رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین، فڕاندن و فرۆشتنی درۆنی لە بەیژینگی پایتەخت قەدەخە کرد و تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ مۆڵەتی داوەتە خاوەنەکانیان کە یان لە شارەکە بیبەنە دەرەوە، یانیش بە 30%ی نرخەکەی بە حکومەتی بفرۆشنەوە. بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە فڕۆکەیەکی بچووک خۆی بە یەکێک لە تاوەرەکانی شارەکەدا کێشا.
بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر فرۆشیاران و بەکارهێنەرانی درۆن داناوە. لی جیا شین، پسپۆڕی فرۆشتن لە کۆمپانیای شاومی دەڵێت، "یاساکان فرۆشتنی درۆنیان قەدەغە کردووە، چونکە بەیجینگ بنکەی سەربازیی زۆری لێیە و بابەتەکە رەهەندێکی ئەمنیی هەیە".
هەروەها بڕیارەکە رێگری لە فڕینی ئەو درۆنانەش کردووە کە پێشتر بۆ کاری بازرگانی و وێنەگرتنی ریکلام بەکاردەهاتن.
لیو هاو مو، ئۆپەرەیتەرێکی درۆنە و دەڵێت، "من پیشەگەرم لە فڕاندنی درۆن بۆ وێنەگرتن. پێشتر بە مۆڵەت زۆر ریکلامی تەلەڤیزیۆنیم تۆمار کردووە، بەڵام ئێستا بەتەواوی قەدەخەیە. ناچار بووین کەرەستە و درۆنەکانمان ببەینە شارێکی دیکە، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە".
گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی درۆن و کامێرا لە جیهان دا، (DJI)، پابەندی بڕیارەکەی حکومەتی چین بووە و لە لقەکانی خۆی لە بەیجینگ، فرۆشتنی درۆنی راگرتووە.
قەدەخەکردنی درۆن وایکردووە سینەماکاران و دەرهێنەران بۆ گرتنی دیمەنی ئاسمانیی پایتەخت، پەنا بۆ تەکنەلۆژیای جێگرەوە ببەن.
بای شیان، دەرهێنەرێکی سینەماییە و دەڵێ، "وەک دەرهێنەرێک، پاڵپشتیی بڕیارەکەی حکومەت دەکەم، چونکە دەزانم هۆکارەکانی سەلامەتی لەبەرچاو گرتووە. بێگومان کاریگەری لەسەر کارەکەمان دەبێت، بەڵام دەتوانین تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) بۆ دروستکردنی دیمەنە ئاسمانییەکان بەکاربهێنین".
بەم بڕیارە، حکومەتی چین ئاسایشی پایتەختی خستووەتە پێش پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئاسمانی شارەکەی لە فڕینی درۆنەکان چۆڵ کردووە.


