جوان حاجۆ و هولیا ئاڤشار گۆرانییەک بە کوردی تۆمار دەکەن

دوێنێ کاژێر 06:44
دیار سلێمان
نیشانەکردن هولیا ئاڤشار جوان حاجۆ
A+ A-

رووداو-هەولێر

هەردوو هونەرمەندی کورد جوان حاجۆ و هولیا ئاڤشار، لە دوای ئەوەی گۆرانییەکی دوێتیان بڵاوکردەوە، بڕیارە بەرهەمێکی دیکەی دوێتی کوردی پێکەوە بڵاوبکەنەوە.
 
هولیا ئاڤشار، هونەرمەندی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان، رۆژی هەینی 4ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە بەرنامەیەکی یوتیووبدا کە خۆی پێشکێشی دەکات، میوانداریی پەروین چاکار، هونەرمەندی کوردی باکووری کوردستانی کرد و گۆرانی کوردیش یەکێک بوو لە مژارەکانیان.
 
چاکار لە ئاڤشاری پرسی، ''دەتەوێت گۆرانی کوردی بڵێیتەوە؟'' ئاڤشار لە وەڵامدا گوتی،''بەدڵنیاییەوە دەمەوێت؛ لەگەڵ جوان حاجۆ قسەمان کردووە و بەنیازین گۆرانی 'دۆستم دۆستم' بە کوردی بڵێین''.
 
جوان حاجۆ پێشتر لە پۆدکاستێکی تۆڕی میدیایی رووداودا بەناوی ''چەوا چێبوو؟'' کە لەلایەن دلبخوین دارا پێشکێش دەکرا، لەبارەی هولیا ئاڤشارەوە گوتی، بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکانی پێشنیازی چەندین هونەرمەندی کردووە بۆ ئەوەی گۆرانیی"ئەسمەر" پێکەوە بڵێن، بەڵام ئەو هولیا ئاڤشاری هەڵبژاردووە.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی هولیا ئاڤشاری هەڵبژاردووە، جوان حاجۆ گوتی، ''هولیا ئاڤشار کەسێکی زۆر باش و بەڕێزە، خزمەتی هونەری کردووە و هونەرمەندێکی کوردە. هیچ کاتێک نکۆڵی لە کوردبوونی خۆی نەکردووە.''
 
هولیا ئاڤشار و جوان حاجۆ لە ساڵی 2012 کلیپێکیان بە زمانی کوردی بەناوی "ئەسمەر" بڵاوکردەوە.
 
هولیا ئاڤشار 
هونەرمەندی ناسراوی باکووری کوردستان و تورکیا، هولیا ئاڤشار؛ لە نێو هەودارانیدا بە "ماڤی"ـش ناسراوە، ساڵی 1963 لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیا لەدایکبووە. باوکی جەلال ئاڤشار خەڵکی ئەردەخانی باکووری کوردستانە و لە هۆزی ئاڤشارە. 
 
هولیا ئاڤشار لە نێوان ساڵانی 1988-2013 بە گشتی 11 ئەلبوومی گۆرانیی بەرهەمهێناوە. هەروەها بەشداریی لە چەندین دراما، فیلم و پرۆگرامی تایبەتدا کردووە و چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە. لە فیلمی "ماڤی" واتە "شین" لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیسەس رۆڵیگێڕا، تێیدا تاتڵیسەس گۆرانییەکەی بە ناوی "ماڤی ماڤی ماس ماڤی" پێشکێشکرد.
 
جوان حاجۆ
لە 17ـی ئابی 1957 لە تربەسپیێی سەر بە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. لە بنەماڵەی حاجۆ ئاغایە کە لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ناوچەی مێردینیان جێھێشتووە. جوان حاجۆ لە منداڵییەوە خولیای میوزیک بووە. ساڵی 1979 کوردستان بەرەو ئەڵمانیا جێدەھێڵێت. لە زانکۆی "روهربۆچم" دەست بە خوێندنی میوزیک دەکات. 
 
ساڵی 2004 رێگەی پێدرا لە تورکیا کۆنسێرت سازبکات و پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، ئێستاش ئەو قەرەباڵخییەی کۆنسێرتەکەی حاجۆ لە کوردستان و ناوچەکەدا جێی باسە. حاجۆ خاوەن دەیان گۆرانییە بە زمانی کوردی کە بەشێکی زۆر لەو گۆرانییانەی لە وڵاتانی ئەوروپای بەرهەمهێناون. هەروەها چەندین کۆنسێرتی لە کوردستان و وڵاتانی دیکە سازکردووە. لە 2007 حاجۆ لە فیلمی "دۆڵ" لە دەرهێنانی ھونەر سەلیم رۆڵی گێڕا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە