'نەدەم' خەونی منداڵێک بۆ هونەر لە فیلمێکدا دەگێڕێتەوە

22-03-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن نەدەم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

"نەدەم" یاخود "پەشیمانی" فیلمێکی نوێی سینەماییە و چیرۆکی منداڵێکی عەرەبی عێراقی دەگێڕێتەوە، سەرەڕای رێگریی ماڵباتەکەی لەوەی بچێتە نێو دنیای هونەر، دواجار بەهۆی پێشبڕکێیەکی هونەرییەوە خەونەکەی بەدی دێنێت.
 
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی رێگا بەرزنجییە و بەرهەمی کۆمپانیای "سی سی فیلم پڕۆ"ـە، لە ماوەی 28 رۆژدا وێنەگرتنی لە هەولێر و شەقڵاوە بۆ کراوە. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
 
رێگا بەرزنجی، بە رووداوی راگەیاند، بۆ یەکەم جار لە کوردستان و عێراق، کۆمەڵێک گەنجی کورد فیلمێکی سینەمایی عەرەبی لە ئاستێکی جیهانیدا لە کوردستان بەرهەم دێنن. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، گشت ئەکتەرە سەرەکییە بەشداربووەکان؛ بەناوبانگترین ئەکتەرن لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبیەکان و بە بەرزترین کوالێتی وێنەگرتن بۆ فیلمەکە کراوە، بە کامێرای "ئاری ئەلێکسا ٣٥" و لێنزی "ئاری ماستەر ئەنەمۆرفیک" کە لە بەهێزترین فیلمە جیهانیەکاندا بەکار هاتووە و بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە عەرەبیەکان ئەم تەکنیکانە بەکار دێن.
 
لەم بەرهەمەدا ژمارەیەک ئەکتەری دیاری عێراق بەشدارن، لەوانەش دکتۆر جەبار جودی، بەکر خالید، بەڕا زوبەیدی، سارا ئاوس، فەوزییە حەسەن، ئەنعام روبەیعی، ساندی جەمال، لەیس حەیدەر و موهەنەد سەتار.
 

دیمەنێکی کاتی وێنەگرتنی فیلمی "ندم"

بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە لێهاتووترین ستافی سینەمایی لە کوردستان، عێراق، تورکیا، بۆسنیا، ئێران، لوبنان، هیندستان بەشدارن و بە ئاوێتەکردنێکی جیهانی، کارێکی جیهانی ئەنجامداوە.
 
روونیشیکردەوە، مایەی شانازییە گشت بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە؛ کوردن و ستافی پڕۆژەکە لە 95٪ کوردن. گوتیشی، بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمەکە میرساد هیڕۆڤێجە و خەڵکی بۆسنیایە، وێنەگرتنی بۆ چەندین فیلمی هۆڵیوودی کردووە. ستافی وێنەگرتن و دەنگ لە باشترینەکانی تورکیان لە بەرهەمهێنانی سینەمایی، پۆست پڕۆدەکشن و میوزیکی بەرهەمەکە لە تورکیا ئەنجامدراوە.
 
فیلمەکە لە ژانری درامایی، خێزانی و سەرکێشییە، رووداوەکانی لە سێ سەردەمی جیاواز روودەدەن، نوور منداڵی ماڵباتێکی بەرگدرووی عەرەبە و حەز بە پیشەی بەرگدروویی ناکات، خەونی ئەو هونەرە، سەرەڕای رێگری ماڵباتەکەی، دواجار فیلمێک لەگەڵ هاوڕێیەکەی بەرهەمدێنێت و لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە دەبێتە باشترین دەرهێنەر.
 
رێگا بەرزنجی، لەبارەی پەیامی فیلمەکە گوتی، نامە و ئامانجی زۆر جوان لە خۆ دەگرێت، هەر کەسێک فیلمی "نەدەم" ببینێت فێر دەبێت چۆن ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، ئەگەر چی زۆر سەختیش بێت. فێرمان دەکات چۆن هاوڕێی نیوەی رێگە نەبین، بەخشندە بین و پارێزگاری لە نهێنییەکان بکەین.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 17ـی نیسانی 2025 لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێشاندرێت و بەرهەمهێنەرانی پلانیان هەیە لە وڵاتانی دیکەی جیهان پێشانی بدەن، دواتریش لە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵی بڵاوکردنەوەی فیلم بڵاودەکرێتەوە.
 
 

 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

توێژەر سۆران نەقشبەندی

لە سلێمانی گفتوگۆ لەبارەی راگەیاندنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی کرا

لە سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوە بۆ راگەیاندنی پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ناونیشانی "چیرۆکی کوردبوون، لە نێوان بێدەوڵەتی و دروستکردنی کاریگەری نێودەوڵەتی، دیپلۆماسی کولتووری وەک رێگە چارە" رێکخرا.