کتێبێکی سەرۆک بارزانی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت

02-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کتێبێکی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا لەلایەن ناوەندێکی ئەمریکییەوە خەڵاتی دووەم باشترین کتێب بەدەستدەهێنێت، وەرگێڕی کتێبەکە دەڵێت "یەکەمجارە کتێبی سەرکردەیەکی کورد لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیدا خەڵات دەکرێت."
 
کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، شۆڕشی گوڵان - بەرگی چوارەم - بەشی یەکەم و دووەم)ـی سەرۆک بارزانی لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) کە ساڵانە لەلایەن ناوەندی (American Book Feast)ـەوە رێکدەخرێت، خەڵاتی دووەم باشترین كتێب لە بواری مێژووی گشتی لە پێشبڕکێی ئەمساڵ بەدەستدەهێنێت.
 
کتێبێبەکەی سەرۆک بارزانی بە کوردی نووسراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، تایبەتە بە بیرەوەرییەکانی لەسەر رووداوە مێژووییەکانی چەندین دەیەی رابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا. لە بواری مێژوو پێنج کتێب دیاریکراون کە خەڵاتەکەیان بردووەتەوە. کتێبەکەی سەرۆک بارزانی دووەمیانە.
 
داڤان یەحیا خەلیل، نووسەری کوردی دانیشتووی بەریتانیا، کتێبەکەی لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە، بە تۆڕی رووداوی گوت "دەستکەوتێکی گرنگ و پڕ بایەخە لە پێشبڕکێیەکی لەو جۆرە، کتێبی سەرکردەیەکی کورد ئەم خەڵاتە بەدەستدەهێنێت و دەبێتە یەكێک لە باشترین کتێبەکان، بەتایبەت لە پێشبڕکێی (خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک) کە 15 ساڵە ئەو خەڵاتە بە باشترین کتێبەكانی ساڵ لە هەموو ژانرەکان دەبەخشێت."
 
ناوەندی (American Book Feast)  ماوەی 16 ساڵە خەڵات دەبەخشێت، بارەگای سەرەکیی دەکەوێتە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا. بەگوێرەی رێکخەرانی ئەو پێشبڕکێ جیهانییە لە بواری نووسین و چاپەمەنی، بۆ پێشبڕکێی ئەمساڵ ئەو كتێبانەی خەڵاتكراون کە لە ساڵانی (2022، 2023 و2024 ) چاپکراون. 
 
جێفری کین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (American Book Feast)، رایگەیاندووە ئەمساڵ بە هەزاران ناونیشانیان پێشکێشکراون و تەنیا ژمارەیەکی کەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.
 
دەشڵێت "ئامانج لە خەڵاتکردنەکە پاڵپشتیکردن و پشتگیرییە بۆ جیهانی کتێب''، جگە لەوەی هەوڵێکیشە تاوەکو سەرنجی خوێنەر رابکێشن و بگەڕێینەوە بۆ جیهانی کتێب.
 
پێشبڕکێیەکە لەژێر ناونیشانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووک (International Book awards) ـدایە، ساڵانە بە بەشداریپێكردنی یەك ملیۆن ناونیشانی پەرتووك لە جیهاندا رێكدەخرێت.
 
لەنێو كتیبە براوە و خەڵاتكراوە یەكەم و دووەمەكانی ئەمساڵ، وێڕای كتێبەكەی سەرۆك بارزانی، هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، کە کتێبێکی تایبەت بە بیرەوەرییەکانی بڵاوکردەوە، ژمارەیەک کتێبی کەسایەتییە دیارەکانی جیهان هەن. 
 
بەرگی چوارەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی لە مانگی ئابی 2021 لەچاپدراوە و مانگی ئەیلوولی ئەو ساڵە بڵاوکرایەوە، لە دووبەش پێكهاتووە. بەشی یەكەمی 616 لاپەڕەیە و بەشی دووەمیشی لە 488 لاپەڕە پێكهاتووە. كتێبەكە كۆمەڵێك وێنە و دوكیۆمێنتیشی تێدایە.
 
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پێشەکیی بەشی یەکەمی کتێبەکەدا نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و بیروباوەڕی نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە