دەرهێنەرێکی كورد بۆ (رووداو): بەنیازی بەرهەمهێنانی فیلمێكم لەسەر قازی محەممەد

20-07-2019
گوڵبەهار ئاڵتاش
نیشانەکردن قازی محەممەد باکووری کوردستان فیلم
A+ A-

رووداو- هەولێر

محەممەد ئەرسەلان، دەرهێنەری كوردی باكووری كوردستان، دەیەوێ‌ ژیاننامەی سەرۆكی كۆماری كوردستان قازی محەممەد بكاتە فیلم، بۆ سەرخستنی پرۆژەكەشی چاوی لە پشتیوانیی كارسازانی كوردە. 


 ئەم دەرهێنەرە كوردە تەمەن 60 ساڵە، دوای كۆتاییهێنان بە هەردوو پرۆژەكەی بەناوی "پۆستاڵی خوێناوی" كە باس لە ئەشكەنجەكانی نێو گرتووخانەی سزا قورسەكانی ئامەد دەكات، لەگەڵ فیلمی "خەبات"، ئەمجارە بەنیازە واژۆ لەسەر پرۆژەیەكی مێژوویی بكات. 

محەممەد ئەرسەلان كە هەڤپەیڤینێكی كورتی لەگەڵ (رووداو) كردووە، لە تەمەنێكی زۆر زووەوە دەستی بەكاری سینەمایی كردووە. تەمەنی 15 ساڵ بووە كە یڵماز گونەی سینەماكار و دەرهێنەری بەناوبانگی كوردی ناسیوە. باسی یەكەمین دیداری خۆی و گونەی دەكات و دەڵێت: "یڵماز گونەی لە گرتووخانە بوو. چوومە دیداری و پاسەوانەكە ئیدارەی گرتووخانەی ئاگادار كردەوە كە منداڵێك هاتووە بۆ دیداری یڵماز گونەی. لەو كاتەدا هاوڕێیەكی یڵماز گونەی لە ئەدەنەوە هاتبوو بۆ دیداری، لە رێگەی ئەوەوە، چوومە ژووەرەوە و چاوم بە یڵماز گونەی كەوت. باوەشمان بەیەكدیدا كرد و لەو رۆژەوە تا كۆچی دوایی كرد هاوڕێ بووین، بەچاوی برا گەورە سەیرم دەكرد". ئەرسەلان لە چوار فیلمی یڵماز گونەی-دا یاریدەدەری دەرهێنەر بووە.

 لەبارەی پرۆژە نوێیەكەیەوە كە بەنیازە ژیاننامەی قازی محەممەد، سەرۆككۆماری كوردستان بكاتە فیلم، دەڵێت بیرۆكەی پرۆژەكان و بەرهەمهێنانی فیلمەكانی هەموویان رێكەوت بوون. بۆ نموونە مەسعود باشتورك، بەنیاز بوو بەسەرهاتەكانی خۆی لە گرتووخانەی سزا قورسەكانی ئامەد كە بەپێی رۆژنامەی تایمز ئەوكات لە ریزبەندی خراپترین و مەترسیدارترین 10 گرتووخانەی جیهاندا بوو، بكاتە كتێب، كەچی ئەو كردی بە فیلمێك بەناونیشانی (پۆستاڵی خوێناوی). هەروەها فیلمی "خەبات" كە تاوەكو ئێستا لە سینەماكاندا نمایش دەكرێ، لە فێستیڤاڵی مۆناكۆ لەنێو سەدان فیلمدا، لە ریزبەندی 10 باشترین فیلمەكاندا هەڵبژێردرا.

ئەرسەلان دەڵێت "رۆژێكیان لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێ گفتوگۆمان لەبارەی سینەما دەكرد، پرسیاریان لێكردم كە بۆچی ژیاننامەی قازی محەممەد ناكەمە فیلم؟ منیش بیرۆكەكەم بەدڵ بوو، بەڵام گوتم ئەوە پرۆژەیەكی زۆر قورس دەبێت و بودجەیەكی زەبەلاحی پێویستە، دەبێ لە ئاستی هۆڵیوود ئەم كارە بكرێت. چونكە ئەگەر شان بدەمە بەر بەرپرسیارێتییەكی وەها گەورە، نابێ شكست بهێنم".

رۆژی دواتر لە هەژماری خۆی لە تویتەر تویتێكی كرد كە بەنیازی دەرهێنانی فیلمێكە لەسەر قازی محەممەد. لە ریتویتەكاندا پاڵپشتی و دەستخۆشیی زۆری لێكرا، تەنانەت كەسێك كە خۆی وەك كرێكارێك ناساندبوو، گوتبووی  كرێی رۆژانەی 70 لیرەیە و بەڵێنی دا كرێی تەواوی مانگێك بداتە ئەو بۆ سەرخستنی پرۆژەكەی. یەكێكی دیكە بەڵێنی بەخشینی مووچەی مانگێكی خۆی پێدابوو. محەممەد دەڵێت "ئەمانە جۆش و خرۆشێكی زۆریان پێدام. پرۆژەكە خۆی لە خۆیدا خزمەتە بە جەماوەر، بۆیە بەدڵنیاییەوە سەركەوتوو دەبێت".

محەممەد جگە لە لایەنی ماددیی فیلمەكە، پێویستی بە كۆكردنەوەی زانیاری زۆر هەیە لەبارەی مێژووی رۆژهەڵاتی كوردستان و قازی محەممەد، بۆیە بەنیازە سەردانی هەولێر بكات، بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ عەلی قازی، كوڕە تاقانەكەی قازی محەممەد بكات.

سەبارەت بە ئەكتەرەكانی فیلمەكەش، دەڵێت: "هاوڕێیەكم لە فەرەنسا هەیە كە هاوڕێی سەرۆكی سەندیكای هونەرمەندانی هۆڵیوودە و پێیگوتم كە دەتوانێت لە رێگەی ئەو هاوڕێیەوەی هونەرمەندم بۆ بنێرێت و بەڵێنەكەشی بەجێگەیاند، بۆیە كێشەمان لە ئەكتەریش نابێت".

دەرهێنەران لە توركیا بۆ بەرهەمهێنانی فیلمە مێژووییەكان زۆرتر پشت بە ئەكتەرەكانی یەشیل چام (پلاتفۆرمی سینەمای كلاسیكی توركی) دەبەستن، بەڵام ئەرسەلان كە ئەزموونی لەگەڵیان هەیە، نایەوێ‌ پشتیان پێ ببەستێ‌ و دەڵێت: "ئەكتەرەكانی یەشیل چام دەترسان كاری نواندن بۆ فیلمەكانی یڵماز گونەی بكەن، بەردەوام خۆیان بەدوور دەگرت. منیش هەمان كێشەم لەگەڵیان هەیە، بەڵێنی نواندنیان دەدا لە فیلمەكانم، دواتر پاساوی نەشیاویان دەهێنایەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆژەكەم نەكەن. بەتایبەتی لە فیلمی پۆستاڵی خوێناوی كێشەی زۆریان بۆ دروستكردم. ئەمە جگە لەوەی زۆر بەشداری لە زنجیرە دراماكان دەكەن و پارەیەكی زۆر وەردەگرن و لووتیان بەرز بووە. لەبری ئەوان، پشت بە ئەكتەرە بەناوبانگە جیهانییەكان دەبەستم".

ئەرسەلان پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر چەكدار دەبێت بۆ بەشداری لە فیلمەكە، بۆ ئەمەش پشت بە گوندنیشنان دەبەستێ‌. جەخت لەوەش دەكاتەوە كە بەهەموو شێوەیەك هەوڵی سەرخستنی پرۆژەكەی دەدات و دەڵێت " من هاوبیری یڵماز گونەیم و درێژە بە كاری هاوئایدیۆلۆژیاكەم دەدەم. زانیاری وردیشم لەبارەی بۆچوونە ئاینییەكانی قازی محەممەد هەیە، بەدڵنیاییەوە ئاراستەی بۆچوونەكانی ناگۆڕدرێن، بەپێچەوانەوە وەك خۆی باسیان دەكرێ‌". هەروەها دەڵێت: "لەم فیلمەدا بینەر ئاشنای كەسایەتیی راستەقینەی قازی محەممەد دەبێت. واتە قازی محەممەدێكی جیاواز نابینێ. لەوانەیە روخسارەكە تۆزێك جیاواز بێت، بەڵام  رۆحیەتی كاركردنەكەی لەنێو فیلمەكەدا رەنگدەداتەوە".

محەممەد چاوی لەوەیە كارسازانی كورد پشتیوانیی بكەن و سپۆنسەری بن بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە سەربگرێ‌ و دەڵێت: "خاوەن كارانی كوردی زۆر بەتوانا هەن. دەمەوێ شوێنپەنجەی ئەوان لەم پرۆژەیەدا هەبێت. لە بابەتی پارە و بودجە زۆر نیگەرانم، بۆیە ئەگەر كۆمەڵەیەك و رێكخراوێك سپۆنسەرمان بێت، كارەكان بە ئاسانی بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن، چونكە نامەوێ پرۆژەكە كەموكووڕی هەبێ".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە