رووداو دیجیتاڵ
فڕینی بە کۆمەڵی ریشۆڵە و باڵندەکان لە ئاسماندا، وەک ئەوەیە لەگەڵ ئاوازێکدا جووڵە و سەما بکەن، لە دانیمارک بەمە دەڵێن "خۆری رەش".
فۆتۆگرافەرێکی دانیمارکی، چەند دیمەنێکی جوانی ساتی فڕینی ریشۆڵە و باڵندەکانی بە کامێراکەی چرکاندوون و بوونەتە تابلۆ و هۆگرانی هونەری فۆتۆگرافی دەیبینن.
پێشانگەی سۆرین سۆلکیر، فۆتۆگرافەری ناسراوی دانیمارکی، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافی "ئێکسپۆژەر" لە شاریقەی ئیمارات کراوەتەوە، 35 تابلۆ بە قەبارەی جیاواز بەرچاو دەکەون، نرخیان لە نێوان دوو بۆ هەشت هەزار دۆلارە.
لە هونەری فۆتۆگرافیدا سۆلکیر، بە دوو شێوازی جیاواز کاردەکات، وێنەی رەش و سپی و وێنەی رەنگاورەنگ.
سۆرین سۆلکیر، فۆتۆگرافەری دانیمارکی، بە رووداوی راگەیاند: "دوو شێوازی جیای کارکردنم هەیە، بە شێوازی رەش و سپی و شێوازی رەنگاوڕەنگ کارەکانم دەکەم. ئەو وێنە رەش و سپییانەی دەیانکێشم، بۆ ئەوەن کواڵێتی ئەو دیاردەیە باشتر بکەم. هەروەها من سەرسامم بە هونەری ژاپۆنی، بە داتاشینی دار و بە خۆشنووسی".
سۆرین سۆلکیر (55 ساڵ)، لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، گەشتی بەرفراوانی لە پێناو پڕۆژە هونەرییەکانیدا کردووە.
سۆلکیر، لەبارەی پێشانگەکە گوتی: "یەکەمین جارە بەشداری لە فێستیڤاڵی وێنە دەکەم. فێستیڤاڵەکە زۆر سەرنجی راکێشاوم و خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردووە، 130 فۆتۆگرافەر بەشدارییان کردووە، هەموویان فۆتۆگرافەری زۆر نایابن لە جیهاندا. هەروەها شێوازی رێکخستنی شتەکان، شێوازی چاپکردن و رووناکی، هەموو شتێک زۆر بە باشی کراوە".
جگە لە فۆتۆگرافەرانی پێشانگەیان لە فێستیڤاڵەکەدا هەیە، فۆتۆگرافەری دیکە لە سەرتاسەری جیهانەوە هاتوون، بۆ بینینی ئەزموونە جیاوازەکان.
دیا گریش، فۆتۆگرافەرە و لەبارەی پێشانگەکە بە رووداوی راگەیاند: "هاتم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی بەنێو ئەو گالێرییە سەرنجراکێشانەدا بگەڕێم. کاتێک لە نێو پێشانگەکەدا دەگەڕام، ئەو گالێرییە زۆر سەرنجی راکێشام کە تایبەتە بە خۆرێکی رەش و ژمارەیەکی زۆر باڵندە. فۆتۆگرافەرەکە پێی گوتم کە کاتێکی زۆری ویستووە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدات. ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی سەرنجراکێشە و هەموو وێنەکانیش زۆر جوانن".
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فۆتۆگرافی "ئێکسپۆژەر" لە شاریقەی ئیمارات، لە 20ـی شوباتی 2025 دەستپێکرد و تاوەکو سبەی پێنجشەممە 27ـی شوبات بەردەوام دەبێت، تێیدا دوو هەزار وێنەی فۆتۆگرافی لە 100 گەلەری خراونەتەڕوو، جگە لە بەڕێوەچوونی 50 وۆرکشۆپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ