رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی (COP31) لە شاری ئەنتالیا، لە تەواوی دیدارە پرۆتۆکۆڵییەکاندا وەک سەرکردەی دەوڵەتان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. راشیگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردایەتیی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە سەرخستنی "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا" دەکات، هەروەها بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆببێتەوە. دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان لە تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستە سەر رەهەندە سیاسییەکانی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و گوتی: "کۆڕبەندی ئەمساڵی COP31 لە ئەنتالیا تەنیا بۆ پرسی ژینگە نەبوو، بەڵکو دەرفەتێکی فراوان بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر 'کەشوهەوای سیاسیی ناوچەکە و جیهان'." "وەک سەرکردەی دەوڵەتان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرا" گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بەشداریکردنە لە رووی دیپلۆماسییەوە دوو پەیامی گرنگی هەبوو: یەکەم: سەلماندنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە جیا لە شاندی فەرمیی عێراق سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتکراوە و تەواوی پرۆتۆکۆڵە فەرمییەکانی سەرکردەی وڵاتانی بۆ جێبەجێکراوە. دووەم: تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ (تورکیا، ئێران و سووریا). سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، میری قەتەر، سەرۆککۆماری سووریا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەنقەرە کۆبووەوە. دڵشاد شەهاب لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆمار، وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای تورکیا گوتی: "جگە لە پرسی ئاسایشی سنوور، بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سەقامگیری، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان بوو. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لەم پرسە دەکات و هاوکار دەبێت لەو بەشەی کە پێویست بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە." سەبارەت بە کارنامەی رۆژی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتالیا، دڵشاد شەهاب بە رووداوی راگەیاند: "دیدارە دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبن؛ یەکێک لە گرنگترین دیدارەکان، کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران (مەسعود پزیشکیان)، کە ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە کارنامەکەدا روو نەدات، دیدارێکی زۆر گرنگ دەبێت." دەقی هەڤپەیڤینەکە رووداو: ئەمساڵ بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئێوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی کەشوهەوا چۆن بوو؟ دڵشاد شەهاب: بەپێی سروشتی خۆی کۆڕبەندەکە راستە بە ناوی کۆڕبەندی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کەشوهەوا و رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانانەی لە کەشوهەوادا روو دەدەن، بەڵام لە کۆڕبەندی ئەمساڵ بە تایبەتی ئەوەی لە ئەنتالیا لە تورکیا بەستراوە، کراوە بە دوو بەش: بەشێکی ئەو بەشە تەکنیکی و هونەرییە تایبەتمەندەیە، کە چەند رۆژێکە و لە سەرەتای مانگەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو بیستی مانگ بەردەوام دەبێت؛ ئەمانە کۆمەڵێک پرسی گرنگیان تێدا گفتوگۆ دەکرێن و شاندی هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی شاندی عێراقیدا بەشدارییان تێدا کردووە. بەشەکەی دیکەی بریتی بوو لە لووتکەی سەرکردەکان یان دیداری سەرکردەی وڵاتان. ئەم دیدارانە کە رێکدەخرێن، لە پاڵیدا دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەدەستگەیشتنی سەرکردەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە سیاسییەکان، لەپەنای ئەوەی کە راستە بابەتێکی گرنگی وەک کەشوهەوایە، بەڵام لەپەنای ئەوەدا کەشوهەوای سیاسیش باس دەکرێت و بەشێکی گرنگ بوو. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە داوەتێکی فەرمی لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆماری تورکیاوە داوەت کرابوو، بینیشتان لە راگەیاندن لە شێواز و پێشوازیکردنی، وەک هەر میوانێکی دیکەی سەرکردەی وڵاتان مامەڵە لەگەڵ جەنابیاندا کراوە. ئەمڕۆ هەموو ئەو پرۆتۆکۆڵ و ئەو رێوڕەسمانەی هەبوو بۆ هەر سەرۆک و سەرکردەیەک، هەمان شت بۆ جەنابی سەرۆکی هەرێمیش جێبەجێکراوە، چونکە لەسەر داوەتی فەرمیی سەرۆککۆمار بوو. کۆمەڵێک دیداری جیاواز کران، بۆ نموونە: لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لەگەڵ میری قەتەر، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئازەربایجان، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا و هەروەها لەگەڵ سەرۆکی سووریا. من دەمەوێ ئەم دیدارانە بکەم بە دوو بەش: بەشێکیان پەیوەندیی بە پرسە گشتییەکانەوە هەیە، کە بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە دوو پرسی گرنگن؛ یەکێکیان حزووری هەرێمی کوردستانە وەک هەرێمێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدا کە لە گەیشتنە نێودەوڵەتییەکاندا مامەڵەیەکی فەرمیی لەگەڵدا دەکرێت. دووبارەبوونەوەی ئەوە بە شێوەی ساڵانە لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا، خۆی سەلماندنی بەهێزیی پێگەی هەرێمی کوردستانە و ئەو رۆڵەیە کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دەیبینێت. بەشەکەی دیکەی پەیوەندیی بە هەرێمایەتییەوە هەیە، بۆ نموونە: سەرۆککۆماری تورکیا، وەزیری بەرگریی تورکیا، بەرپرسانی دیکەی تورکیا، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆککۆماری سووریا. ئەمانە لە چوارچێوەی دوو بەشدا بوون؛ بەشێکیان رەوشی گشتیی ناوچەکە و ئەو بابەتە گەرمانەن کە لە ناوچەکەدا هەن و رەنگدانەوەیان بەسەر کۆی بارودۆخی دنیادا هەیە لە رووی ئابووری، سیاسی و کۆچبەرانەوە. بەشەکەی دیکەشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ دراوسێکانی، بە تایبەتی ئەو سێ دراوسێ گرنگەی کە باسم کرد. لەم دیدارانەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هاوکاری و هاوبەشی بۆ پارێزگاریکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا. بە تایبەتیش لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی تورکیدا، جیا لەو پرسانەی وەک سنوور، بەرژەوەندیی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە هەن، پرسی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە جێگەی بایەخ بوو و لە کۆبوونەوەکاندا باس کرا؛ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە بە هەموو توانایەکمانەوە پشتیوانیی ئەم پرسە دەکەین و هاوکار دەبین بەو بەشەی کە دەتوانین هاوکاری بکەین بۆ سەرخستنی. رووداو: کۆبوونەوەکانی سبەینێ چۆنن کاک دڵشاد؟ دڵشاد شەهاب: ئەو بەرنامەیە بەردەوامە و سبەینێش بڕیارە دیداری دیکە هەبن. یەکێک لەو دیدارە گرنگانەی کە بەیانی دەبێت، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێرانە. بەپێی ئەو بەرنامەیەی تاوەکو ئێستا هەیە، سەرۆککۆماری ئێران لە بەرنامەی دیدارەکاندایە و کۆدەبنەوە. ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەکەدا روو نەدات، سبەی یەکێک لە هەرە گرنگترین دیدارەکانی ئێمە دەبێت.
جیهان12-11-2026دیپلۆماسیی چڕ لە ئەنتالیا؛ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و سەرکردەکانی جیهان کۆبووەوە
جیهان11-11-2026لە نەوتەوە بەرەو ژیریی دەستکرد؛ ئایا عێراق دەتوانێت ببێتە بازاڕێکی پێشکەوتووی تەکنەلۆژیا؟
جیهان11-11-2026ئەحمەد موفتی بۆ باسم بەدری: کێ ماڵی خۆی دەسووتێنێت و کارەبا و گاز لە خەڵکی خۆی دەبڕێت؟!