یادی جگەرخوێنی شاعیر لە ئامەد کرایەوە

22-10-2024
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، چالاکییەک لە 40ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جگەرخوێن، شاعیری کورد سازکرا.
 
رۆژی سێشەممە، 22-10-2024، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی کاری کۆمەڵایەتی و کولتوور سەر بە گەورەشارەوانیی ئامەد، لە 40ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جگەرخوێن، شاعیری کورد چالاکییەکی سازکرد. بەشێک لە سەرۆکشارەوانیی شارۆچکەکانی پارێزگاکە و ژمارەیەک لە نووسەران بەشدار بوون.
 
دلاوەر زەراق، نووسەر و وەرگێڕی کوردی خەڵکی ئامەد لە قسەکەرەکانی چالاکییەکە بوو و گوتی، جگەرخوێن خاوەنی زۆر بەرهەمی وەک شانۆ، چیرۆک و شیعرە و گوتی، ''شیعرەکانی بۆ زۆر هونەرمەندی گەورە سرووشبەخش بوون''. 
 
زەراق ئاماژەی بەوە کرد، جگەرخوێن بەگوێرەی ریتمێک کە تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردی شیعری نووسی و رایگەیاند، ''ئەو شاعیرە سوودی لە ئەدەبیاتی زارەکی و کلاسیکی وەرگرت؛ سوودی لە شیعرەکان وەرگرت و سەرلەنوێ دایڕشتەوە''. 
 
جگەرخوێن ناوی شێخمووس حەسەن محەممەدە و ساڵی 1903 لە گوندی حەساری مێردینی باکووری کوردستان لەدایکبوو، هەوراز و نشێوییەکی زۆری لە ژیانی خۆیدا بینی و دەڵێت، "بەهۆی کەمیی سەرچاوەکانی فێربوونی شیعرەوە ئازاری زۆرم چەشت تاوەکو توانیم ببمە شاعیر، بەڵام بەردەوام بووم لە هەوڵەکانم تاوەکو ئەو کاتەی شیعرم نووسی و کتێبم بڵاوکردەوە؛ بۆیە نەوەی داهاتووی دوای من، بەدەست نەبوونی سەرچاوەوە ناناڵێنن".
 
جگەرخوێن خاوەن هەشت دیوانی شیعرە و هەندێک کتێبی چیرۆک، کولتووری و مێژوویی هەیە.
 
ئەو شاعیرە لە 22ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1984 کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بەخاک سپێردرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆستەری زنجیرەی "For All Mankind"

وەرزی پێنجەمی زنجیرەی 'For All Mankind' بەرهەمدێت

لە دوای بڵاوکردنەوەی دوایین ئەڵقەی وەرزی چوارەمی زنجیرەی "For All Mankind" لە کانوونی دووەمی 2024، بەرهەمهێنەرانی بڕیاری بەرهەمهێنانی وەرزی پێنجەمیان داوە.