رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نیشان دەدات و دەڵێ، ئامانجیان ئەوەیە رێگری لە فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە بکەن.
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامی پرسیارەکانی نامۆ عەبدوڵڵا، بەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئاسۆی چارەسەرکردنی تەنگژەکان. دووجاریک گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان دژی بەکارهێنانی هێز و هەڕەشەی سەربازییە و کار دەکات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە پەلکێشی شەڕ نەکرێن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و ستێفان دووجاریک:
رووداو: گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ کە سکرتێری گشتی داوای دەکات، تا چەند ئەگەرێکی واقیعییە، لە کاتێکدا ترەمپ داوای "خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج" دەکات و رێبەری باڵای ئێرانیش کوژراوە؟
ستێفان دووجاریک: ئێمە لێرە نین بۆ پێشبینیکردن، بەڵکو ئامانجمان هەیە. سکرتێری گشتی ئەو ئامانجەی راگەیاندووە و لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامیش قسەی کردووە کە هاوڕان لەسەر ئەو ئامانجە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان لەو ئاراستەیەدا.
رووداو: ئێران هەڕەشەی بۆردوومانکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەگەر گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێران سنوور ببەزێنن بۆ ناو خاکەکەی. پەیامی سکرتێری گشتی بۆ ئێران چییە کاتێک بە ئاشکرا هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات؟
ستێفان دووجاریک: ئێمە نامانەوێ بینەری بەکارهێنانی هێزی زیاتر بین، هەروەها نامانەوێ هەڕەشەی زیاتری بەکارهێنانی هێز ببینین. زۆر گرنگە کە ئەم ململانێیە زیاتر تەشەنە نەسێنێت بۆ ناوچەی نوێ و وڵاتی نوێ پەلکێشی ناو ئەم شەڕە نەکرێن. وەک دەزانن، ئێمە دەبینین کە کردەوە سەربازییەکان و لێدوانە توندەکانیش زیادیان کردووە، کە هەردووکیان پێچەوانەی ئەو دۆخەن کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین پێش ئەوەی هەنگاو بنێین.


