رووداو دیجیتاڵ
دیار کەلەش، گەنجێکی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، لە نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی ناسراوی "The Hunger Games"دا رۆڵێکی گێڕا و بەمەش هەنگاوێکی بەرەو سینەمای جیهانی نا. ئەو هاونیشتمانییە لەرێگەی رووداوەوە بە گەنجانی کورد دەڵێت: "خۆشەویستی بۆ ئەو شتەی کە مرۆڤ دەیکات، دەبێت لە ترس گەورەتر بێت."
دیار ئەحمەد کەلەش، تەمەن 19 ساڵ و خەڵکی شاری دربێسیی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو هاونیشتمانییە ئێستا لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە قۆناخی ئامادەکاریدایە بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی. دیار لە نوێترین فیلمی زنجیرەی "The Hunger Games"دا، کە ناوی "The Ballad of Songbirds & Snakes"ە، رۆڵی کارەکتەرێک بە ناوی "ئەترید" دەگێڕێ.
ئەمە یەکەم دەرکەوتنی دیار کەلەش نییە لە بواری نواندندا. پێشتریش ئەو هاونیشتمانییە لە فیلمێکی کۆمپانیای نێتفلیکسدا رۆڵی گێڕاوە و لە شانۆکانی شاری هامبۆرگیش کاری کردووە. هەروەها بەهۆی کارە شانۆییەکانییەوە، خەڵاتی لە فێستیڤاڵی شانۆی گەنجانی بەرلین وەرگرتووە.
دیار کەلەش رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نالین حەسەن کە لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا پەخش کرا، باسی لە سەرەتای دەستپێکردنی کاروانی هونەریی خۆی کرد و رایگەیاند، مامۆستای وانەی شانۆی لە پۆلی حەوتەمدا هانی داوە و دەڵێت: "مامۆستاکەم پێی گوتم، 'تۆ دەتوانیت لە دەرەوەی قوتابخانەش بچیتە نێو جیهانی شانۆ، من ماتەوزەیەکی گەورە لە تۆدا دەبینم'. ئەو رێگەی لە بەردەممدا کردەوە."
سەبارەت بە چۆنیەتیی هەڵبژاردنی بۆ فیلمی "The Hunger Games"، دیار کەلەش ئاماژەی بەوە دا کە لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە بۆ پڕۆژەیەکی نێودەوڵەتی بانگهێشت کراوە، بەڵام لەو کاتەدا ناوی پڕۆژەکە دیار نەبووە.
دیار باسی ئەو ساتەوەختەی کرد کە هەواڵی وەرگرتنی بۆ فیلمەکەی پێگەیشتووە و گوتی: "ئاژانسەکەم پێی گوتبووم کە کاژێر 10ی بەیانی هەواڵم دەدەنێ. لە هەمان کاتدا، کچی مامم نامەیەکی بۆم نارد و گوتی، 'Hunger Games لە ئەڵمانیا بەرهەم دێت، پێویستە تۆ بەشداری بکەیت.' منیش لە وەڵامدا گوتم، 'من وەرگیرام'."
گواستنەوە لە بینەرێکی ئاسایی زنجیرە فیلمەکەوە بۆ ئەکتەرێک لەنێو بەرهەمەکەدا ئەزموونێکی جیاواز بووە بۆ دیار. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "لەبیرمە کاتێک منداڵ بووین، من و براکەم و ئامۆزاکانم لە تورکیا سەیری فیلمەکەمان دەکرد. کاتێکیش لە ئەڵمانیا لە هۆڵی سینەما سەیری ئەو بەشەم کرد کە خۆم تێیدا بەشدار بووم، شتێکی زۆر گەورە و خۆش بوو بۆ من."
کارەکتەرەکەی "ئەترید" کە دیار رۆڵەکەی دەگێڕێ، وەک خۆی باسی دەکات، کەسێکە "لە ژیانیدا هەرگیز رۆژی نەبینیوە و تەنیا لە ترسدا ژیاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاکەی بۆ هەمووان دەوێ." دیار ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئامادەکاریی رۆڵەکە، راهێنانی جەستەیی زۆریان کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندیی بە ناسنامە کوردستانییەکەوە، دیار جەخت دەکاتەوە کە "من دەزانم لە کوێوە هاتووم. زۆر شتم بیر دێتەوە کاتێک لە دربێسی بووم... من کوردم و دەبینم زۆر کورد لەگەڵمانن و دەیانەوێ کاری گەورە بکەن. ئەمە رێگەمان بۆ دەکاتەوە." ئەو هاونیشتمانییە هیوای خواست کە لە داهاتوودا بتوانێت چیرۆکە کوردییەکان بگێڕێتەوە و سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دیار ئارەزووی خۆی بۆ کاری شانۆیی نیشان دا و گوتی: "من لە شانۆدا هەستێکی زۆرتر وەردەگرم. خۆشترە، شتێکی گەورەترە... تۆ لەگەڵ ئەو کارەکتەرەدا دەژیت."
لە پەیامێکیشیدا بۆ گەنجانی کورد، دیار کەلەش گوتی: "من دەبینم ترس هەیە، بەڵام پێویستە بێ ترس بن. خۆشەویستی بۆ ئەو شتەی کە مرۆڤ دەیکات، دەبێت لە ترس گەورەتر بێت. ترس هەمیشە هەیە، بەڵام خۆشەویستی دەبێت گەورەتر بێت."


