دانا رەئووف دەقێکی شانۆیی خۆی لەسەر تەختی شانۆ پێشکێش دەکات

09-08-2023
پەسار فایەق
پرۆڤەی شانۆگەری 'لێکترازان'
پرۆڤەی شانۆگەری 'لێکترازان'
نیشانەکردن دانا رەئووف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

'لێکترازان' بەرهەمێکی نوێی شانۆییە و لە نووسین و دەرهێنانی دانا رەئووف، شانۆنووس و دەرهێنەری شانۆیی کوردە، ئێستا پرۆڤە بۆ بەرهەمەکە دەکرێت و لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە سلێمانی نمایش دەکرێت.
 
دانا رەئووف لەبارەی ئەم بەرهەمە بە رووداوی راگەیاند، بەرهەمەکە لە رووی ناوەڕۆک، فۆڕم و نواندنەوە شتێکی نوێیە بۆ شانۆی کوردی. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شانۆیەکە لێکترازانی کۆمەڵگەیە نەوەک بۆ کورد، بەڵکو بۆ لێکترازان و پەیوەندییەکانی مرۆڤە بە شێوەیەکی گشتی.
 
شیلان عەبدوڵڵا رەسووڵ یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی نێو بەرهەمە شانۆییەکەیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، گەیشتوونەتە قۆناخێکی باش لە پرۆڤەکردن و گوتیشی، هەر کارێکی نوێ بۆ ئەو قوتابخانەیەکە.
 
دانا رەئووف، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواوکردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردییە و لە 1992ـەوە لە ستۆکهۆڵمی سوێد دەژی، هەر لەو وڵاتە خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. 
 
لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی 'شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی' هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سوێدی و لەگەڵ شانۆی سوێدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. 
 
لە دوو کتێب دا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی دیکەیان بە سوێدی لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی کراوە. 
 
تاوەکو ئێستا 47 کتێبی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندین دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سوێدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ کتێبیشی بە سوێدی بڵاوکردووەتەوە، یەکێک لە کتێبە سوێدییەکانی 'رەوش و داهێنان' لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، ئەم کتێبە کارین هیلاندەر، پرۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ، زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.
 
لە پەیمانگەی هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتووەتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوێد و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سوێدی و بە کوردی پێشکێشکردووە. 
 
بەشداری چەندان کۆر و سیمیناری لە سوێد، دانیمارک و ئینگلتەڕا کردووە، جگە لە نووسین و وەرگێڕان و کتێبە تیۆرییەکانی دەقی شانۆیی نووسیوە.
 
دانا رەئووف سەرپەرشتی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە گۆڤاری 'شانۆ' و زنجیرەی 'دەقی شانۆیی بیانی' لە دەزگای ئاراس، ئێستا سەرپەرشتی گۆڤاری 'تاڤ' دەکات کە تایبەتە بە شانۆ و لە سلێمانی چاپ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە