لە ئێرلاند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی کوردێکی دیاسپۆرانشین نمایش دەکرێت

06-07-2024
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی
وێنەی زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان کە لای ئێرلاندییەکان بە 'زاک' ناسراوە و پۆستەرێکی بەڵگەفیلمەکەی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

(ماڵ: چیرۆکی ژیانی زاک مۆرادی) ناوی ئەو بەڵگەفیلمەیە کە ئێستا لە ئێرلاند نمایش دەکرێت. بەڵگەفیلمەکە چیرۆکی ژیانی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەگاتە باشووری کوردستان و عێراق و بەدوایدا دەگاتە ئێرلاند.
 
زمناکۆ، کە ئێرلاندییەکان پێی دەڵێن "زاک،" پێشتر میوانی دیاسپۆرا بووە. ئەو جگە لەوەی یاریزانێکی ناسراوی یاریی هەرلینگە، وەکو چالاکڤان و نووسەریش کاری زۆری لە دژی راسیزم و بۆ دۆزی کوردستانیش لە میدیا گەورەکانی ئێرلاند کردووە.
 
لەبارەی بەڵگەفیلمەکەیەوە زمناکۆ مۆرادی، قارەمانی هەرلینگ و چالاکڤان لە رێگەی سکایپەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و رایگەیاند،  بەڵگەفیلمەکە لە 12ی ئەم مانگە نمایش دەکرێت، "کاتێک لە ساڵی 2002 گەیشتمە ئێرلاند و دوای ئەوەی پێگەیشتم، بیرم کردەوە کتێبێک لەبارەی ژیانی خۆم و چۆنێتی گەیشتنم بە ئێرلاند و، هەروەها ئەو مەینەتییانەی بەسەر گەلی کورد و کوردستاندا هاتوون، بگێڕمەوە. دوای تەواوکردنی کتێبەکەم کەسێک بەناوی دێکلان رایان، کە بازرگان و ملیاردێرێکی ئێرلاندییە و دامەزرێنەری هێڵی ئاسمانیی رایان ئێرە، کتێبەکەم دەخوێنێتەوە و زۆر سەرنجی رادەکێشێت، هەربۆیە بڕیار دەدات چیرۆکی کتێبەکەم بکاتە بەڵگەفیلمێک و بڵاوی بکاتەوە، ئیتر قسەمان کرد و رێککەوتین، لە ساڵی 2023 دەستمان بە بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کرد و ئەم ساڵ تەواومان کرد."
 
زمناکۆ، خەڵکی سەرپیل زەهاوە لە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت، "بەڵگەفیلمەکە زۆر بەهێزە و بەهۆی چیرۆکەکانیەوە، کە بەشێکی باسی ئەو مەینەتییانە دەکات کە بەسەر گەلی کوردستان هاتوون، لە راگواستن و کیمیاباران و ئەنفال؛ هەروەها ئەو رێگە سەختەی کە خانەوادەکەم پێی گەیشتین بە ئێرلاند دەگێڕێتەوە، بۆیە بڕوام وایە لەم فێستیڤاڵەدا کە یەکەم جارە بەشداری دەکات، پلەیەکی باش بەدەستبهێنێت."
 
زمناکۆ ئێرلاندییەکان پێی دەڵێن "زاک،" ئەو کەسێکی ناسراوە لەلایەن ئێرلەندییەکان، چونکە پێشتر یاریزانێکی ناسراوی یاریی هەرلینگە بوو و ئێستا راهێنەرە، باسی لەوەش کرد، "بەڵگەفیلمەکە لە دەرهێنانی ترێڤەر وێلانە؛ ویل رۆک و ئیلین جەیمس کاری پرۆدیوسەرییان بۆ کردووە، ماوەی بەڵگەفیلەمەکەش 52 خولەکە."
 
زاک کەسێکی نەتەوەییە و هەمیشە لە دەرکەوتنەکانی لە تیڤییە بەنێوبانگەکانی ئێرلاند و میدیاکانی ئەو وڵاتە، کوردبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە و لە هەر دەرفەتێکدا بێت باسی دۆزی نەتەوەکەی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە