"ئاڵای بێ وڵات"ـی بەهمەن قوبادی نمایشکرا

05-08-2016
دەرباز یونس
.....
.....
نیشانەکردن قوبادی
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەم پیاوانە زیاتر لە کۆبوونەوە و شوێنە سیاسییەکان دەبنیندرێن، فوئاد حوسێن و سەفین دزەیی هاتوونەتە سینەما و دەیانەوێت فیلمی سینەمایی "ئاڵای بێ وڵات"ـی بەهمەن قوبادی ببینن، ئەو فیلمە لە دەیان وڵاتی دونیادا پیشاندراوە، بەڵام یەکەمجارە لە باشووری کوردستان پیشاندەدرێت.


ئەو هۆڵەی فیلمەکەی تێدا پیشاندرا شوێنی دانیشتنی ١٢٠ کەسی تێدا هەبوو، هەر بۆیە بەشێک لە میوانەکان نەیانتوانی دانیشن و بەوەستانەوە سەیری فیلمەکەیان کرد، ئەوانەشی کە تاقەتیان نەبوو زۆر بوەستن، هۆڵەکەیان بەجێهێشت.

بەهمەن قوبادی، نووسەر و دەرهێنەر لە نمایشەکە ئامادەبوو و بە رووداوی راگەیاند "نەریمان فڕۆکەوان گەنجێکی کوردە و لە هەوڵی دروستکردنی فڕۆکەیە و فڕاندنی سەرکەوتوو بووە، ئەو ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە و ئامادەبوو، بەڵام هێلی لەڤی هونەرمەند کە بەهەمان شێوە رۆڵ دەبینێت لە رێورەسمەکە نەدەبیندرا و ئامادەنەبوو".

نەریمان فڕۆکەوان، ئەکتەری فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند "سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لە دوای بینینی فیلمەکە جگە لە دەستخۆشی رەخنەی لە قوبادی هەبوو و گوتی، کە فیلمەکە لە بەستنەوەی رووداوەکان کەموکوڕی هەبووە، هاونیشتیمانیان و بینەرانی فیلمەکەش جگە لە دەستخۆشی هەمان رەخنەیان لە فیلمەکە هەبوو".

مونا سادری، بینەری فیلم بە رووداوی راگەیاند "بەهۆی تایتلی ئینگلیزی بە باشی لە فیلمەکە گەیشتم، هەر بینەرێک بۆچوونی جیاوازی هەیە لەسەر ئەو فیلمە، چونکە چیرۆکی جیاوازی تێدایە، فیلمەکە زۆر بە باشی باسی ژیانی کەسانێکی دەکرد کە کۆمەڵێک هیوا و ئاواتیان هەیە، دەستخۆشی لە بەهمەن قوبادی دەکەم، هیوادارم خەڵکی باشووری کوردستان رێزی ئەو دەرهێنەرە بگرن".

"ئاڵای بێ وڵات" بەرهەمی هاوبەشی بەهمەن قوبادی و پارێزگای هەولێرە، تا ئێستا لە دەیان وڵاتی دونیا پیشاندراوە، لە فیلمەکەدا دەرهێنەر لە رێگەی ژیانی دوو کەسایەتی و پیشاندانی خەونەکانیان، بەشێک لە مێژوو و نەهامەتییەکانی میللەتی کورد پیشاندەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە