رووداو دیجیتاڵ
لەوانەیە کەسێکت ناسیبێت کە لە رووی رووخسارەوە بەدڵت نەبووە، لەو کەسانە نەبووە کە ئەگەر لە شوێنێکدا بیبینیت یەکسەر سەرنجت رابکێشێت. بەڵام دوای ئەوەی چەند جارێک قسەت لەگەڵ کردووە، شتێک گۆڕاوە.
وردە وردە رووخساری لەبەرچاوت دەگۆڕێت و جوانتر و گەرموگوڕتر دەردەکەوێت. نازانیت ئایا ئەو گۆڕاوە یان تێڕوانینی تۆ؟
ئەمە یەکێکە لەو لایەنانەی سەرنجڕاکێشی، کە کەمترین هاودەنگیی لەسەرە: ئاسوودەیی چۆن پێوەرەکانی جوانی لە مێشکتدا دەگۆڕێت؟ ئەمە تەنیا قسە و بیردۆز نییە، بەڵکو ئەو ساتەیە کە رووخساری کەسێک دەبێتە پەناگەیەک بۆت و چیدیکە ناتوانیت تەنیا بە چاوێکی ئاسایی سەیری بکەیت. لێرەدا روونیدەکەینەوە کە ئەمە چۆن روودەدات و بۆچی زۆر لەوە گرنگترە کە خەڵک بیری لێدەکەنەوە.
سەرەتا شتێکی ئەوتۆ نییە
ئاسوودەیی بە دەنگی بەرز هاوار ناکات. کاتێک هەست دەکەیت لەلای کەسێک سەلامەتیت، دڵت خێرا لێ نادات و هەست بەو جۆش و خرۆشە ناکەیت کە لە فیلمەکاندا هەیە. بەڵکو لە شتە بچووکەکانی دیکەدا دەردەکەوێت:
لەبیریەتی چای خەست یان زەرد دەخۆیتەوە، کاتێک قسەی بۆ دەکەیت سەیری مۆبایلەکەی ناکات، شتێک کە سێ رۆژ پێشتر گوتووتە، دەیهێنێتە پێکەنین چونکە لەبیری ماوە. لەلای ئەو، پێویست ناکات گوشار لە خۆت بکەیت بۆ ئەوەی خۆت باشتر نیشان بدەیت لەوەی کە هەیت، کە دواتر پێویستت بە پشوو بێت بۆ ئەوەی بگەڕێیتەوە سەر باری ئاسایی خۆت.
هیچ یەک لەم شتانە گەورە و سەرسوڕهێنەر نین. زۆر ئاسایی دیارن، هەر بۆیە زۆربەی خەڵک لە سەرەتادا گرنگییان پێ نادەن و بەهایان نازانن.
بەڵام ئەم شتە ئاساییانە کاری خۆیان دەکەن. هەر جارێک کە لە بەرامبەری دادەنیشیت بێ نیگەرانی و بێ ئەوەی خەمی ئەوەت بێت ئێستا ئەو بیری لە چی دەکاتەوە و چۆن دەتبینێت و چۆن بڕیارت لەسەر دەدات، کۆئەندامی دەمارت ئەمە هەمووی تۆمار دەکات. هەموو بێدەنگییەکی ئارامبەخش، هەموو نامەیەک کە پێویستی بە شیکردنەوە نییە، وادەکات جەستەت بەر لەوەی مێشکت پێی بزانێت، کاردانەوەی بۆی هەبێت.
گۆڕانکارییەکە هێندە هێواشە کە رەنگە هەستی پێ نەکەیت. چیدیکە پێش بینینی ئەو خۆت ئامادە ناکەیت. چیدیکە لە رێگەدا مەشقی ئەوە ناکەیت کە چی بڵێیت. شەوێک هەست دەکەیت کە بەهیچ شێوەیەک نەشڵەژاویت و بیریشت نایەت کەی ئەمە دەستیپێکرد و چۆن هێندە لەگەڵی ئاسوودە بوویت.
هێشتا ئاشقی نەبوویت، بەڵام لەلای ئەو هەست بە ئارامی دەکەیت. ئەم جیاوازییەش زۆر لەوە گرنگترە کە دیارە.
چیدیکە شێوە نابینیت، بەڵکو خودی کەسەکە دەبینیت
کاتێک بۆ یەکەمجار کەسێک دەبینیت، رێک وەک کەسێکی نەناسراو سەیری رووخساری دەکەیت. سەیری هاوسەنگیی دەموچاو، ئێسکەکان، پێست و شێوەکەی دەکەیت. وەک ئەوەی سەیری وێنەیەک بکەیت و نمرەی پێ بدەیت، چونکە هیچ شتێکی دیکەت نییە پشتی پێ ببەستیت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەیت.
بەڵام کاتێک هەست و سۆز تێکەڵ دەبێت، ئەمە دەگۆڕێت.
لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان کەسایەتی و سەرنجڕاکێشی، گاری لیواندۆڤسکی، دەروونناس لە زانکۆی مۆنماوس لە ویلایەتی نیوجێرزیی ئەمریکا بۆی دەرکەوت: کاتێک خەڵک زانیاریی ئەرێنییان لەسەر کەسایەتیی کەسێک بیستووە، دواتر ئەو کەسەیان بە جوانتر و سەرنجڕاکێشتر بینیوە. رووخسارەکە نەگۆڕاوە، بەڵکو ئەو زانیارییانەی لەسەری هەیانبوو گۆڕاون.
ئەمە رێک ئەو شتەیە کە لەگەڵ ئاسوودەییشدا روودەدات. ئەو کەسەی وا دەکات هەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەیت، چیدیکە تەنیا شێوە و رووخسار نییە، بەڵکو دەبێتە هەستێک.
چیدیکە سەیری شێوەی چەناگەی ناکەیت، بەڵکو ئەوەی بۆ تۆ زیاتر گرنگە، کاریگەریی هەبوونی کەسەکەیە لەسەر چرکە، خوولەک، کاژێر، رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەکانت. ئەمەش هاوكێشەکە بە جۆرێک دەگۆڕێت کە هیچ وێنەیەک ناتوانێت بیکات.
بە پێچەوانەشەوە راستە. کەسێک کە زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بووە، رەنگە دواتر زۆر ئاسایی و بگرە بێزارکەریش و قێزەونیش دەربکەوێت، ئەوەش کاتێک خراپ لەگەڵ دەوروبەری مامەڵە دەکات و لە بری ئاسوودەیی، دەبێتە هۆی کێشە و سەرئێشە بۆیان. جوانیی بێ گەرموگوڕی زووتر لەوەی پێشبینی دەکەیت کاڵ دەبێتەوە.
جوانی سەرنج رادەکێشێت، بەڵام ئاسوودەیی دڵخۆشت دەکات
بیر لە جوانترین کەس بکەرەوە کە لەگەڵیبوویت و کاتت لەگەڵی بەسەر بردبێت. ئەو کەسەی هەمووان سەیریان دەکرد. ئێستا بیر لەوە بکەرەوە کە ئەوکات دانیشتن لەبەرامبەری چ هەستێکی هەبوو.
ئەگەر کەسێکی گەرموگوڕ و ئارام بووبێت و گرنگیی پێت دابێت، بێگومان جوانییەکەی زیاتر بووە.
بەڵام ئەگەر سەرقاڵ، رەخنەگر، یان تێگەیشتن لێی قورس بووبێت، پێچەوانەکەی روویداوە. دەموچاو هەمان دەموچاوە، باڵا هەمان باڵایە و پرچ و چاو و ئەبرۆ هەمانی جارانن، بەڵام گرنگی و بەهای خۆی لەلات لەدەستداوە. ئێستا تەنیا رووخسارێک دەبینی و هیچی دیکە. وێنەکە بێخەوشە، بەڵام ئەزموونێکی بێگیان و نێوبۆشە.
ئێستا بیر لە کەسێکی دیکە بکەرەوە کە کە لە رووی رووخسارەوە زۆر سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام وا دەکات هەموو قسەکردنێک لەگەڵیدا ئاسان بێت. لێت تێدەگات. کێشەکانت کەم دەکاتەوە. ئەو کەسەی بێ ئەوەی بەخۆی هەستی پێ بکات، دەتخاتە پێکەنین، پرسیارێک دەکات کە کەسی دیکە بیری لێناکاتەوە و وا دەکات تۆ بە باشترین و سەرنجڕاکێشترین شێوەی خۆت دەربکەوی.
لەوانەیە لەسەر شەقام سەرنجت رانەکێشێت، بەڵام دوای سێ مانگ، ناتوانیت چاوی لێ بپۆشیت و سەیری نەکەیت.
سەرنجڕاکێشی تەنیا یەک شت نییە، بەڵکو لە دوو شت پێکدێت: یەکەمیان بریتییە لە کاردانەوەی تۆ بۆ رووخساری رووکەشی کەسەکە. دووەمیان کاردانەوەی تۆیە بۆ ئەو هەستەی خۆت کە لە کاتی هەبوونت لەگەڵ ئەو کەسەدا هەتە. زۆربەی خەڵک پێیانوایە خاڵی یەکەم بەهێزترە. خێراترە، زەقترە و بەهێزترین کاریگەری دروست دەکات.
بەڵام خاڵی دووەم ئەوەیە کە دەمێنێتەوە و کاڵ نابێتەوە. کاتێک دەستپێدەکات، پەیوەندیی بە جوانییەوە نییە و پشت بە جوانیی روخسار نابەستێت، بەڵکو بەتەواوی مانای جوانی لای تۆ دەگۆڕێت و دایدەڕێژێتەوە.
هاوڕێکەت تەنیا رووخسار دەبینێت، تۆ هەموو شتێک دەبینیت
وێنەیەک پیشانی هاوڕێیەکەت دەدەیت و ئەویش دەڵێت: "ئاساییە، خراپ نییە." بەڵام تۆ سەیری هەمان وێنە دەکەیت و کەسێکی درەوشاوە دەبینیت و تێناگەیت بۆچی هاوڕێکەت ئەو جوانییە نابینێت.
ئەو کوێر نییە، تەنیا رووخسارەکە دەبینێت بەبێ هەستەکە، بەڵام تۆ وا نیت. ناتوانیت هەستێکت لە بارەی ئەو کەسەوە لا دروست بووە و ناتوانیت پشتگوێی بخەیت. تۆ زیاتر دەبینی.
کێڤن نیفن، توێژەر لە زانکۆی کۆرنێل دەریخستووە، کاتێک خەڵک کەسێک دەناسن و خۆشیان دەوێت، زۆر بە جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەیبینن بەراورد بە کەسێکی نەناسراو.
بۆ نموونە، ژنێک لە سەرەتای کۆرسێکی شەش هەفتەییدا لە رووی جوانییەوە نمرەیەکی کەمتری پێدرابوو، بەڵام لە کۆتاییدا نمرەیەکی زۆر بەرزی بەدەستهێنا، چونکە بەشداربووان کەسایەتییان ناسیبوو. رووخساری نەگۆڕابوو، بەڵام تێڕوانینی خەڵک بۆی گۆڕابوو. چیدی نەیاندەتوانی شێوەی دەرەوەی لەو هەستە جیا بکەنەوە کە پێی بەخشیبوون.
هەر بۆیە وەسفکردنی کەسێک کە خۆشت دەوێت بۆ هاوڕێیەکەت هەرگیز وەک خۆی دەرناچێت. تۆ دەڵێیت زەردەخەنەیەکی جوانی هەیە، هاوڕێکەت تەنیا ددانەکانی دەبینێت. تۆ دەڵێیت چاوەکانی سەرسوڕهێنەرن، ئەو تەنیا چاوێکی قاوەیی دەبینێت.
ئەوەی وا دەکات زەردەخەنە و چاوەکان تایبەت بن، لە وەسفکردن یان وێنەدا نابینرێت. بەڵکو لەو مانایەدا دەژی کە بۆ تۆی هەیە، ماناش ناتوانرێت بگوازرێتەوە.
کیمیای نێوان دوو کەس هێشتا گرنگە، بەڵام ئاسوودەییش
بێگومان سەرنجڕاکێشیی سەروسیما و جەستە بێبایەخ نییە.
کیمیای نێوان دوو کەس هێشتا گرنگە. ئەو سەرنجڕاکێشییە و ویستی نزیکبوونەوەیەی لە سەرەتادا هەتانبوو، راستین و شایەنی گرنگیپێدانن. کەس ناڵێت خۆت ناچار بکە لەگەڵ کەسێک بیت کە بێزارت دەکات و بۆ چاوت خۆشدیدەن نییە. ئاسوودەیی جێگەی کیمیا ناگرێتەوە.
بەڵام ئاسوودەیی شتێک دەکات کە کیمیا بەتەنیا ناتوانێت بەردەوامیی پێبدات: ئەویش گەشەکردن و کەڵەکەبوونی هەستەکانە.
بە تێپەڕبوونی مانگ و ساڵەکان هێندە کەڵەکە دەبێت، تا ئەو کەسەی لە تەنیشتت دانیشتووە لە تەمەنی 40 ساڵیدا لای تۆ جوانترە لەوەی کە لە 25 ساڵیدا بوو و دەزانیت هۆکارەکەشی ئەو هەموو شتەیە کە بە درێژایی ئەو ساڵانەدا روویانداوە.
گوریت بیرنباوم، دەروونناس، لە توێژینەوەیەکدا لەسەر ئارەزووی درێژخایەن دەریخستووە، شێوازی مامەڵەی هاوڕێ و هاوبەشی ژیانت، بە تێپەڕبوونی کات ئارەزووت بۆ ئەو کەسە زیاد دەکات. ئەوەی کە سۆزەکەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە، شتی نوێ نییە، بەڵکو هەستی خۆییبوون و لێکتێگەیشتن بوو.
ئەو کەسەی وا دەکات هەست بە ئارامی بکەیت، کەسی دووەم و لاوەکی نییە. کەسێک نییە تەنیا بۆ دڵنەوایی هەڵیبژێریت و بەناچاری قبووڵی بکەیت لەبەرئەوەی پەیوەندیت لەگەڵ کەسێکی "جوانتر" سەری نەگرتووە. بەڵکو ئەو کەسەیە کە تەنانەت دوای ئەوەی وێنەکان چیدیکە گرنگ نابن، هێشتا دەتەوێت سەیری رووخساری بکەیت و لێی تێر نابیت.


