رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز چاودێریی پێشهاتەکان و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و داوای پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان دەکات.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری نووسینگەى رووداو لە نیویۆرک رایگەیاند: "سکرتێری گشتی لە نزیکەوە چاودێریی ئەو پێشهاتانە دەکات کە پەیوەستن بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق."
فەرحان حەق ئاماژەی بەوەش کرد کە "سکرتێری گشتی ئەوە بیردەهێنێتەوە کە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی 2024، داوای لە سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کرد کە کەشی ئاشتییانە بپارێزن".
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە گۆتێرێز داوا دەکات "هەر ناکۆکییەک لە رێگەی کەناڵە یاساییە بنیاتنراوەکانەوە چارەسەر بکەن، هەروەها قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکان لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە زووترین کات تەواو بکرێن".
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، دوای دوو ساڵ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی 52 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، کۆتاکان، سۆسیالیست و بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ کاراکرایەوە؛ لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دانیشتنەکەی بە نایاسایی ناوبرد و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە.
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
"سکرتێری گشتی لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی پەیوەست بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات. سکرتێری گشتی بیردەهێنێتەوە کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024 لە هەرێم، داوای لە سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان کرد کە کەشێکی ئاشتییانە بپارێزن، هەر ناکۆکییەک لە رێگەی کەناڵە یاساییە دانپێدانراوەکانەوە چارەسەر بکەن و قۆناخی دوای هەڵبژاردن بە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر لە زووترین کاتی گونجاودا تەواو بکەن."



