دەروون کاروان: دایک و باوکم زۆر پاڵپشتی هونەرەکەمن

01-01-2025
پەسار فایەق
هونەرمەند دەروون کاروان لە ستۆدیۆی رووداو
هونەرمەند دەروون کاروان لە ستۆدیۆی رووداو
نیشانەکردن دەروون کاروان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند دەروون کاروان رایگەیاند، لە 2024 زیاتر گۆرانیی هونەرمەندانی دیکەی گوتووەتەوە، لە 2025 زیاتر گۆرانی تایبەت بە خۆی بڵاودەکاتەوە، بەڵام لە گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دیکەش بەردەوام دەبێت.
 
لە رووماڵی رووداو بۆ سەری ساڵی نوێ، دەروون کاروان میوانی رووداو بوو، لەبارەی 2024 گوتی، ساڵێکی خۆش بوو و لەو ساڵەدا زۆر چالاک بوو، هەرچەند بەرهەمی تایبەت بەخۆی نەبووە، بەڵکو زیاتر بەرهەمی هونەرمەندانی کەڤەرکردووەتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نەیتوانی بەشێک لە پلانە هونەرییەکانی لە 2024 جێبەجێ بکات.
 
لەبارەی گۆرانییەکانی تایبەت بەخۆی گوتی، چوار گۆرانی تۆمارکردووە، بەڵام هێشتا بڵاوی نەکردووەتەوە و ترسی هەیە. لەبارەی هەودارانییەوە گوتی، زۆر پاڵپشتیی دەکەن و بەردەوام داوای گۆرانی نوێی لێدەکەن.
 
ئەو هونەرمەندە لەبارەی ئەو ئاستەنگیانەی رووبەڕووی ژنە هونەرمەندێک دەبنەوە گوتی، هونەرمەندان رووبەڕووی زۆر ئاستەنگی دەبنەوە، لەوانە کۆمەڵگە و لایەنی دارایی هونەرمەندەکە، بەهۆیەوە ناتوانێت وەک پێویست تواناکانی دەربخات. بە بڕوای ئەو هونەرمەندان پاڵشتی ناکرێن.
 
گوتیشی، ئەو باوەڕەی بە خۆی و دەنگی هەیە، ئەمەش وا دەکات بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکاتەوە واز بهێنێت. گوتیشی: "هیچ شتێک بێ هۆکار نییە، خودا کە دەنگێکی خۆشی بە من بەخشیوە، دەبێت پێشانی بدەم و هیچ هەڵەیەک لەودا نییە". 
 
ئەو هونەرمەندە سەرسامی خۆی بە دەنگی هونەرمەند لەیلا فەریقی خستەڕوو، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە نەوەی ئێستا هەر بەرهەمێک بەلایەوە جوان بێت گوێی لێدەگرێت.
 
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بۆ 2025 پلانی هەیە زیاتر بەرهەمی خۆی هەبێت و بڵاویان بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە دووبارە گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دیکە بەردەوام دەبێت.
 
دەروون کاروان زیاتر گۆرانیی پۆپ و خاو دەڵێتەوە و حەزی لەو شێوازی میوزیکەیە، بەڵام بە بڕوای ئەو کورد زیاتر حەزی لە گۆرانی شادە، بۆیە بەنیازە گۆرانی شادیش بڵێت، چونکە ناکرێت تەنیا گۆرانیگوتن بە حەزی هونەرمەند خۆی بێت.
 
دەروون کاروان کچی کاروان عەبدوڵڵا، نووسەر و چیرۆکنووسە، لەبارەی ماڵباتەکەیەوە گوتی، زۆر پاڵپشتی دەکەن، بەتایبەتیش باوک و دایکی.
 
هەر لە بەرنامەکەدا سێ گۆرانی پێشکێشکرد، یەکێک لەوانە گۆرانییەکنی هونەرمەند ئارام تیگران بوو بەناوی "ئەی دلبەرێ" و گۆرانییەکی ئوم کەلسووم، هونەرمەندی میسری بەناوی "انت عمري".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمال غەمبار، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبیی کورد

نووسەر و رەخنەگر کەمال غەمبار کۆچی دواییکرد

د. کەمال غەمبار، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبیی کورد، لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڵێت، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.