گۆڤەند قادر کتێبێکی نوێی بەناوی 'ئاوازی وشەکان' بڵاوکردەوە

20-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گۆڤەند قادر یەکێک لە کتێبەکانی بەدەستەوەیە
گۆڤەند قادر یەکێک لە کتێبەکانی بەدەستەوەیە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

"ئاوازی وشەکان" ناوی کتێبە نوێیەکەی گۆڤەندە. گۆڤەند قادر پێشتریش کتێبی دیکەی زانستیی لەسەر میوزیک و دەنگ نووسیوە؛ ئێستاش لە فینلەند خەریکی تەواوکردنی ماستەرەکەیەتی.
 
کتێبی "ئاوازی وشەکان" پێکهاتووە لە ئاوازی گۆرانی و ئەو تێکستانەی بۆ گۆرانی دەشێن، بەشێکیان کراون بە گۆرانی، بۆ نموونە گۆرانیی "دڵم تەنگە"ی کاروان هەورامی، بەشێکیشیان هێشتا نەکراون بە گۆرانی. کتێبەکە نزیکەی 58 هۆنراوەی تێدایە و بە دیزاینێکی ناوازە کراوە و لە هەر لاپەڕەیەکدا وێنەی خۆیەتی و لاپەڕەکەی دیکە هۆنراوەیە.
 
گۆڤەند قادر دەڵێت، "ئەوانەی بیانەوێت تێکستەکانم بکەنە گۆرانی، دەبێت مۆڵەتمان لێوەربگرێت و قسەمان لەگەڵ بکات، ئایا خۆی ئاوازی بۆ دادەنێت یان ئێمە بۆی دادەنێین، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردەی خۆی."
 
گۆڤەند سەرەتای ساڵی 2000 کە گەیشتووەتە ئەورووپا دەستی بە کاری میوزیک کردووە و زیاتر پەرەی بە تەکنەلۆجیای میوزیک دا، دەڵێت، "ئەو پرۆگرامانەی گۆرانی بەرەو پێش دەبەن گرنگی زۆرم پێدان و خۆم لەناویان دۆزییەوە، بۆئەوەی هۆکاری ئەوەی کارەکانم کوالێتیی بەرزی هەبێت."
 
وەکو گۆڤەند قادر خۆی باسی لێوەکرد، "یەکەم کوردم کتێبم لە رێگەی ئەپی ئەپڵ بووک کردەوە، کە گەورەترین و بەناوبانگترین کتێبخانەی جیهانە و کتێبخانەیەکی ئۆنلاینە، کە داهاتی کۆمپانیایەکەی لەسەرە، بازاڕکردن تێیدا دەیان ملیار دۆلارە، من کتێبخانەیەکی تایبەتی خۆم لەنێو ئەو کتێبخانەیەدا کردەوە بەناوی ئاگا مێدیا بە شێوەزاری سۆرانی، کە 18 کتێبی تێدایە و بەشێکیان ئۆنلاینن و بەشێکی دیکەش بە پارەن."
 
گۆڤەند روونیکردەوە، ماوەیەکی زۆرە خەریکی زیادکردنی زمانی کوردییە لە کتێبخانەکە، بەڵام یەکێک لە بەڕێوەبەرەکانی کتێبخانەکە پێی گوتووە، زیادکردنی زمانی کوردیی سیاسییە و لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، بەڵام ئەو لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ زیادکردنی زمانی کوردی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە