رووداو دیجیتاڵ لە پانێڵێکی تایبەتدا لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن، هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرایەڕوو و پسپۆڕان داوایان کرد کە ئەمریکا بایەخی زیاتر بەو ئەزموونە بدات و پشتیوانییەکانی بۆ بەهێزتر بکات. لە کۆبوونەوەکەدا، کە لەلایەن دەستپێشخەریی ئاشتیی جیهانیی کوردییەوە ڕێکخرابوو، پانێڵستەکان بەراوردی دۆخی هەرێمی کوردستانیان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ کرد. جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ئەمریکا و رۆژئاوا بایەخێکی ستراتیژیی زیاتر بە هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە کوردستان تەنیا هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا نییە، بەڵکو پەناگەیەکی ئارامیشە بۆ پەنابەران، ئاوارەکان و پێکهاتە جیاوازەکان. نەدین مەیێنزا، بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پانێڵەکەدا ڕایگەیاند، "ئەمریکا هێشتا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا بگێڕێت. ئەوان هەمیشە رووبەڕووی هەڕەشەی زۆر دەبنەوە و دراوسێی سەختیان هەیە. پێموایە زۆر باش دەبێت ئەگەر ئەمریکا سیستمی بەرگری لە دژی هێرشەکانی ئێران دابین بکات و لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیدا بەردەوامبێت." پانێڵەکە ژمارەیەک قوتابی، مامۆستای زانکۆ و میوانی دیکەی لەخۆگرتبوو. بەشداربووان گرنگیی ئەم جۆرە گفتوگۆیانەیان بۆ ناساندنی زیاتری پرسی کورد و ئەزموونی پێکەوەژیان لە کوردستان دووپاتکردەوە. کاریس کامبێرا، یەکێک لە بەشداربووان، گوتی: "پێموایە کۆنفرانسەکە زۆر باش بوو، تیشکی خستە سەر هەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی هاوکاریکردنی ناوچەکە. کەسانی زۆر باشی پێکەوە کۆکردەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و قووڵکردنەوەی گفتوگۆکان. هیوادارم بتوانین هەنگاوی باشبنێین و خۆشبەختی بۆ کوردستان بهێنین." فلینت ئارسەر، بەشداربوویەکی دیکە، تێڕوانینی خۆی خستەڕوو و گوتی: "ئەوەی من لەم کۆنفرانسە تێیگەیشتم ئەوەیە کە هێشتا ناڕوونییەکی زۆر لەنێو حکومەتی ئەمریکا و دامەزراوەکانیدا هەیە سەبارەت بە تێڕوانینی ئێستا و داهاتووی بۆ کورد و کوردستان. ئەمریکا هەوڵدەدات بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە ئەجێنداکەی چییە و تاوەکو چ ئاستێک دۆسیەی کورد لەو ئەجێندایەدا جێگەی دەبێتەوە." دەستپێشخەریی ئاشتیی جیهانیی کوردی ساڵانە لە زانکۆی ئەمریکی و شوێنەکانی دیکەی واشنتن چەندین چالاکیی هاوشێوە ڕێکدەخات، بە ئامانجی بایەخدانی زیاتر بە پرسی کورد و ناساندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان.
جیهان15-10-2026باکۆ هۆشداری دەداتە ئەنقەرە: 'یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت' بە واتای دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆمان نییە
جیهان15-10-2026ئوستراڵیا لێکۆڵینەوە لە دۆزینەوەی کامێرایەک لە سەرشۆری ژنان لە نێو کەشتییەکی سەربازییدا دەکات