رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر دوای سێ مانگ لە دەستبەکاربوونی سێ خۆشترین خواردنە خوازراوەکانی ئاشکرادەکات و دەڵێت خواردنی کفتە لە پلەی یەکەمە، دۆڵمە لە پلەی دووەم و سێیەمیشیان برنج بە سرکەیە.
دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە هەژماری خۆی لە تویتەر وێنەی هەرسێ خواردنەکانی بڵاوکردووەتەوە، لە کۆمێنتدا بۆیان نووسیوە ئەی کوا برنج و فاسۆلیا، لە کۆمێنتی دیکە خەڵک سەرنجی بۆ پاچە و بریانی رادەکێشن، ئەویش بەڵێندەدات تاقیان بکاتەوە.
دەیڤد ھەنت، لە سێیەمین رۆژی گەیشتنی بە ھەرێمی کوردستانی عێراق و دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتی بەریتانیا سەردانی چایخانەی مەچکۆی کرد و نانی بەیانی لەوێ خوارد.
دەیڤد هەنت لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ پاڵپشتی بەریتانیای بۆ پێشمەرگە دووپاتکردەوە، بەریتانیا 3.5 ملیۆن پاوەند بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دابینکردووە، ئەمە جیا لەوەی لە 2014ەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە زەوی و لە ئاسمان پشتیوانی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش.
دەیڤ هەنت لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بووە کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا و جێگەی جەیمس تۆرنتۆنی گرتەوە.
هەنت 20 ساڵ ئەزموونی لە کاری دیپلۆماسی هەیە، لە 2001 پەیوەندی بە ئۆفیسی دەرەوە و گەشەپێدانی حکومەتی بەریتانیا کردووە، تاوەکو 2003 سەرۆکی بەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەمریکای باکوور بوو لە ئۆفیسەکە. لە 2003 تاوەکو 2004 سەرۆکی یەکەی سزاکان بوو تایبەت بە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 2005 تاوەکو 2008 کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بوو لە زەگرەبی پایتەختی کڕواتیا. لە 2008 بووە جێگری سەرۆکی بەشی گرژییەکان لە ئۆفیسی دەرەوە و گەشەپێدانی حکومەتی بەریتانیا.
دەیڤد هەنت، هاوسەرگیری لەگەڵ سارا هەنت کردووە و باوکی دوو منداڵە (کوڕێک و کچێک).



