ماریا هەورامی: جوانكاریم نەكردووە و نایكەم

28-10-2015
رێكەوت سەلام
نیشانەکردن ماریا هەورامی
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەو دەنگەی كە تەنیا گۆرانیی هەورامی پێدەڵێت زوو هەواداری بۆ پەیدابوون، ماریا هەورامی تەمەنی 25 ساڵە، تاوەكو ئێستا تەنیا بەشداری كۆنسێرت و بەرنامەی هونەریی تیڤییەكانی كردووە و هیچ ئەلبوومێك و گۆرانییەكی سینگڵی تایبەت بەخۆی نییە، سەرجەم ئەو گۆرانییەی دەیانڵێتەوە فۆلكۆری ناوچەكەیەتی، بەڵام بەنیازە یەكەم گۆرانی خۆی بە شێوەزاری سۆرانی تۆمار بكات.

ماریا كەمال مستەفا، ناوە هونەرییەكەی ماریا هەورامییە، دایك و باوكی لە هەورامان لەدایك بوون، بەڵام خۆی لە گەڕەكی ریعایەی شاری سلێمانی لەدایك بووە. ماریا دەرچووی بەشی میوزیكی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانییە و لە ساڵی 2009 بەدواوە دەستی بە گوتنی گۆرانی كردووە، بەتایبەتیش گوتنەوەی گۆرانییە هەورامییەكان، ئەو ستایلەی هونەرمەندانی دیكە ناتوانن خۆی لە قەرە بدەن، بەڵام بۆ ماریا وەك بڵێی ئاوخواردنەوە بووە "چونكە من خەڵكی ناوچەكەم و هەورامیم، بەڵام رەنگە بۆ هونەرمەندێكی نا هەورامی زۆر زەحمەت بێت گۆرانی هەورامی بڵێت".

بەرهەمەكەی هەورامی نییە

ماریا شەش ساڵە دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئەلبوومێكی نییە و تەنانەت گۆرانی سینگڵی تایبەت بە خۆی نییە. ماریا هۆكارەكەی باس دەكات و دەڵێت "بەهۆی نەبوونی كات و سەرقاڵبوونم بە خوێندنی پەیمانگا نەمدەتوانی هیچ بەرهەمێك تۆمار بكەم، بەڵام ئێستا سەرقاڵی بەرهەمێكم".

ئاوازی ئەم گۆرانییەی ماریا لەلایەن مامۆستا بورهان موفتی زادەوە دانراوە و بەنیازە تێكستێك بۆ ئاوازەكە هەڵبژێرێت. بەڵام گوتی "گۆرانییەكە بە شێوەزاری هەورامی نابێت، چونكە هەوادارێكی زۆرم هەن و دەڵێن بۆچی بە شێوەزارەكانی دیكە گۆرانی ناڵێیت، منیش بڕیارم دا دڵیان نەشكێنم و بەرهەمەكەم بە شێوەزاری سۆرانی بڵێم".

ماریا پەلە لە بەرهەمهێنانی گۆرانییەكەی ناكات، چونكە نایەوێ‌ تەنیا چەند رۆژێك گوێی لێ‌ بگیرێت "من نامەوێت بەرهەمێك تۆمار بكەم بۆ ماوەیەكی كورت بێت و دواتر كەس گوێ لەو بەرهەمە نەگرێت. دەمەوێت بۆ مێژوو كار بكەم، بۆ نموونە 5 ساڵ جارێك بەرهەمێك تۆمار بكەم".



بۆچی لە كیژان جیابووەوە

ماریا هەورامی بۆ ماوەیەكی زۆر لەگەڵ گرووپی كیژانی سلێمانی بە سەرپەرشتی هونەرمەندی میوزیكژەن ئەنوەر قەرەداغی كاری كرد، بەڵام دواتر جیابوونەوەی خۆی لە گرووپەكە راگەیاند.

ماریا زۆر پەسنی ئەو گرووپە دەدات و هۆكاری جیابوونەوەشی رووندەكاتەوە "گرووپی كیژانی سلێمانی سەرەتایەك بوو بۆ من، كۆمەڵێك هونەرمەندی زۆر باشی تێدابوو، بە تایبەتی مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی كە زۆر لەگەڵم هیلاك بوو، زۆر سوپاسی دەكەم". بۆ جیابوونەوەكەش دەڵێت "تەنیا دەمەویست بە تەنیا و بە ئازادی كار بكەم، دەمەوێت هەنگاوێكی دیكەی ژیانی هونەری تاقی بكەمەوە".



ئاهەنگ بۆ حیزب ناكات

ماریا هەورامی بەشداری چەندین كۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی كردووە، بەڵام بەشداری كارێك ناكات حیزبی بێت و بۆنی سیاسەتی لێوە بێت.
ماریا دەڵێت "چەندینجار بۆ بۆنەی حیزبەكان بانگ كراوم بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم، بەڵام من رەتمكردووەتەوە، چونكە نامەوێت هونەرەكەم تێكەڵی سیاسەت بكەم".

لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە داوا لە ماریا كرابوو بەشداری كۆنسێرتێك بكات، بەڵام ئەو رەتیكردبووەوە، ماریا هۆكارەكەی باسكرد و گوتی "سوپاسی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەم، بەڵام كاتەكەی گونجاو نەبوو لەوێ‌ كۆنسێرت بكەم. بەس پشتیوان بەخودا كاتێكی گونجاوم هەبێت، خۆشترین كۆنسێرتیان بۆ دەكەم".

ئەو كۆنسێرتەی قەت لە بیری ناكات، كۆنسێرتێك بووە لە شاری هەولێر، ماریا دەڵێت "ئەو كۆنسێرتەی كە زۆر پێی دڵخۆش بووم، كۆنسێرتی شاری هەولێر بوو، چونكە لەوێ‌ بۆم دەركەوت كە خەڵكی هەولێر چەندە هونەردۆستن".



هەورامییەكان دەستخۆشی لێدەكەن

زۆر لەو هونەرمەندە گەنجانەی بەرهەمی گۆرانیبێژە دێرینەكان یان گۆرانی فۆلكلۆر دەڵێنەوە، دەكەونە بەر رەخنەی خەڵك و شارەزایانی بواری هونەری گۆرانی، چونكە زۆرجار مافی تەواو بە گۆرانییەكە نادەن و لە رەسانەیەتی دایدەماڵن.

ماریا پێیوایە ئەو لەو هونەرمەندانە نییە كە زۆر رەخنەی لێ گیرابێت و دەڵێت "من گۆرانی ناوچەی هەورامان دەڵێمەوە، ئەوەندەی دەستخۆشی هەورامییەكانم بۆ هاتووە، چارەكی ئەوە رەخنەم لێ‌ نەگیراوە، چونكە من لە دڵەوە خزمەتی هەورامان دەكەم". گوتیشی "جگە لەوە ژنی گۆرانیبێژی هەورامیمان زۆر كەمە، بۆیە پێموایە من توانیومە خزمەتێكی باشی گۆرانی هەورامی بكەم".



دژی جوانكارییە

جوانییەكەی ماریا جۆرێكە كە هەندێك كەس گومان دەكەن نەشتەرگەریی جوانكاری كردبێ‌، بەڵام ئەو رەتیدەكاتەوە جوانكاریی كردبێ‌ و دەڵێت "جوانكاریم نەكردووە، قەتیش حەزم لێی نەبووە، بەنیازیش نیم جوانكاری بكەم، چونكە هەست دەكەم ئەوكات دەبمە كەسێكی دەستكرد".


 



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە