسەر لەبارەی چاپکردنی بەرهەمێکی نوێیەوە بە رووداوی گوت، "ئەم بەرهەمەم، شیعر و سوبێکت و شیعر و دازاین، دوو پڕۆژەی شیعریین، پێکەوە لە یەک کتێبدا چاپم کردوون. تێچووی کتێبەکە، لەسەر ئەرکی خۆمە و لە چاپخانەی چوارچرای شاری سلێمانی چاپ کراوە، ژمارەی لاپەڕەکانی 550 لاپەڕەیە."
بە گوتەی نووسەری کتێبەکە، دیزایینی ناوەوە و دەرەوە (بەرگ)ی کتێبەکە، عەبدوڵڵا رەفیق دیزایینی کردووە. قەبارەی کتێبەکە 13.5 بە 21 سانتیمە و بە تیراژی 150 دانە، لە چاپخانەی چوارچرای شاری سلێمانی چاپ کراوە.
هاشم سەراج، لەبارەی واتای ناونیشانی کتێبە شیعرییەکەیەوە روونی کردەوە، "سوبێکت یان سووژە، واتای خود دەگەیێنێت؛ بەڵام بەڕوانینە لاکانییەکەی ئەم واتایە دەبەخشێت. دازاین بە چەمکی هایدگەری، بوون بەڕەوشی بەردەوامی گۆڕانەوەیە."
هاشم سەراج، لە ساڵی 1954 لە گەڕەگی خانەقای هەولێر لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابوورییە لە زانکۆی بەغدا.
خاوەنی چەندین پەرتووکە، لەوانە: دوکەڵ بەغدا - 1983، گۆرڕستانی ئەپیکۆرۆس سلێمانی - 2000، لالەبەدەستان هەولێر - 2001، سروودەکانی عیشق هەولێر 2002، زینانی ڕۆح هەولێر - 2005، شالیس سلێمانی - 2007، عەتر و حەشیش و زەهرا هەولێر - 2008، پەرتووکی زناک هەولێر - 2009. پەخشانی شین شیعر 2023 دەزگای فام دەقی سپی شیعر 2023 دەزگای فام. جگە لەم پەرتووکانە نووسەر و شاعیر، چەند پەرتووکێکی دیکەی ئامادەی بڵاوکردنەوەن؛ هەروەها چەندین بابەت و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ