گرووپی رەستاک میوانی ئامەدییەکانە

09-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی میوزیکی رەستاک، کە بەشێک لە هونەرمەندەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و بە زمانی کوردی، فارسی، ئازەری و چەندین زمانی دیکە گۆرانی پێشکەش دەکەن، کۆنسێرتێک لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان ساز دەکات.
 
بڕیارە کۆنسێرتەکەی گرووپی رەستاک رۆژی هەینی، 10ی ئایاری 2024، کاژێر 20:00ی شەو لە ناوچەی پەیاسی شاری ئامەد بەڕێوەبچێت.
 
کۆنسێرتەکە لەلایەن شارەوانیی ناوچەی پەیاسی ئامەد بەڕێوەدەبردرێت، لە پارکی 75ی ناوچەکە ساز دەکرێت و بێ بەرامبەرە.
 
شارەوانیی پەیاس لەبارەی کۆنسێرتەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە: "کولتووری کوردی رەنگی خۆی دەبەخشێتە ئامەد و دەنگی مۆسیقای کوردی لە ئامەد بەرز دەبێتەوە. گرووپی رەستاک میوانی ئامەدییەکانە. ئێمە بانگهێشتی هەموو گەلەکەمان دەکەین."
 
گرووپی میوزیکی رەستاک، ساڵی 1997 لە ئێران دامەزراوە و بە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردی و ئێرانییەکانی دەناسرێت.
 
ئەندامانی ئەو گرووپیە میوزیکییە لە نەتەوە جیاجیاکانن و بەرهەم بە زمانی کوردی، فارسی و زمانی دیکە پێشکێش دەکەن.
 
ئەلبوومی یەکەمی ئەم گرووپە بە ناوی رەنگوارەهای کوهەن، ساڵی 2007 بڵاوکراوەتەوە.
 
ساڵی 2010، ئەو گرووپە ئەلبوومێکی بە ناوی هەموو نەتەوەکانی من (هەمێیێ ئەقوامێ مەن) بڵاوکردەوە، دواتر دوو ئەلبوومی دیکەیان بەناوەکانی سۆرنای نوروز و میانێ خورشیدهای هەمیشێ (لە نێوان هەتاوە هەمیشەییەکان) بڵاوکردەوە.
 
گرووپی میوزیکی رەستاک، لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە و تائێستا بێجگە لە ئێران، لە چەندین وڵاتی وەک بەریتانیا، نەمسا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، هۆلەندا، سوێد، ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن، مالیزیا، چیلی، پۆڵەندا، تورکیا، جۆرجیا، بەلجیکا و چەند وڵاتێکی دیکە کۆنسێرتیان کردووە.
 
ئەم گرووپە چەندین جار لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە هەولێر و سلێمانیش کۆنسێرتی سازکردووە. ساڵی رابردووش، گرووپەکە لە شاری ئیستەنبووڵ کۆنسێرتێکی سازکردبوو.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە