دامەزراوەیەکی ئەمریکی رێزلێنان دەبەخشێتە فۆتۆگرافەرێکی کورد

26-11-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دامەزراوەی هاوکاری رزگاربووانی جەنگ ناسراو بە (تاپس) رێز لە کارەکانی فۆتۆگرافەرێکی کورد دەگرێت، کە تایبەتن بە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش و کەسوکارەکانیان، فۆتۆگرافەرە کوردەکە دەڵێت: "رێزلێنانەکە شایەنی پێزانینە و بەردەوام دەبم لە گەیاندنی ئازایەتیی پێشمەرگە و داستانەکانیان بەرامبەر بە داعش بە جیهان".
 
یونس محەممەد، فۆتۆگرافەرێکی کوردی دانیشتووی هەولێرە، ئەمڕۆ هەینی 26-11-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی دامەزراوەی هاوکاری رزگاربووانی جەنگ ناسراو بە (تاپس)، (Tragedy Assistance Program For Survivors)ی ئەمریکی کارەکانی منیان بینیبوو بەتایبەت پڕۆژەی 'برینە کراوەکان' کە تایبەتە بە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش و بنەماڵەکانیان و ژیانی ئەوان، داوایان لێکردم  سیمینارێک پێشکەش بکەم، لە هەولێر باسی ئەو پڕۆژەیم بۆ کردن، کارەکانیان پێ باش بوو، دواتر لەلایەن خاتوو بۆنی کەڕۆڵ، سەرۆکی دامەزراوەکە رێزیان لێنام بە پێشکەشکردنی نیشانەی دامەزراوەکە بە بەندە".
 
ئەو رێکخراوە تایبەتە بەو ئەمریکییانەی قوربانیی شەڕەکانن و ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە شەڕەکاندا برینداربوون یان کوژراون
 
یونس محەممەد گوتی: "ئەو رێکخراوە ماوەی چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستانن و هاتوون بۆ دروستکردنی پەیوەندی و بەسەرکردنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بوون".
 
دامەزراوەی هاوکاری رزگاربووانی جەنگ ناسراو بە (تاپس)، (Tragedy Assistance Program For Survivors)ی ئەمریکی دامەزراوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەر بە سوپای ئەمریکایە بایەخ بە کەسوکاری قوربانییانی شەڕەکان لە ئەمریکا دەدات.
 
یونس محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1968ی دهۆکە و نیشتەجێی شاری هەولێرە، کار بۆ دامەزراوە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات و بەشێک لە فۆتۆکانی لەسەر ئاستی دونیا دەنگدانەوەیان هەیە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بەشەڕی دژ بەداعش و پێشمەرگەوە هەیە.
 
سەبارەت بە پڕۆژەی برینە کراوەکان، کە یەکێکە لە دیارترین پڕۆژەکانی، یونسی محەممەد گوتی: "لەساڵی 2019ەوە دەستم بەو پرۆژەیە کردووە و تایبەتە بە پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش و کەسوکارەکانیان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 فۆتۆم کۆکردووەتەوە و لە 25 پێشانگەی نێودەوڵەتیی فۆتۆ نمایشم کردوون، فۆتۆکان زیاتر لە 20 خەڵاتیان بەدەستهێناوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە