رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوە حکومییەکان و کۆمپانیاکانی جیهان کەوتوونەتە پەلەپەل بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشی هاککەران، رۆژی پێنجشەممە ماڵپەڕەکانیان داخست، ئەوەش دوای ئەوەی ژیریی دەستکرد توانی کەلێنێکی ئەمنیی زۆر مەترسیدار لە زمانێکی بەرفراوانی پرۆگرامسازیدا بە ناوی (PHP) بدۆزێتەوە.
بە گوێرەی مەزەندەی کۆمپانیای (Wiz) کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی ئاسایشی سایبەری و لەو کۆمپانیایانە بووە کە کەلێنەکەی دۆزیوەتەوە، کارکردنی نزیکەی 70%ـی ماڵپەڕەکانی جیهان پشت بە کۆدی PHP دەبەستێت، لە فرۆشگە ئۆنلاینەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە تاوەکو بگرە تاوەکو دەگاتە فەرمانگە و وەزارەتەکان.
ویز دەڵێت، ئەم درزە ئەلیکترۆنییە "یەکێکە لە مەترسیدارترین لاوازییەکان کە تاوەکو ئێستا لە PHP و بە ئەگەری زۆرەوە لە مێژووی سۆفتوێردا دۆزرابێتەوە".
پرۆگرامسازانی PHP رۆژی چوارشەممە چارەسەرێکیان بڵاوکردەوە و ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش (NSA) داوای لە رێکخراوەکان کرد دەستبەجێ ماڵپەڕەکانیان پاکبکەنەوە یان سیستمە لاوازەکان لە کار بخەن. تەنیا ئەو ماڵپەڕانە دەكەونە ژێر مەترسییەوە کە PHP لەسەر سێرڤەری تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن.
رەحات مەسعود، مامۆستای باڵا لە ئاسایشی سایبەری لە زانکۆی نیوو ساوس وەیلز لە سیدنی، دۆزینەوەکەی بە "یەکجار کارەساتبار" ناو برد. مەسعود گوتی، دەکرێت ئەمە رێگە بە هاککەران بدات "بەبێ هیچ مۆڵەتێک، بەبێ ناو و وشەی تێپەڕ بچنە نێو سێرڤەرەکانەوە" و هەرچییان بوێت بیکەن، لە دزینی زانیاریی هەستیارەوە تاوەکو دەگاتە دەستکاریکردنی نێوەڕۆکی ماڵپەڕەکان، داواشی لە دامەزراوەکان کرد کە ئەم بابەتە "بە جیدی وەربگرن."
رۆڵی ژیریی دەستکرد لە دۆزینەوەی کەلێنەکاندا
مۆدێلە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد ئێستا دەتوانن خاڵە لاوازەکانی نێو کۆدی کۆمپیوتەرەکان بدۆزنەوە کە بۆ چەندین دەیە لە چاوی مرۆڤ شاراوە بوون.
ئەمەش ترسی لەبارەی مەترسییەکانی ئاسایشی سایبەری زیادکردووە، بە جۆرێک ژمارەی ئەو کەلێنە ئەلیکترۆنیانەی لە جیهاندا لە ساڵی 2026ـدا دۆزراونەتەوە، خەریکە دوو هێندەی کۆی ریکۆردی ساڵی رابردوو دەبن.
لەو وڵاتانەی کە ماڵپەڕەکانیان رووبەڕووی داخستن بوونەوە بریتین لە:
•ماڵپەڕە حکومییەکانی ئوسترالیا تاوەکو هۆڵەندا.
•کۆمپانیاکانی بیمە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دەزگاکانی راگەیاندن کە کەوتوونەتە ژێر چاککردنەوەی بەپەلەوە.
•سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن هۆشداریی داوە کە بازرگانان "بەوپەڕی پەلەوە" کار بۆ پاراستنی خۆیان بکەن و حکومەتی کۆریای باشووریش فەرمانی بە بەشەکانی تەکنەلۆجیای رێکخراوەکان کردووە کە نەرمەکاڵاکانیان نوێ بکەنەوە.
کۆمپانیای کالیف (Calif) کە کۆمپانیایەکی ئاسایشی سایبەرییە، لە مانگی ئابدا لە رێگەی بەکارهێنانی مۆدێلی GPT-5.6 Solـی سەر بە OpenAIـەوە ئەم کەلێنەی دۆزیوەتەوە. کۆمپانیای OpenAI لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند کە ئەوان ئەم کەلێنەیان بە "یەکێک لە کاریگەرترین لاوازییەکان لە مێژووی ئەم سەردەمەدا" دادەنرێت و دۆزینەوەکەی "قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات کە تێیدا ژیریی دەستکرد دەتوانێت هەڵە ئەمنییەکان لە ئاستی ئینتەرنێتدا بدۆزێتەوە."
هەروەها کۆمپانیای (Wiz)ـیش، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ گووگڵ دەگەڕێتەوە، رایگەیاند، چەند هەفتەیەک دواتر بە هاوکاریی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد لەوانەش مۆدێلی Gemini 4 Argon و GPT-5.6 Sol، ئەم کەلێنەیان بە سەربەخۆیی دۆزیوەتەوە.
کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان
ئیسان مۆلیک، مامۆستا لە زانکۆی پێنسیلڤانیا کە لێکۆڵینەوە لە ژیریی دەستکرد دەکات، رایگەیاند ئەو کۆمپانیایانەی لەگەڵیاندا قسە دەکات لە جێبەجێکردنی خێرای ئەو پاچە ئەمنییانە (Patches) دەناڵێنن کە بۆ خۆپاراستن لە هێرشە سایبەرییەکانی ژیریی دەستکرد پێویستن. مۆلیک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئێستا بەکاربەران تووشی هەمان ئەزموون دەبن لەوەی کە هەموو شتێک دەبێت زوو زوو نوێ بکرێتەوە."
وردەکاریی ئەم کەلێنە ئەمنییانە رۆژی سێشەممە، یەک رۆژ پێش بڵاوکردنەوەی فەرمیی چارەسەرەکە، لە ئینتەرنێتدا دزەیان پێکرا، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکان بە پەلە ماڵپەڕەکانیان لە کار بخەن پێش ئەوەی هاککەران دەستیان پێبگات.
لە فەرەنسا، ماڵپەڕە حکومییەکان، لەوانەش ماڵپەڕی پۆلیسی پاریس، بە داوای دەسەڵاتی ئاسایشی سایبەریی فەرەنسا و بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ لە کار خران. ویکیپیدیاش هۆشداریی دا کە بەکارهێنەران رەنگە تووشی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان ببن و بڕیاریدا بە شێوەیەکی کاتی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی رابگرێت تاوەکو بە سەلامەتی پاکدەکرێنەوە. ئەپڵیکەیشنە بەناوبانگەکانیش، وەک سیستمی بەدواداچوونی خەوتنی پۆکیمۆن، بە شێوەیەکی کاتی راگیران تاوەکو چارەسەرەکە جێبەجێ دەکرێت.



