رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە 30-01-2025، هەژار زەهاوی لە شاری هەولێر، شەوەئاهەنگێکی بەناوی (شەوێکی لەبیرنەکراو)ـی سازکرد. لە ئاهەنگەکە میوزیک و گۆرانییەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و گەرمیان، دهۆک و هەڵەبجە و هەورامان پێشکێشکران.
لە ئاهەنگەکەی ماڵی زەهاوی بۆ میوزیک (زەهاوی میوزیک هاوس)، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆنسووڵ و ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و ژمارەیەک کەسایەتی و هونەرمەند ئامادە بوون و ماڵی زەهاوی بۆ میوزیک دووبارە ناسێندرایەوە.
هەژار زەهاوی لە دەستپێکی ئاهەنگەکە گوتی: "چیرۆکی ماڵی میوزیکی زەهاوی بە کورتی لە ساڵی 2021 دەستیپێکرد. ئامانجەکە ئەوەبوو، ماڵێکی میوزیکی لە کوردستان دروست بکەم کە بتوانێت کوردی بێت و پێشەنگی بدات بە میوزیک و هونەرمەندە کوردەکان، هەروەها نێودەوڵەتیش بێت. کاری من لە میوزیکدا لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەستیپێکرد. لەوکاتەوە دەفم ژەنیوە."
ئاهەنگەکە بە چەند ژەنیارێکی دەف دەستیپێکرد، کە دووانیان ژن بوون و لە سلێمانییەوە هاتبوون.
هەژار زەهاوی لە پەسنی دەف لە کولتوور و میوزیکی کوردیدا باسی لەوەکرد: "لە بەرازیل، ئایرلاند و ئاسیای نێوەڕاست، دەفی چوارچێوەیی هەیە؛ بەڵام دەفی کوردی سادەیە، لە پێست و زنجیری کانزایی پێکدێت. ئەوەی ئەم ئامێرە تایبەت دەکات تەکنیکی ژەنینیەتی. کاتێک دەیژەنین هەڵیدەگرین. لە جۆرەکانی دیکەی دەفی چوارچێوەیی لە جیهاندا نایبینیت. دەف لایەنێکی مێژوویی و پیرۆزی هەیە لە کولتووری ئێمەدا. لە رێوڕەسمە پیرۆزەکانی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ نموونە زیکر (یادی خودا). لە 50 ساڵی رابردوودا ئەم ئامێرە گەشەی کردووە بۆ سەر شانۆ، چونکە پێش 50 ساڵ، دەف تەنیا لەم رێوڕەسمە پیرۆزانەدا دەژەنرا کە پەیوەندی بە تەسەوفی کوردییەوە هەبوو."
دوای دەف ژەنینە بە جۆشەکە، یەکەم گرووپی میوزیکی لە دهۆکەوە هاتبوون، چەند گۆرانییەکی بادینانیان پێشکێش بە میوانەکان کرد.
هەژار زەهاوی، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.
ماڵی زەهاوی، لە ساڵی 2022 بە وەرزێکی کوردی لە قەڵای هەولێرەوە دەستیپێکرد. پێنج پرۆژەی جیوازیان لەسەر میوزیکی کوردی پێشکێشکرد.
لە ساڵی 2023 وەرزێکی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد. لە ئازەربایجان، یۆنان، ئیسپانیا، پاکستان، ئەرمینیا، فەرەنسا و سوێدەوە چەندین هونەرمەند بانگێشتی هەرێمی کوردستان کران و میوزیکەکانیان ئاشنا کرد.
لە ساڵی 2024 وەرزێکی تێکەڵەی میوزیکی کوردی و جیهانی بوو. هەژار زەهاوی ئەو پرۆسەیەی بە "ئاڵنگارییەکی زۆر" وەسفکرد، "چونکە ئەوان نەیاندەزانی هەرێمی کوردستان لەکوێیە و گەشتکردن بۆی چۆنە."
ماڵی میوزیکیی زەهاوی، لە تشرینی یەکەمی 2024 کۆنسێرتی بۆ گرووپێکی میوزیکی ئەرمەنی لە سلێمانی سازکرد و هونەرمەندانی کوردیش تێیدا بەشداربوون، میوزیکی هەردوو نەتەوە ئاوێتە یەکدی کران.
دوای دهۆک، گرووپی هەڵەبجە و هەورامان بە فەرەنگی و شمشاڵەوە چوونە سەر سەکۆ.
پێش دەستپێکردنی گۆرانییەکانیان، هەژار زەهاوی لە باسی شمشاڵی کوردی گوتی: "فلووتێکی تایبەتمان هەیە پێی دەگوترێت شمشاڵ، ئەمە فلووتی شوانانە. لە فلووتەکانی دیکە، لوولەی فلووتەکە بەڕاستی فوو لێدەکەی، بەڵام لە شمشاڵ پێویستە فوو بە لاری بکرێت، بۆیە بۆ ژەنیار زۆر ئاستەمە بە تۆن بیژەنێت."
گۆرانی داهاتوو گرووپی کەرکووک و گەرمیان بوو، هونەرمەندێکی گەنج بە جلی کولتووریی کەرکووکەوە گۆرانییەکی کوردی پێشکێشکرد.
هەژار زەهاوی گوتی: "لە ناوچەی گەرمیان کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانیان دەگریت، هەست بە گەرمیی وشەکان و ناوچەکە دەکەیت."
ژنە هونەرمەندێک کە لە سلێمانییەوە هاتبوو، گۆرانییەکی کۆنی سلێمانی چڕی.
دوایین گرووپ، هەولێر بوو. ئاشتی عەزیز لە هەولێرەوە حەیرانێکی دەشتی هەولێری پێشکێش کرد و دواتر دوو گۆرانی دیکەی گوت.
هەژار زەهاوی گوتی: "حەیران گێڕانەوەیە، باسی چیرۆکی شەڕ، خەم، خۆشەویستی، لەدەستدان و وڵات دەکات. لە حەیران وشەکان زۆرترن و وەکو ئەوانەی گەرمیان نین کە تۆنەکانیان درێژن. لە گەرمیان میوزی درێژترە، زیاتر هێواشە؛ بەڵام لە حەیراندا تەکنیکێکی خێراتری دەنگت هەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکە."
کۆتایی ئاهەنگەکە بە پارچەیەکی دیکەی میوزیکی لەلایەن هەژار زەهاوی، رێبین کەمال، زانا ئەنوەر و شیاو کەمالەوە هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ