نیسانی داهاتوو فیلمەکەی ئێمی واینهاوس دەگاتە سینەماکان

04-02-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن ئێمی واینهاوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێمی واینهاوس، ئەو گۆرانیبێژە گەنجەی لە لووتکەی ناوبانگیدا، لە تەمەنی 27 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، فیلمێکی بایۆگرافی لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانییەوە بڵاودەکرێتەوە.
 
فیلمەکە بەناوی 'Back To Black'یە کە ناوی یەکێک لە ئەلبوومەکانیەتی و لە 2006 بڵاوکرایەوە و دانگەدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمەکە، ترەیلەرەکەی بڵاوکرایەوە و بڕیارە پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا لە 12ـی نیسانی 2024 دەستپێکات.
 
ماریسا ئابێلا، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی ئەو گۆرانیبێژە بەریتانییە لە فیلمەکەدا دەگێڕێت و لە دەرهێنانی تایلەر جۆنسنە و لەلایەن کۆمپانیای 'ستۆدیۆ کاناڵ' بڵاودەکرێتەوە.
 
ئەوانەی خاوەندارییەتی بەرهەمەکانی ئێمی واینهاوس دەکەن، پێشتر لەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە رایانگەیاندبوو، ئەوان دڵخۆشن بە بەرهەمهێنانی فیلمێک لەبارەی ئەو گۆرانیبێژە و بەهرەکەی بەشێوەیەک پێشان دەدەن کە شایەنیەتی.
 
ئێمی واینهاوس، لە 1983 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژێکی ریتمی خاو و ئاڕ ئاند بی ناسراوە، لە رێگەی گۆرانی 'Rehab' ناوبانگییەکی جیهانیی پەیداکرد، لە 23ـی تەممووزی 2011 لە تەمەنی 27 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و بە پێی لێکۆڵینەوەکان بەهۆی ژەهراویبوون بە کهولەوە گیانی لەدەستداوە.
 
بەم دواییە ماڵباتی واینهاوس، بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار فرۆشت و 30٪ـی ئەو پارەیە بۆ کاری خێرخوازی بۆ رێکخراوی ئێمی واینهاوس تەرخانکرا.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە