گالەری

رووداو دیجیتاڵ

لە سینەما هەولێر، فیلمی 'نوقتەی 40' بەشێوەیەکی تایبەت نمایشکرا و بڕیارە سبەی نمایشکردنی گشتیی فیلمەکەش دەستپێبکات. ئەکتەرێکی سەرەکیی فیلمەکە دەڵێت، ''چوار یان پێنج رۆژی داهاتوو بە ئامادەبوونی خۆمان لە سینەماکانی سلێمانیش نمایش دەکرێت.'' 
 
کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ (چوارشەممە 28-08-2024) نمایشکردنی تایبەتیی فیلمی 'نوقتەی 40' لە سینەما هەولێر دەستیپێکرد کە بۆ دەرهێنەر، ئەکتەرەکان و ستافی فیلمەکە رێکخرابوو و کۆمەڵێک هونەرمەند و کەسایەتیش بۆ بینینی بانگهێشت کرابوون. 
 
'نوقتەی 40' فیلمێکی نوێی سینەماییە لە ژانری کۆمێدی و ئاکشن، لە سیناریۆ و دەرهێنانی فەرزین کەریمە، هەریەک لە حاجی جادر، سیروان بەدر، زانا رۆشان، بەکر مەعرووف و وەلید مەعرووف رۆڵی تێدا دەگێڕن.
 
بڕیارە لە سبەیەوە (29ـی ئاب)، بەگشتی فیلمەکە لە دوو هۆڵی ژمارە یەک و دووی سینەما هەولێر لە رۆیاڵ مۆڵ نمایش بکرێت و پاشان لە سینەماکانی سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
 
حاجی جادر، یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''فیلمەکە 88 خولەکە و شانازی بەوەوە دەکەم کە رۆڵی داعشێکم بینیوە، بەڵام چ داعشێک و بە چ شێوازێک، ئەوە با بۆ بینەران بمێنێتەوە.''
 
حاجی جادر لەبارەی نێوەڕۆکی فیلمەکە ئاماژەی دا، ''زیاتر باس لە لایەنە شاراوەکانی داعش دەکات، ئەو لایەنەی نە لە سۆشیالمیدیا و نە لە راگەیاندنەکاندا نەبینراوە و باس نەکراوە.''
 
ئەو ئەکتەرە سەرەکییەی فیلمی 'نوقتەی 40' ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیان لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە، دڵخۆشکردنی بینەران و خزمەتکردنی هونەری کوردی بووە و، ''ستافەکەمان ماندوونەناسانە کاری کردووە و جاری وا هەبووە لە 24 کاژێردا هیچ کەسێک نەخەوتووە بۆ ئەوەی بتوانین لە 20 رۆژدا کاری وێنەگرتنەکەی تەواو بکەین.''
 
رووداوەکانی نێو فیلمەکە لە سەردەمی داعشە، ئەوکاتەی داعش موسڵ و و دەروبەری داگیرکردبوو، لە نزیک خازر ستافێکی فیلم سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمێکی کۆمێدین لەبارەی داعش، بەڵام لەلایەن داعشەوە چاودێری دەکرێن. کاتێک کە داعش دەگاتە لایان، وا دەزانن هاتوون بیانکوژن، بەڵام لەو کاتەدا ئەمیری داعش کوژراوە و داعش بەو سەر و سیمایەی حاجی جادر هەیەتی بۆ رۆڵی لە فیلمەکەدا، وا دەزانن ئەو ئەمیری نوێی داعشە و هاتووەتە نزیک سنوورەکە.
 
چیرۆکی فیلمەکە، چیرۆکی خۆشەویستی، کردەوەکانی داعش لە بەرامبەر خەڵکی بێتاوان و قارەمانیێتی پێشمەرگە پێشاندەدات.

 

راپۆرت: پەیمان محەممەد