رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بە ناوی سەردار جانان، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە وڵاتی ژاپۆنە و چوار کۆنسێرتی سازکردووە.
ئەو هونەرمەندە بە دەنگ، تەمبوور و میوزیکە تایبەتەکەی، لە چوار شاری ئەو وڵاتە کۆنسێرتی ساز کرد و کوردانی نیشتەجێی ژاپۆن و خەڵکی ئەو وڵاتە پێشوازییەکی گەرمیان لە کۆنسێرتەکانی کرد، بە گۆرانی و ئاوازی کوردی، هەڵپەرکێ و سەمایان کرد.
هونەرمەند سەردار جانان، لەبارەی ئامانجی سازکردنی کۆنسێرتەکانی لە ژاپۆن و هەڵوێستی خەڵکی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر هونەری کوردی، بۆ رووداو دوا و گوتی، "بەڕاستی زیاتر حەزدەکەم ژاپۆنییەکان بەشداری لە کۆنسێرتەکانمدا بکەن نەوەک کورد، چونکە کوردانی ئێمە لەوێ گوێ لە میوزیک و گۆرانیی کوردی دەگرن، کوردەوار و کوردپەروەرن، بۆیە مەبەستی من ئەوەیە؛ میوزیک و گۆرانیی کوردی بگەیەنمە خەڵکی ژاپۆن."
لە کۆنسێرتەکانیدا بە چەندین ستایل گورانی گوت، لە دەنگبێژییەوە بگرە تاوەکو گۆرانییە میللییەکان و گۆرانیی هەڵپەرکێ.
یەکێک لەو گۆرانیانەی سەردار جانان دەرفەتی بۆ رەخسا لە شاری هیرۆشیما بیڵێتەوە، گۆرانیی هیرۆشیمای کوردستان، بەرهەمی حەسەن شەریف، هونەرمەندی باشووری کوردستان بوو.
سەردار هەروەها گوتی "هونەرمەندی مەزن، حەسەن شەریف پێش چەند ساڵێک گۆرانیی هیرۆشیمای کوردستانی تۆمارکرد کە تایبەتە بە هەڵەبجە و ئەوە دووەمجار بوو من ئەو گۆرانییە بڵێمەوە، زۆر شەرەفمەند و بەختەوەرم کە ئەو گۆرانیە بڵێمەوە لەبارەی نزیکیی ئەو دوو شوێنە وەک لە گۆرانییەکەدا (بە هیرۆشیما) دەڵێ، هەڵەبجە خوشکی تۆیە.''
کۆنسێرتەکان بە دەستپێشخەریی هونەرمەندی ژاپۆنی ئەریکا ئۆیدا سازکران.
هونەرمەند سەردار جانان دەیەوێت میوزیکی کوردی بە هەموو جیهان بناسێنێت و دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە لە هەر وڵاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، ئامادەیە سەردانی بکات بۆ ئەوەی دەنگ و میوزیکی کوردی بگەیێنێتە خەڵکی ئەو وڵاتانەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ