رووداو دیجیتاڵ
فرۆشیاران لە جیهاندا خۆیان بۆ وەرزێکی دیکەی پێوانەیی بازاڕکردن ئامادە دەکەن، بەڵام هەڵاوسان، دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و زیادبوونی وریایی بەکاربەران بەرامبەر بە نرخەکان، مانای بلاک فرایدەی ( هەینی رەش)ـی لە ئەمریکاوە تاوەکو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە بلاک فرایدەی ئەم ساڵدا بایی ملیاران دۆلار بفرۆشرێت، بەڵام خەڵک و بەکاربەران لە گەورەترین رووداوی بازاڕکردنی جیهاندا بەراورد بە پار هەڵسوکەوتی گۆردراوە.
هاووڵاتیانی ئەمریکا هێشتا بازاڕی دەکەن، ئەورووپییەکان لەکاتی داشکاندنە گەورەکاندا پارە خەرج دەکەن. فرۆشیاران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بری هەفتەیەک سێ مانگ داشکاندنیان درێژ کردووەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، خێزانەکان ئەمساڵ زیاتر سەرنجیان لەسەر توانای دارایی و دەسەڵاتی کڕینە، نەک تەنیا ئەوەی کە شتی زیاتر بکڕن.
بلاک فرایدەی لە ئەمریکا
لە ئەمریکا، یەکێتیی نیشتمانیی تاکفرۆشی (NRF)، پێشبینی دەکات فرۆشی مانگەکانی 11 و 12 بگاتە 1.013 تریلیۆن دۆلار، کە بە رێژەی 4.2% لە پار زیاترە. بەپێی دامەزراوەی (ئەدۆبی ئەنالیتیکس)، پێشبینی دەکرێت کڕینی ئۆنلاین بگاتە 275.1 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئۆنلاین لە ماوەی پێنج رۆژی پشووی سوپاسگوزاری کە بە رۆژی بلاک فرایدەی دەستپێدەکات و بە رۆژی (سایبەر ماندی) یان دووشەممەی ئەلێکترۆنی کۆتایی دێت، بگاتە 47.5 ملیار دۆلار.
فرۆشی ئۆنلاین بەتەنیا لەرۆژی بلاک فرایدەی بە 12.9 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە بەراورد بە بلاک فرایدەی پار رەنگە 9.2% بەرز ببێتەوە و دەکرێت فرۆشی ئۆنلاین بە تەنیا لە رۆژی سایبەر ماندەی بگاتە 15.1 ملیار دۆلار.
بلاک فرایدەی و هەڵاوسان
بەڵام ئەم پێشبینییە پێوانەییانە لە کاتێکدایە، بەکاربەران ئەم ساڵ بە وریایی زیاترەوە دەکڕن. فرۆشی ئۆنلاین لە نێوان 1 بۆ 22ـی ئەم مانگە گەیشتووەتە 82.5 ملیار دۆلار، کە 9.1% لە هەمان ماوەی پار بەرزترە.
کڕیاران لە پاڵ دیارییەکاندا، زیاتر پێداویستییە سەرەکییەکانی نێو ماڵ دەکڕن و داشکاندنەکان بۆ رێکخستنی داهاتیان بەکاردەهێنن. رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا 3.8%ـە. بەرزیی هەڵاوسان لە ئەمریکا بووەتە هۆکار کە بەپێی پێشبینییەکان 82%ـی بەکاربەران هەنگاو بنێن بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی وەرزی پشووەکانیان.
بلاک فرایدەی لە ئەورووپا
پێشبینی دەکرێت بەکاربەرانی بەریتانیا لە بلاک فرایدەی دا، 6.6 ملیار پاوەند خەرج بکەن، لە کاتێکدا لە ئوسترالیا پێشبینیی کراوە 7.2 ملیار دۆلاری ئوسترالی لە کۆتایی هەفتەی نێوان بلاک فرایدەی تاوەکو سایبەر ماندەی خەرج بکرێت.
لە ئەڵمانیا پێشبینیی 6.2 ملیار یۆرۆ و لە ئیتاڵیاش پێشبینیی 4.3 ملیار یۆرۆ لە فرۆشی ئۆنلاین لە ماوەی یەک هەفتەدا کراوە. ئەم خەمڵاندنانە گەورەبوونی بازنەی نێودەوڵەتیی ئەم بۆنەیە دەردەخەن، هەرچەندە بەشێک لە زیادبوونەکان لە فرۆشی ئەم ساڵ بەراورد بە پار، لەبەر ئەوەیە پار ساڵێکی باش نەبوو بەتایبەت لە وڵاتە ئەورووپییەکان کە بەزۆریی کڕین لاوازبوو بەهۆی دۆخی ئابووری سستی ئەوروپا و بەرزیی نرخەکانی وزە و کەمی دەسەڵاتی کڕینی هاووڵاتیان.
بلاک فرایدەی لە هەرێمی کوردستان
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بلاک فرایدەی زیاتر بە ناوی (هەینیی سپی) و وەرزێکی درێژتری داشکاندن دەناسرێت. فرۆشیاران چەندین هەفتە پێش رێککەوتی فەرمی دەست بە داشکانەکانیان دەکەن و تاوەکو سایبەر ماندەی و لە مانگی 12 شدا بەردەوام دەبێت.
هەرێمی کوردستانیش چووەتە نێو ئەم ئاراستەیەوە. داشکاندن لە ئامێری ئەلیکترۆنی، جوانکاری، پۆشاک، خۆراک و خزمەتگوزارییەکان لە فرۆشگاکان بەدی دەکرێت. لە بلاک فرایدەی ئەم ساڵدا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، سەرنج خراوەتە سەر خواست لەسەر مۆبایل، لاپتۆپ، هێدفۆن و ئامێرە ئەلێکترۆنییەکانی دیکە.
بلاک فرایدەی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە کە بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار لە ئەم ساڵدا، دەسەڵاتی کڕینی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە.
بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و خەرجیی هاوردەکردنی کاڵاو شتومەکیش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بە ئەگەری زۆرەوە پوختەی قازانجی فرۆشیارانیش کەمدەکاتەوە. حکومەتی عێراق سەرەتای مانگی 10، نرخی فەرمی دۆلاری لە 1320 دینارەوە بەرزکردەوە بۆ 1520 دینار. لەلایەکی دیکەشەوە جەنگی ئێران لە ئەم ساڵدا تێچووی گواستنەو و هاوردەکردنی کاڵاو شتومەکی بەتایبەتی بەرزکردووەتەوە.



