رووداو - قاهیرە
لە دوورگەیەکی ناوەڕاستی قاهیرە لەسەر رووباری نیل کۆشکی شازادەی جێنشینی میسر، کە نیو سەدە ماڵ و تەختی شاهانەیان بوو، بووەتە شوێنی گەشتیاران.
کۆشکی محەممەد عەلی، کە بە کۆشکی مەنیەل ناسراوە، لەلایەن شازادە محەممەد عەلی کوڕی خدێوی تۆفیق لە ساڵی 1901 دەست بە دروستکردنی کراوە، رووبەرەکەی 61 هەزار و 711 مەتر چوارگۆشەیە، 5 هەزار مەتر چوارگۆشەی بینایە، بەشی زۆریشی باخچەیە.
کۆشکەکە شاکارێکی تەلارسازیی ناوازەیە، شێوازی هونەری بیناسازیی ئیسلامی جۆراوجۆری تێدایە، لە سێ بەش پێکدێت: کۆشکی نیشتەجێبوون، کۆشکی پێشوازی، کۆشکی تەختی شاهانە.
هەروەها مزگەوت، مۆزەخانە و تاوەری کاتژمێری لێیە، کۆشکەکان لە ناوەوە بە باخچە دەورە دراون، کۆمەڵێک دار و رووەکی دەگمەنی تێدایە، هەروەها لە کۆشکی تەختی شاهانەدا وێنەی بەشێکی فەرمانڕەواکانی میسر دانراون.
محەممەد عەلی پاشا لە سێ کاتی جیاوازدا شازادەی جێنشینی میسر بووە، خۆی پێشنیازی کردبوو، دوای مردنی کۆشکەکە بکرێتە مۆزەخانە بۆ ئەوەی سەردانکەران چێژ لە جوانی هونەری کۆشکەکە وەربگرن، دوایینجار لە ساڵی 2005 دەست بە نۆژەنکردنەوەی کرا و لە 2015 کرایەوە.