لەیلا فەریقی: وەكو سەندرێلا زەحمەتی زۆرم بینیوە

06-01-2017
دەرباز یونس
نیشانەکردن لەیلا فەریقی
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوای ساڵانێك بێدەنگی، بۆ یەكەمجار لە رێگەی (رووداو)ەوە ئەو بێدەنگییە دەشكێنێ‌، ئاوازدانەری ئەلبوومە نوێیەكەشی بەڵێنی پێداوە كە ساڵی 2017 ساڵی ئەو بێت. خانمە هونەرمەندی كورد لەیلا فەریقی كە ناسناوی سەندرێلای شاشەی كوردیی دراوەتە پاڵ، لەم هەڤپەیڤینەدا هۆكاری بێدەنگبوونەكەی ئاشكرا دەكات و قسەش لەسەر ئەلبوومە نوێیەكەی دەكات.

رووداو: ماوەیەكی زۆرە بێدەنگی، هیچ بەرهەمت نەبووە، بەڵام زانیاریمان هەیە، سەرقاڵی بەرهەمێكی تازەی؟

لەیلا فەریقی: راستە، خەریكی چەند كارێكین بەشێوازی پۆپ، رۆمانسی و كلاسیك. بە هیوام بتوانین بەزووترین كات گوێتان لە كارەكانمان بێت.

رووداو: دوای 10 ساڵ بێدەنگی چی بە هەوادارانت دەڵێی؟

لەیلا فەریقی: راستییەكەی من تۆزێك تۆرابووم، لە جەماوەر و لە ئیشكردن. زۆرجار كە ئێمە ئیش دەكەین زەحمەتی زۆر دەكێشین، بەڵام كە كارەكە تەواو دەبێ‌، بایەخێكی وای نادەنێ‌. ئەوە تۆزێك نیگەرانی كردم، بەڵام ئێستا كە گەڕاومەتەوە، بە خۆشیی جەماوەرەكەیە و لەگەڵیان ئاشتبوومەوە.

رووداو: چەند لە گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەت تۆمار كردوون و چەندیان ماوە تۆماریان بكەی؟

لەیلا فەریقی: ئەلبوومەكەم لە 9 – 10 گۆرانی پێكدێ‌، نزیكەی پێنج گۆرانیمان تەواو كردووە. ئەلبوومەكە بە سەرپەرشتی بەڕێز كاك هەڵكەوت زاهیرە، زۆر زەحمەتی كێشاوە، لێرەوە زۆر سوپاسی دەكەم.

رووداو: زانیاریم هەیە لە ئەلبوومەكەت گۆرانییەكت بۆ ئافرەتان گوتووە، ناوەڕۆكەكەی چییە؟

لەیلا فەریقی: ئەو كارە لە مێژە پێوەی خەریكین، ئێستا كارەكە تەواو بووە، رەنگە هەفتەیەكی دیكە بە كلیپیش تەواو ببێ‌. پەیامەكەی من لەو گۆرانییە ئەوەیە كە ژیان بەبێ‌ ژن مانای نییە. لە راستیشدا هەر وایە.  

رووداو: ئێستا كوردستان بەرەوڕووی چەند قەیرانێك بووەتەوە بە تایبەتی شەڕی داعش. بەو هۆیەوە ژمارەیەكی منداڵ ئاوارە و كۆچبەرن، پلانت هەیە كار بۆ منداڵان بكەی؟

لەیلا فەریقی: بەڵێ‌، دیارە ئەمەشیان زۆر لەمێژە قسەی لەسەر كراوە، بەڵام بەداخەوە هەلەكە نەڕەخساوە. كارێكم كردووە بۆ منداڵانی هەموو جیهان.

رووداو: ئەو گۆرانییەی منداڵانیش هەر لەنێو ئەلبوومەكەت دەبێ‌، یان دوای ئەلبوومەكەت دەبێ‌؟

لەیلا فەریقی: هەر لەنێو ئەلبوومەكە دەبێ‌.

رووداو: ئەوە دووەمین ئەزموونی تۆیە لەگەڵ هەڵكەوت زاهیر، بۆچی دووبارە ئەوت هەڵبژاردەوە؟

لەیلا فەریقی: بۆ هەڵكەوت زاهیر؟ لە راستیدا كاركردن لەگەڵ كاك هەڵكەوت زۆر خۆشە. كەسێكی زۆر رێكوپێك و پرۆفیشناڵە. من بۆ كاركردن لەگەڵ ئەو زۆر ئاسوودەم.

رووداو: بەهۆی دەنگە تایبەتەكەت و جوانیەكەت، ناسناوی سەندرێلای شاشەی كوردیت پێدراوە، تۆ چۆن لەو ناسناوە دەڕوانی؟

لەیلا فەریقی: زۆرجار خەڵك بە هەڵە لەو ناسناوە تێدەگەن و پێیانوایە بەس مەسەلە جوانییەكەیە، بەڵام یەك مەسەلە لێرەدا زۆر گرنگە بیزانن. سەندرێلا لە ژیانیدا زەحمەتی زۆری بینیوە. ئەو ناسناوەش كە كاك هەڵكەوت بە منی داوە و زۆرجار قسەمان لەسەر كردووە، لەسەر بنەمای ئەوە بووە كە تووشی زۆر كێشە هاتووین لە كاری خۆماندا، بۆیە ئەو ناسناوەی بە من داوە. بێگومان بە ئیشی زۆر و باشتر دەتوانم پارێزگاری لەو ناسناوە بكەم.

رووداو: زەحمەتییەكانی ژیانی تۆ چی بوون؟

لەیلا فەریقی: بەهۆی ئەوەی ئێمە وەكو كورد نەمانتوانیوە لە زۆر بواری هونەریدا ئیش بكەین، نەبوونی شوێنێكی رۆشنبیری، نەبوونی كۆمپانیایەك كە دەست بداتە باڵی ئێمە. ئێمە زەحمەتییەكی زۆر دەبینین تاوەكو بەرهەمێك لەدایك دەبێ‌، بەڵام زۆر ئاسان و ئاسایی دێتە بەرچاو، مرۆڤەكان نازانن كە لە پشت ئەوەوە زۆر زەحمەت كێشراوە.

رووداو: پێشتر زوو زوو كۆنسێرتت دەكرد لە كوردستان و ئەوروپا، بەڵام كۆنسێرت و ئاهەنگەكانیشت راگرتن، پلانت هەیە جارێكی دیكە كۆنسێرت بكەی؟

لەیلا فەریقی: جارێ‌ لە بەرنامەمدا نییە. زۆرجار ویستوومانە لە كوردستان كۆنسێرت بكەین، بەڵام لە كوردستان كەموكوڕیی هەیە و ستاف نییە، نەمانتوانیوە ئەو جۆرەی ویستوومانە كۆنسێرت بكەین.

رووداو: تۆ یەكەم خانمە گۆرانبێژی كوردی كە گۆرانیی هاوبەشی كوردی و عەرەبیت لەگەڵ گۆرانیبێژی بەناوبانگی عەرەب، عەلی حەجار گوت. هیچ پرۆژەیەكی دیكەی هاوشێوەت هەیە.

لەیلا فەریقی: پێشنیاز هەیە، بەڵام چۆن و كەی دەكرێ‌، ناتوانم ئاشكرای بكەم.

رووداو: دوێتەكە هەر بە عەرەبی یان بە زمانی دیكەش؟

لەیلا فەریقی: بە زمانی دیكەش، رەنگە گۆرانییەكی فارسی بڵێم.

رووداو: ئێستا لەیلا فەریقی لە كوێ‌ و لەگەڵ كێ‌ دەژی؟

لەیلا فەریقی: ئێستا زیاتر لە كوردستانم بەهۆی ئەوەی سەرقاڵی ئامادەكردنی بەرهەمم. بەڵام لەنێوان ئێرەو سوێد ژیان بەسەردەبەم.

رووداو: هەر هونەرمەندێك كارێكی خۆی بە پڕۆژەی تەمەنی دەزانێ‌، تۆ پرۆژەی تەمەنت كردووە، یان ئەو ئەلبوومە بە پڕۆژەی تەمەنی خۆت دەزانی؟ یان لە داهاتوودا دەیكەی؟

لەیلا فەریقی: راستییەكەی هەر ئەلبوومێكم رەنگ و بۆنی خۆی هەیە، جێگایەكی تایبەتی خۆی هەیە. بێگومان من هیچ كات لە كارەكانی خۆم رازی نەبووم، بەردەوام هەوڵم داوە كاری باشتر بكەم. 

رووداو: زۆرتر گوێ لە كام گۆرانی خۆت دەگریتەوە؟

لەیلا فەریقی: زۆر بە كەمی گوێ‌ لە گۆرانییەكانی خۆم دەگرمەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە