رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی "گەورەترین رێککەوتن"ی لە مێژووی کەرتی وزەدا واژۆ کردووە، تێیدا یەکەم پاڵاوگەی نوێی نەوت لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا لە ناو خاکی ئەمریکا بنیات دەنرێت.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026 سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کۆمپانیای (America First Refining) پاڵاوگەیەکی زەبەلاح لە شاری براونزڤیڵ لە ویلایەتی تێکساس دەکاتەوە. ترەمپ گوتی: "ئەمە رێککەوتنێکی مێژوویی 300 ملیار دۆلارییە و گەورەترینە لە مێژووی ئەمریکادا. ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ کرێکارانی ئەمریکا و کەرتی وزە."
ترەمپ سوپاسی هیندستان و کۆمپانیای (Reliance)ـی کرد کە گەورەترین کۆمپانیای وزەی کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئەم وەبەرهێنانە گەورەیە لە ناو ئەمریکادا. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم رێککەوتنانە بەهۆی سیاسەتی "ئەمریکا لە پێشینەیە،" ئاسانکاری لە پێدانی مۆڵەتەکان و کەمکردنەوەی باجەکانەوە بۆ ناو وڵات گەڕاونەتەوە.
بە گوتەی ترەمپ، ئەم پاڵاوگە نوێیە دەبێتە "پاکترین پاڵاوگە لە جیهاندا" و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە هەزاران هەلی کار بۆ دانیشتووانی باشووری تێکساس دابین دەکات و دەبێتە هۆی بووژانەوەی هەناردەی ئەمریکا بۆ جیهان.
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: "باڵادەستیی راستەقینەی وزەی ئەمریکا ئاوا دەردەکەوێت. ئەمریکا هەمیشە لە پێشینەیە."
بازاڕەکانی وزەی جیهان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە تووشی پەککەوتن بوون و ئەمریکا هەوڵدەدات لەڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە، نرخەکان کۆنتڕۆڵ بکات.



