رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەستیان بە ئامادەکارییەکی چڕ و بەرفراوانی ئەمنی کردووە بۆ پێشوازیکردن لە سێیەمین هەفتەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی هالۆوین؛ لە هەمان کاتدا ترسی تەشەنەسەندنی ئاژاوە و تووندوتیژی باڵی بەسەر بازاڕەکاندا کێشاوە و دووکاندارەکان پەنایان بۆ تەختەپۆشکردنی شوێنەکانیان بردووە تاوەکو لە تاڵانکردن پارێزراو بن.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقامەکان، بڕیاری داوە 70 هەزار ئەندامی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاو بکاتەوە، هاوکات لە پاریسی پایتەخت زیاتر لە 40 وێستگەی میترۆ بە تەواوی دادەخرێن و هێڵەکانی ترامیش رادەگیرێن.
لۆژێڕۆم هۆران، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن قەبارەی تووندوتیژییەکان هاوشێوەی پشێوییەکانی 17ی تشرینی یەکەم بێت، ئەو رۆژەی دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیای جیهانیدا دروستکرد کاتێک فرۆشگاکان تاڵانکران و باڵەخانە گشتییەکان ئاگریان تێبەردرا.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دانیان بەوەدا ناوە، کە لە 17ی تشرینی یەکەمدا هەڵەی هەواڵگری و ئەمنی هەبووە، کە بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاژاوەکان؛ هەربۆیە ئەمجارە قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەیان لە چەند گەڕەکێکی پاریس، لەنێویاندا کۆماری و شاتلێ لە کاژێر 11:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانیی یەکشەممە راگەیاندووە، هاوکات شارەوانیی پاریس هەزار کرێکاری بۆ خاوێنکردنەوەی پاشماوەی گرژییەکان خستووەتە ئامادەییەوە.
هەرچەندە پۆلیسی پاریس هەوڵی دابوو رێپێوانێک لەنێوان گۆڕەپانی باستیل و ناسیۆن لە رۆژهەڵاتی پاریس قەدەخە بکات، بەڵام دادگا بڕیارەکەی پۆلیسی هەڵوەشاندەوە و رێگەی بە خۆپێشاندانەکە دا. لەگەڵ ئەوەشدا، وەزیری ناوخۆ هۆشداری دا لەوەی چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە کە تێیدا داوای هەڵگیرساندنی "شۆڕش" و گردبوونەوە بۆ "شەوی تاریکی" بە پۆشینی جلوبەرگی هالۆوین دەکرێت، هەربۆیە بە هیچ جۆرێک رێگە بە بەستنی دەمامک نادات.
لە ناڕەزایەتییەکاندا چالاکڤانانی بزووتنەوەی (هێلەک زەردەکان)، سەندیکاکانی کرێکاران و خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانە ئامادەییەکان بەشدارن. هەرچەندە جووڵەکە سەرەتا تەنیا لە دژی گرانیی بژێوی، نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و خراپیی دۆخی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان رووبەرڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و ژمارەیەکیان لێ بریندار کردن، داواکارییەکان فراوانتر بوون.
لە بازاڕەکانیشدا، خاوەنکارەکان لە ترسی دووبارەبوونەوەی تاڵانکاری، دەروازەی کۆگاکانیان بە تەختەی گەورە دادەپۆشن؛ لە پاریس لەسەر تابلۆی پێشەوەی دووکانێک بە بۆیەی رەش نووسراوە، "لە پشتی ئەم تەختانەوە، نە دەسەڵات هەیە و نە دووژمن؛ تەنیا خێزانێک و ماندووبوونی کارەکەیەتی".
ئالان دی کرێشێنزۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاى وڵاتەکەى رایگەیاند دووکانداران لەوپەڕی دڵەڕاوکێدان و ناتوانن چاوەڕێی کۆتاییهاتنی رۆژی شەممە بکەن و گوتی، "هاوکاتبوونی دۆخەکە لەگەڵ هالۆوین کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە، چونکە خەڵکێک دەمامک دەبەستن و ناناسرێنەوە."
ئەم شەپۆلە نوێیەی گرژی لە کاتێکدا دێت کە دۆخی سیاسیی وڵاتەکە بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی (کە تەنیا شەش مانگی ماوە) لەوپەڕی شڵەژاندایە؛ بەتایبەت کە مارین لۆپێن، سەرکردەی باڵی راستڕۆی تووندڕۆ، پێشەنگی راپرسییەکانە. ئەم دۆخە کاردانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای لێکەوتەوە و لە لێدوانێکدا هۆشداری دا لەوەی "ئاسایی نییە" وڵاتێک پێش وادەی هەڵبژاردن لەم جۆرە لە پشێوی و پێکداداندا بێت.



