رووداو دیجیتاڵ
ماهیر زەین، هونەرمەندی لوبنانی - سوێدی، نوێترین بەرهەمی ئایینی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە و ئاواز و تێکستی لەلایەن شامل بریفکانی، ئاوازدانەری کورد دانراوە و دەڵێت، بێ بەرامبەر تێکست و ئاوازەکەی داوەتە ئەو هونەرمەندە. هونەرمەند محەممەد ژووری دەڵێت، ئەو پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە بەرهەمەکە بە شێوەزاری بادینی بێت.
شامل بریفکانی، میوانی نیورۆژی رووداو بوو و باسی لەوەکرد، ئەو تێکست و ئاوازی بەرهەمە نوێیەکەی ماهیر زەینی داناوە، گوتیشی، لە رێگەی مستەفا جەجەلی، هونەرمەندی تورک ئەو پەیوەندییەی لەگەل ماهیر زەهین دروستبوو، پێشتریش بەرهەمێکی داوەتە جەجەلی.
بریفکانی، روونیشیکردەوە، ماهیر زەین هاوڕێی کوردی زۆرە و لە 2020 بە دوای بەرهەمێکی ئایینی کوردیدا دەگەڕا، زۆر بەرهەمی بۆ پێشنیاز کرابوو، بەڵام بە دڵی نەبوون، دوایین بەرهەم کە بۆی پێشنیازکرابوو؛ ئەم بەرهەمە بوو و زۆر بە دڵی بووە.
بەشێکی تێکستی بەرهەمەکە لەلایەن عوبەید عومەر ئامادەکراوە و ئاوازی لەلایەن شامل بریفکانی، ماهیر زەین و د. رەفعەت ئەبلای ئامادەکراوە.
بەرهەمەکە بەناوی "ئەی غەفوور و رەحیم"ـە و لە باکووری کوردستان وێنەگیراوە و دەبێتە یەکەم بەرهەمی ئەو هونەرمەندە بە زمانی کوردی و دەنگدانەوەیەکی زۆری لە نێو کوردا هەبووە.
دلدار هەرکی، پێشکێشکاری رووداو، لە میانەی گفتوگۆیدا لەبارەی ئەم بەرهەمە لەگەڵ شامل بریفکانی، پرسیاری ئەوەی لێکرد، لە داهاتوودا ئاواز و تێکستی دیکە بە هونەرمەندانی دیکەی بیانی دەدات؟ بریفکانی گوتی، کاری بۆ چەند هونەرمەندێکی دیکەی جیهانی کردووە و لە داهاتوودا باسیان دەکات.
لەبارەی بوودجەی بەرهەمەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کارەکە بە گشتی بە خۆبەخشی کراوە، ئەویش هیچ پارەیەکی لەبەرامبەر ئاواز و تێکستەکە وەرنەگرتووە.
هونەرمەند محەممەد ژووری، سەرپەرشتیاری بەرهەمەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەتا مستەفا جەجەلی، هونەرمەندی تورک، پەیوەندی پێوە کردم و گوت، ماهیر زەین دەیەوێت بەرهەمێكی ئایینی بە زمانی کوردی بڵێت، منیش پێشنیازم کرد بە شێوەزاری بادینی بیڵێت، ئەوانیش رازیبوون، بۆیە پەیوەندیم بە شامل بریفکانییەوە کرد و تێکست و ئاوازی بۆ ئامادەکرد، بەڵام دواتر تێبینی لەسەر بەشێکی تێکستەکە هەبوو و دەستکاری کرا".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "دواتر لەگەڵ مستەفا جەجەلی کارمان لەسەر ئەوەکرد کە چۆن ماهیر زەین گۆرانییەکە بە دروستی لە رووی فۆنەتیکەوە بڵێتەوە، بۆیە تێکستەکەمان بە دەنگ بۆی ریکۆرد کرد و بۆمان نارد".
گوتیشی: "بەرهەمەکە لە رەمەزانی 2023 بەرهەمهێنرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوو، بڕیاردرا لە رەمەزانی 2024 بڵاوبکرێتەوە".
روونیشیکردەوە، پێشتر بەرهەمێکی دیکەی بەناوی "دهوک بیکا بادینان" بۆ مستەفا جەجلی ئامادە کردووە، ئەویش بەبۆنەی گێڕانی کۆنسێرتێک بوو لە دهۆک.
پێشتر، سامی یوسف، هونەرمەندی ئازەری – بەریتانی، سروودێکی بەناوی "یا رەسوڵەڵڵا یا شای مەدینە" بڵاوکردەوە کە بەشێکی بە زمانی کوردی بوو .
ماهیر زەین، لە رێگەی سروودی "یا نەبی سەلام عەلەیکە" ناوبانگییەیکی زۆر لە جیهانی ئیسلامیدا بەدەستهێنا و ڤیدیۆکلیپەکەی لە یوتیوب زیاتر لە 568 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە، لە کوردستانیش هەواداری زۆری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ