رووداو- هەولێر
لەگەڵ حەیرانەكانی هونەرمەندی كۆچكردووی كورد حەسەن سیساوەیی سەری دەلەقاند، ئەو هەرچەندە هیچ لە زمانی حەیرانەكە تێنەدەگەیشت، بەڵام لەگەڵ سۆزی دەنگی حەیرانبێژەكە روخساری زیاتر دەگەشایەوە، پێدەچوو بە ئاسانی شەیدای ئەسمەر و مامەری ئەو هونەرمەندە میللییە بووبێت.
رۆلف كیڵەس، زیاتر لە 30 ساڵە وێڵی كۆكردنەوەی ئەرشیف و بەدۆكیۆمێنتكردنی فەرهەنگ و كولتووری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەمجارە دەیەوێت فەرهەنگ و گۆرانی و میوزیكی دێرینی كوردی بخاتە ئەرشیفی مەزنی كتێبخانەی نیشتمانیی بەریتانیاوە.
رۆڵف كیڵەس، راوێژكار و شارەزای هونەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆزەخانە و كتێبخانەی بەریتانیا، بەمەبەستی كۆكردنەوە و بە دۆكیۆمێنتكردنی هونەری كوردی ماوەی هەفتەیەكە لە باشووری كوردستانە. ئەو دەیەوێت مێژووی گۆرانی و میوزیكی دێرینی كوردی، ئەو هونەرەی لە گوندەكان و ناوچە دوورە دەستەكانی كوردستان بە زیندوویی لەسەر زاری خەڵك ماوەتەوە دووبارە بنووسێتەوە.
رۆڵف كیڵەس بەدەم خواردنەوەی چایی لە ماڵی هاوڕێیەكی لە گوندی ئیتاڵیی شاری هەولێر، باسی لەو ئەرشیفانە دەكرد كە لە ماوەی دوو ساڵدا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كۆی كردوونەتەوە. لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای ئەوەی مێژووی میوزیك و سەمای وڵاتانی هیندستان، پاكستان، نیپاڵ، بەنگلادیش و وڵاتانی كەنداوی عەرەبیم كۆكردەوە و توێژینەوەیەكم لەسەر بڵاوكردنەوە، ئێستا لە كتێبخانەی گشتیی بەریتانیا پارێزراوە كە بریتییە لە زیاتر لە 400 كاژێر ریكۆردی وێنە و دەنگی گۆرانی و میوزیكی فۆلكلۆری ئەو وڵاتانە، خەڵك و توێژەران دەتوانن سوودی لێ وەربگرن".
ئێستا رۆڵف دەیەوێ مێژووی میوزیك و گۆرانیی كوردی وەكو گەلێكی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بنووسێتەوە. رۆڵف بەردەوام دەفتەرێك و قەڵەمێكی بەدەستەوەیە كە ژمارەی تەلەفۆنی بەشێك لە هونەرمەندان و شارەزایانی هونەری دێرینی كوردی لەسەر نووسراوە، هەروەها كاتی چاوپێكەوتنەكانی لەسەر نووسرابوو. هەرچەندە ئەو نیگەران بوو لەوەی كە هەندێك لە هونەرمەندانی كوردستان وەڵامی تەلەفۆن نادەنەوە، بەڵام زۆر دڵخۆشیش بوو كە پێشوازییەكی گەرمی لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە لێكراوە.
رۆڵف سەرەتای ناسینی هونەری كوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ 30 ساڵ پێش ئێستا، ئەویش لە رێگەی حەیرانەكانی حەسەن سیساوەیی. ئەو دەڵێت "نزیكەی 30 ساڵ پێش ئێستا بۆ گەشت سەردانی شاری ئامەد و وانم كرد، لەوێ لەنێوان وان و دیاربەكر بە پاس هاتوچۆمان دەكرد، بۆ ماوەی سێ كاژێر بەدەم رێگاوە حەیرانەكانی حەسەن سیساوەیی لێدران، منیش زۆر سەرسامی ئەو دەنگە و شێوازی گوتنەكەی بووم، ئەمەش سەرەتای ناسین و خۆشەویستیی من بوو بۆ میوزیك و گۆرانیی كوردی، هەر بەیادی ئەو رۆژەوە ئەمڕۆ دەمەوێت میوزیك و گۆرانیی كوردی ئەرشیف بكەم".
رۆڵف نیگەرانە لەوەی كە خەڵكی جیهان شارەزایی زۆر كەمیان لەسەر میوزیك و گۆرانیی كوردی هەیە و دەڵێت "بەداخەوە لە ئەرشیفی وڵاتانی ئەوروپیدا هونەری كوردی زۆر لاوازە، شارەزاییەكی ئەوتۆیان لەسەری نییە، بۆیە من ویستم لەو رێگایە خزمەت بە میوزیك و گۆرانیی كوردی بكەم، تاوەكو هەموو دونیا بە هونەر و فەرهەنگی كوردی ئاشنا بێت".
رۆڵف كیڵەس بەڵێنی داوە كاتێ كۆتایی بە توێژینەوەكەی لە بواری بە ئەرشیفكردنی هونەری كوردی هات، دانەیەك لە ئەرشیفەكەی پێشكەشی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان بكات. ئەو دەڵێت" داوا دەكەم وەزارەتی رۆشنبیری زۆر گرنگی بە كولتوور و فەرهەنگی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئاشنا بكەن بە هونەرەكەی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم لەكوردستان شوێنێك یاخود سەنتەرێك بۆ ئەرشیفكردنی هونەری كوردی بكرێتەوە".
رۆڵف هەر تەنیا بەوەوە ناوەستێ كولتووری كوردی ئەرشیف بكات، بەڵكو بەنیازە دوای تەواوبوونی هەموو كارەكانی لە كوردستان، ماڵپەڕێك تایبەت بەو كارە بكاتەوەو هەموو بەڵگەو دۆكیۆمێنتەكان لەوێ لەسەر هونەری كوردی بڵاوبكاتەوە. ئەو دەڵێت "دەمەوێت ئەو توێژینەوەو گەڕانەی لەسەر هونەری كوردی دەیكەم، هەموو جیهان بیبینێ و بڵاو ببێتەوە، بۆ ئەوەی ئاشنای گۆرانی و مقامات و فەرهەنگی ئەم نەتەوەیە ببن، لەگەڵ ئەوەشدا من لە دوو رادیۆ لە ئەڵمانیا و سویسرا بەرنامەیەك بەناوی جیهانی میوزیك پێشكەش دەكەم، لەوێش باس لە میوزیك و گۆرانیی كوردی دەكەم، پاشان لە كتێبخانەی مەزنی بەریتانیا هەڵدەگیرێت و كۆپییەكی بۆ هەموو كتێبخانە و ئەرشیفخانەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا دەنێرن".



