رووداو دیجیتاڵ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکەوتنێکی "مەزن" لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنێت؛ لە بەرامبەریشدا نەتەنیاهوو ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ ترەمپ بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان تاوەکو "کارەکەیان" لە دژی ئێران تەواو دەکەن. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردەوە، کە تێیدا مۆبایلەکەی خستووەتە سەر بڵندگۆ (سپیکەر) و هەردوو سەرکردەکە ستایشی هەڵوێستەکانی یەکدی دەکەن. لە پەیوەندییەکەدا، دەنگی دۆناڵد ترەمپ دەبیسترێت کە پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکەی 27ـی تشرینی یەکەم دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: "لە راستیدا، لەو بڕوایەدام سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن بەدەستدەهێنیت؛ بیبی، تۆ ئەو پیاوەیت کە دەمەوێت لە تەنیشتم بیت." لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی رۆڵی سەرۆکی ئەمریکای کرد لە هێرشەکانی پێشووی سەر ئێران و هێمای بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی هاوبەش کرد. نەتەنیاهوو بە ترەمپی گوت: "دۆناڵد، ئێمە کارێکمان هەیە کە دەبێت تەواوی بکەین؛ پێکەوە تەواوی دەکەین، ئێمە تەواوی دەکەین و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەوە بکات." هەرچەندە نەتەنیاهوو لە پەیوەندییەکەدا روونی نەکردەوە مەبەستی لە کام ئۆپەراسیۆن و هەنگاوە، بەڵام هاوشێوەی گوتارەکانی پێشووی، جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "گەورەترین مەترسی" دەمێنێتەوە.