لە هەولێر ماڵی میوزیکیی زەهاوی دەکرێتەوە

01-11-2021
پەسار فایەق
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر ماڵی میوزیکیی زەهاوی لەلایەن هەژار زەهاوی هونەرمەندی کورد دەکرێتەوە، بەم بۆنەیەوە کۆنسێرتێک سازدەکرێت، تێیدا هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان میوزیک و گۆرانی کوردی پێشکێش دەکەن.

هەژار زەهاوی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 2022 ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر دەکرێتەوە و چالاکییەکانی دەستپێدەکات، سازکردنی کۆنسێرتێکی بۆ هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان بانگەوازێکەوە بۆ دامەزراندنی ئەو ماڵە.

ئەو پڕۆژەیەی زەهاوی لە دوای 25 ساڵ ئەزموون و گەڕان بە نێو میوزیکی گەلان لە جیهاندا دێت.
   
زەهاوی گوتیشی "ئەو ماڵە لەلایەن رێزدار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵ پشتیوانی لێدەکرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ماڵەکە بۆ پەرەپێدانی میوزیکی کوردی و جیهانییە لە هەولێر، مانگانە بەشێوەیەکی بەردەوام کۆنسێرت و چالاکی بۆ هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان و هونەرمەندانی جیهانی سازدەکات، بۆیە ماڵێکی تایبەت بە میوزیکی کوردی نابێت، بەڵکو جیهانیش دەبێت.

ماڵی میوزیکیی زەهاوی لەگەڵ سازکردنی کۆنسێرتەکان، وۆرکشۆپ و ماستەر کڵاس بۆ گەنجانی هەولێر و هۆگرانی میوزیک سازدەکات و بە هونەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و جیهان ئاشنا دەکرێن.

وەک باونگەوازێک بۆ دامەزراندنی ئەو ماڵە، کاژێر 6ـی ئێوارەی پێنجشەممە 4-11-2021، بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، کۆنسێرتێک لە قەڵای هەولێر سازدەکرێت و هونەرمەند هەژار زەهاوی خۆیشی تێیدا بەشدار دەبێت.

لە رۆژئاوای کوردستان هونەرمەندان سەفقان ئۆرکێش، زنار مەحمود و نەسرین داود بەشدارن، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هونەرمەندان فەرید ئیلهامی، ساقی حەیدەری و ئایدا بەختیاری بەشدارن.

هونەرمەندانی باکوور کوردستان هەریەک لە ئەنوەر ئایدن، موسا ئەرتوس و ئیمرا ئایدن، لە باشووریش هونەرمەندان گۆران کامیل، رەوەن رەشاد، بێژەن جەزا، میر ئامانج و خارە ستار بەشدارن.

هەژار زەهاوی ناوی تەواوی حوسێن زەهاوییە، ساڵی 1980 لە خانەقەینی باشووری کوردستان  لە دایکبووە، لە 1990 لەگەڵ ماڵباتەکەی چووەتە بەریتانیا و هەر لەو ساڵە بە ئامێری دەف ئاشنا بووە، ئێستا لە لەندەنی بەریتانیا دەژی و بەشێکی زۆر لە پڕۆژە هونەرییەکانی لە باشووری کوردستان بەرهەمدێنێت و پێشکێشی دەکات.

زەهاوی ژەنیاری ئامێرە ریتمییەکانە و بەکالۆریۆسی ئیتنۆموزیکۆلۆژی لە زانکۆی ساواسی لەندەن وەرگرتووە و پرۆژەی زانکۆکەشی لەبارەی هەڵپەڕکێی کوردی بووە.

ئەو دەفژەنە کوردە، وەک پێشکێشاری بەرنامەی هونەری، لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کاریکردووە، لەوانە بەرنامەی 'ئاوازی جیهان' و 'ئاوازی زەهاوی'.

لە 20-06-2019 هەژار زەهاوی لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەندی جیهانی، کۆنسێرتی 'شارەکانی نێرگز'ـی لە قەڵای هەولێر سازکرد، کۆنسێرتەکە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو و هەوڵێک بوو بۆ ناساندنی زیاتری ئەو قەڵایە لەسەر ئاستی جیهاندا.

زەهاوی دامەزرێنەری گرووپی نیشتمانە کە لەلایەن رووداو چالاکییەکانی سپۆنسەری دەکرێن و شەش ئەندامی هەیە، خاوەن چەندین بەرهەمە و لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا میوزیکی کوردی پێشکێشکردووە.

لە 2014 تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلمێکی لەبارەی ئەو هونەرمەندە کوردە بەناوی 'هەژار زەهاوی' بەرهەمهێناوە و لە لەندەن و هەولێر وێنەگیراوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە