رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێ، راپۆرتەکانی تایبەت بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لە لایەن رووسیاوە بە ئێران، هیچ کاریگەرییەک لەسەر رەوتی جەنگەکە و سەرکەوتنەکانی ئەمریکا دروستناکەن.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی هەینی، 6ى ئادارى 2026 لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) وەڵامی ئەو راپۆرتانەی دایەوە کە باس لە هاوکاریی هەواڵگریی نێوان مۆسکۆ و تاران دەکەن بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
لە وەڵامى هەڵوێستى دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو راپۆرتانەى کە باس لە هاوکارى رووسیا دەکەن تایبەت بە پێدانى زانیارى هەواڵگرى بۆ ئێران و ئەو پرسیارەی کە ئایا ترەمپ قسەى لەگەڵ سەرۆکى رووسیا کردووە لەو بارەیەوە، گوتەبێژى کۆشکى سپی گوتی:"ئەمە بۆ سەرۆک جێدەھێڵم لێدوانى لەسەر بدات، چونکە ئێمە کۆمێنت لەسەر راپۆرتى هەواڵگرى نادەین."
لیڤیت دواتر گوتى: "ئەوە روویدابێت یان نا، هیچ گرنگ نییە، چونکە سەرۆک ترەمپ و سوپاى ئەمریکا بە تەواوى رژێمى ئێران لەنێودەبەن."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژنامەی (واشنتن پۆست) لە راپۆرتێکدا گوتی، رووسیا شوێنی وردی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکە ئەمریکییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتە ئێران تاوەکو بە وردی بیانپێکێت.
لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتی ئێران رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیان لە دۆخێکی یەکجار خراپدان، هەربۆیە هەر جۆرە هاوکارییەکی هەواڵگریی مۆسکۆ ناتوانێت هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە یان رێگری لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بکات.



